ئەوەی لە هەولێر تێبگات، گرەوەکە دەباتەوە

ئاسۆ حاجی

دەڵێن پیرە هەولێر سحرەکی تێدایە، بەڵام بە پێچەوانەی سحرەکەی شاری ڤینسی ئیتالیایە، وەک بایرۆنی شاعیر دەڵێت “ڤینس سحرێکی کوژەکی هەیە” ئەمن زیاتر هەولێرم پێ وە لەندەن دەچێ، هەمان جادو لە ڕاکێشانی خەڵک و هەمان سیفاتی شارستانی لە پێکەوە ژیان، بەشێوەیەک کەس خۆی تێدا بە غەریب نەبینێ، لە هەمووشی گرنگتر ناوەندێکی بڕیارە بە هێمنی هەموو شتێکی تێدا یەکلایی دەکرێتەوە.

دەڵێن خەڵکی هەولێرێ ‘کەمدوە’ واتا زۆربڵێ نین، جگە لەوەی ئادگارێکی شارستانیانەیە ئەوە کەمبێژی و نەرم قسەکردنی بۆ هۆکارە مێژوویەکەشی دەگەڕێتەوە وەک هەموو شارە دێرینەکانی جیهان عەقلانی مامەڵە لەگەڵ شتی نوێ دەکات و کە قبوڵی کردن دەبێتە بەشێک لە کلتور و ژیانی ڕۆژانە و ژیاری شارەکە بە پێچەوانەی ئەو شارانەی مێژوویەکی کەم و نوێیان هەیە کە زوو هەموو شتێکی نوێ وەردەگرن و زووش فەرامۆشیان دەکات.

هەولێر لەو ساڵانەی دوایی لە نێوان سەرزەنشتکردن و پێداهەڵگوتنی سیاسیانە دەژیێ، سەرچاوەی هەردووکیشیان ڕکابەرایەتی لایەنەکانە کە دەرهاوێشتەی لێکترازانێکی مێژوویی سیاسیە و هەرلایە و دەیەوێت هەولێر لە بەرژەوەندی خۆی دەستەمۆ بکات و بەو ئاوازەی ئەوان دەیانەوێ بخوێنێت، هەولێریەکان وەک هەمیشە بە نەرمی و دوور لە دەنگ هەڵبڕینێکی لادێیانە(دەشتەکیانە) لەخۆبنیاتنان بەردەوامن، بنیاتنان بە هەردوو ڕوویەوە لە دروستبوونی باڵەخانە و فراوان بوونی جادە هەروەها بنیاتنانی مرۆڤەکان بەو شێوەیەی هەردوکیان تەواوکەری یەکتربن نەک کە باڵەخانەکان بەرزبوونەوە، مرۆڤەکان بچووک دیاربن.

هەولێر تاکە شارە کە توانیویەتی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن وێکڕا و بەڕێزەوە لە باوش بگرێت، نە بێدەنگیەکەی بخاتە خزمەتی دەسەڵات بۆ پەرواێزخستنی ئۆپۆزسیۆن و نە ڕەتکردنەوەی ناعەدالەتی و داواکردنی ژیان و گوزەرانێکی باشتری داوەتە دەست ئۆپۆزسیۆن کە لە دژی دەسەڵات و بۆ هەندێک دەسکەوتی سیاسی و کاتی بەرتەنگ بەکاربهێنێت.

سیفەتی هەولێر ئەوەیە دەرفەت بە هەمووان دەدا نە کەس لەسەر خۆی تاپۆ دەکات و نە زەواجێکی کاسۆلیکیانەش لەگەڵ کەس دەکا، بۆیەشە لە هەڵبژاردنەکان تەنها هەولێرە دەنگەکانی لە هەڵکشان و داکشاندایە و تەنها ئەویشە لایەنە سیاسیەکان لێیدەترسێن، چونکە سەنگی سەرکەوتن و بنکەوتنە.
حزبەکان زیاتر ئاشقی بێدەنگیەکە و لەسەرخۆ قسەکردنەکەی هەولێرن، بەبێ ئەوەی هەوڵبدەن کۆدەکانی ئەو بێدەنگیە بخوێنەوە، بەبێ ئەوەی لەوە تێبگەن ئەو بێدەنگیە زۆر لەو هاتووهاوارکردنە کاریگەرترە کە زادەی کلتورێکی پەرچەکرداریە نەک کردار، ئەو بێدەنگیەیە ئەو سیاسیانەی لاتەریک کردووە کە ڕۆژێک بیڕیزیان بە هەولێر کردووە و جێگای پێیەکیشیان بۆ نەهێشتۆتەوە، بۆئەوەی دەنگ هەڵبڕنەوە ئەگەر بۆ داوای لێبوردنیش بێت، هەولێر کە پشتی لە کەسەک کرد ئەوە مانای کۆتایی ئەو کەسەیە، کە باوەشیشی بۆ کەسێک کردەوە وەک ئەوەیە بازی بەخت لەسەر سەری نیشتبێ.

Back to top button