هۆگر چه‌تۆ: ته‌نیا له‌ ڕێگه‌ی ئێمه‌وه‌ په‌نجا چاودێری بیانی هاتونه‌ته‌ عێراق

زیاتر لە دە ھەزار چاودێری ناوخۆیی و بیانی چاودێریی ھەڵبژاردنەکانی مانگی داھاتووی عێراق بکەن و ڕێکخەری تۆڕی شەمس بۆ چاودێریی ھەڵبژاردنەکانیش دەڵێ، زۆرترین ھەوڵ دەدەن پڕۆسەکە بەبێ کێشە بەڕێوە بچێت و لە بەرامبەر پێشێلکارییەکانیش بێدەنگ نابن.

ھۆگر چەتو، ڕێکخەری تۆڕی شەمس بۆ چاودێریی ھەڵبژاردنەکان ڕایگەیاند: “تۆڕی شەمس بە ھەماھەنگی لەگەڵ سێ تۆڕی دیکەی عێراق ڕێک کەوتووین لەسەر پێکھێنانی ھاوپەیمانییەک بۆ چاودێریکردنی پڕۆسەی ھەڵبژاردنی عێراق، کە بڕیارە مانگی ئایاری داھاتوو بەڕێوە بچێت، لەو چوارچێوەیەدا بڕیارە ھاوپەیمانییەکە دە ھەزار چاودێر بۆ سەرتاسەری عێراق ئامادە بکات، تا لە ڕۆژی ١٢ی ئایار چاودێریی پڕۆسەی ھەڵبژاردن بکەن و ڕۆڵیان ھەبێت لەسەر چۆنییەتیی پاکبەڕێوەچوونی پڕۆسەکە و تۆمارکردنی پێشێلکارییەکان.”

ڕێکخەری تۆڕی شەمس بۆ چاودێریی ھەڵبژاردنەکان ڕاشیگەیاند:” چاودێرەکانی هه‌لبژاردن تەنیا ناوخۆیی نابن و چاودێری بیانیشییان تێدایە، ئەوەی تا ئێستا ھەماھەنگیمان لەگەڵ کردووە و ئامادە کراون، بڕیارە ٥٠ چاودێری نێودەوڵەتی تەنیا لە ڕێگەی ئێمەوە بێنە عێراق، ئەوە جگە لەوەی لە ڕێگەی دیکەشەوە چاودێری بیانی دێن بۆ چاودێریکردنی پڕۆسەکە.”

هه‌روه‌ها ھۆگر چەتو گۆتیشی: “لە ڕێگەی تیمەکانمانەوە ئێستا دەست بە ڕاھێنان کراوە بۆ چاودێرانی ھەڵبژاردن، چونکە پڕۆسەی ھەڵبژاردنی ئەم جارە جیاوازە و بە سیستەمی زیرەکە، لەبەر ئەوە چاودێرەکان لەسەر چۆنییەتیی پڕۆسەکە ڕاھێنانیان پێ دەکرێت تا بزانن چۆن دەنگدەر کارتەکەی بەکار دێنێت و چۆن دەنگ دەدات و دەرفەتی پێشێلکاری بۆ دەزگەکانی دیکە نەھێڵنەوە.”

Back to top button