پارتی لە سلێمانییەوە ناڕووخێندرێت

رێبوار كه‌ریم وه‌لی

(1)
لە ئاستانەی خۆپێشاندان لە سلێمانی (كە بانگەشەی ئەوە دەكرێت سەرتاسەری بێت)، چوار حیزب و نیوەكەی كوردستان (گۆڕان، یەكگرتوو، كۆمەڵ و یەكێتیش بە هەردوو باڵەكەیەوە)، راگەیەندراوێكی هاوبەشیان بڵاوكردۆتەوە، كە دەلالەتە لە ترسی ئەو حیزبانە لە ئەگەری خۆپێشاندان و، هاوكاتیش سەرباری ئەوەی كە دەیانەوێ خۆیان لە هەر رووداوێكی نەخوازراو بێبەری بكەن، مەبەستیشیانە ئاگرە سوورەكە لەخۆیان دوور بێت. ئەوە لەلایەك و لەلایەكی دیكەوە ئەم كارتە چەند جارێكی دیكەش تاقیكراوەتەوە، بەڵام ئەمجارە مەبەست لێی ئەوەیە كە وەكچۆن هەوڵی دوورخستنەوە و دەركردنی پارتی لە بەغدا بە رێگەی پەرلەمانی هەنگاو بە هەنگاو دەچێتە پێش، ئاواش پارتی لە قۆناغی یەكەمدا لە دەڤەری سەوز و نیلی دوور بخرێتەوە و، لە هەنگاوی دوای ئەویشدا، پێكهاتەی ئیداری و سیاسیی كەركووكیش بەبێ پارتی رێكبخرێتەوە.

ئەمە تیۆریی موئامەرە نییە. بگرە هەوڵدانێكی ئاشكرای میدیا و حیزبەكانی سلێمانییە، كە زۆر بێباكانە بەشێكن لە هەموو ئەو سیستمەی كە ئێستا حوكمڕانیی كوردستان دەكات و، جەماوەری ناوچەكیش بۆ ئامانجی سیاسیی خۆی دەكاتە قەڵغان. لەوەشدا، هەم قەیرانە ناوخۆییەكانی خۆیانی پێ دەشارنەوە، هەمیش وا پیشاندەدەن كە لەخەمی خەڵكدان! بۆیە هەموو هەوڵێكیان ئەوەیە كە نەوەك جڵەوی خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییەكانیان لەدەست دەربچێت و وەك شمشێری دوودەمی لێبێت.

پارتی ئامانجی سەرەكی دەبێت و مەعنای نییە لەو دەڤەرە خۆپێشاندان بكرێت و، بارەگایەكی پارتیش وەك “سیمبۆلی هەموو خەراپەكارییەكان!” پەلامارنەدرێت! بەڵام زرووفی ئێستا زۆر جیاوازترە لە سەردەمی 17ی شوبات و ناردنی تاكێك لە خانەوادەی بارزانی بۆ نوێنەرایەتیی سیاسی و رێكخستنی پارتی لە سلێمانی، پیشانیدەدات ئەمجارە ئەگەر هەر پەلامارێك رووبدات، وەڵامی پارتی بە جۆرێكی دیكە دەبێت.

حیزبەكانی سلێمانی چەندجارێك شكستیان خواردووە. جارێكیان لەو ئیدارەیەی ئێستا لەسەر ئاستی ناوچەیی بەڕێوەیدەبەن و جارێكیشان لە خیتابی سیاسی، نوێنەرایەتیی دیپلۆماسی و یەكگرتوویی نێو ماڵەكانی خۆیان. بۆیە چارەسەری ئەوانە پەلاماردانی پارتی و خۆجیاكردنەوە نییە. سلێمانی پاژنەی ئاشیلی پارتی نییە تا لەوێوە هەوڵی رووخاندنی بدەن. ئەگەر قەیرانێكی دارایی هەیە (كە هەیە و قووڵیشە) بۆ بەس لە ناوچەی نفوزی ئەواندا هەیە؟ ئەگەر خۆپێشاندان و ناڕەزایەتی هەیە، بۆ بەس لەلای ئەوان هەیە؟ مادام مامۆستا و فەرمانبەر مووچە وەرناگرن، بۆ ئەندامانی مەكتەب سیاسییەكان و مەكتەبە جۆراوجۆرەكان، لەكاتی خۆیدا موچە وەردەگرن؟

پردەكەی دەمیرتاش
(2)
ئامانجی سەرەكیی هاتنی سەلاحەدین دەمیرتاش و شاندەكەی هەدەپە، هیچی ئەوە نەبوو كە لە میدیاكان گەزگەز باسی پڕۆژەی لێكنزیككردنەوەی پارتە سیاسییەكانی باشوریان دەكرد و، گوایە دەیانەوێ ببنە پردێك بۆ چارەسەری قەیرانی سیاسیی ئێستای کوردستانی باشوور. رێك پێچەوانەكەی ئەوە راستە كە ئەوان لە بنەڕەتدا بۆ دیتنی بارزانی هاتبوونە كوردستان. ئامانجیش لە دیتنی بارزانی دوو شت بوو، یەكەمیان ئەوە بوو كە بارزانی ئێستا لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و ناوچەیی تاكە نوێنەر و سەركردەی كوردە لە هەموو دنیادا كە حیسابی بۆ دەكرێت و ترافیكی دیپلۆماسیی هەفتەی رابردوو سەلماندی بارزانی خاوەن بڕیارە بۆ ئێستا و داهاتووش. دووەمیان ئەوەبوو كە بارزانی وەكو هەمیشە ببێتەوە پردێك بۆ دەستپێكردنەوەی دانوستانەكانی ئاشتی لەنێوان دەوڵەتی توركیا و كورد. چونكە لە جەژندا دەركەوت كە بەداخەوە كەس حیسابی بۆ پەیامەكەی ئۆجەلان نەكرد و تەنانەت میدیای توركیا هەر باسیشیان نەكرد!

ئینجا هەدەپە، كە لەسایەی شەڕی بەوەكالەتی سیاسییان بۆ توركە سپییەكانی توركیا و، پەكەكە لەسایەی شەڕی بەوەكالەتیان بۆ وڵاتانی ئیقلیمی، لە كایەی سیاسیی توركیا و ناوچەكەدا رۆڵیان لاواز بووە. ویستیان پیشانی رای گشتیی توركیای بدەن كە رایەڵەیەكی نەتەوەیی قووڵیان لەگەڵ باشووردا هەیە. ئەگەرچی میدیای توركیا تەنها باسی ئەوەیانكرد كە دەمیرتاش چاوی بە بارزانی كەوتووە و وەسسەلام! بەڵام راستییەكەی دیتنی ئەو هەموو حزب و كەسایەتییە بۆ پەردەپۆشكردنی ئەوەبوو كە نەڵێن چوونەتەوە بەر دەرگای بارزانی.

هەدەپە و ئۆجەلان هەردووكیان و لەپاڵ ئەوانیشدا گەلی كوردستانی باكور، باجی هەڵە و چەوتییەكانی پەكەكە دەدەنەوە كە زۆر بەئاسانی دەیانتوانی وابكەن هاوكێشەكان بەجۆرێكی دیكە بێت. هەدەپە دەیتوانی تەنها بە دەنگی 16 ئەندام پەرلەمان ژێر بە ژێر هاوكاریی ئاكپارتی بكات بۆ گۆڕینی دەستوور و رێگر بێت لەوەی ئاكپارتی پەنا بۆ فاشیستەكان بەرێت. ئەوانەی ئەمڕۆ لە بەغدا بەئاشكرا بۆ نووری مالیكی و حزبی دەعوە دەیكەن. ئەگەر خیانەت بێت با بۆ ئەوانیش بە خیانەت نووسرابا.

زێباری وەك چەكی میلانە
(3)
هۆشیار زێباری لەبەرئەوەی خاڵی بارزانی بوو، لە بەغدا جێگەی نەبۆوە. ئەگەرچی دوای پۆستی وەزارەتی دەرەوەش ئەگەر لەناو پارتی جێگەی بۆ كرابایەوە، رەنگبێ نەچووبایەوە بەغدا. سەرەتا بڕیاربوو بكرێتە جێگری سەرۆك وەزیرانی بەغدا، بەڵام دواتر جێگۆڕكێی پێكرا. ئەمڕۆ زێباری بووەتە قوربانیی سیاسەتەكانی بارزانی لەسەر ئاستی وڵاتی بەناو عێراق و، پارتی دەبێ لەسەر دوو ئاست هەوڵی گەڕاندنەوەی ئیعتیبار بۆ سیمبۆلی سیاسەتی دەرەكیی خۆی و بەغدا بدات. تۆمەتەكان ئاشكران و دەبێ وەكچۆن سەلیم جبوری لە دادگای فیدراڵی سەلماندنی، ئاواش كەیسی زێباری لەو دادگایە یەكلابكاتەوە و پشتی بەرنەدات. دووەمیان بتوانێ سوود لەو توانا گەورە دیپلۆماسییە گەورەیە وەربگرێت و چیتر وەرگێڕەكان نەچنە پێشوازی و نەكرێنە باڵیۆزەكانی كوردستان بۆ پرسی سەربەخۆیی.

Back to top button