نێچیرڤان بارزانی و باڵیۆزی رووسیا بزانه‌ باسی چیان كردووه‌

لە دیداریدا لەگەڵ باڵیۆزی رووسیا و شاندی یاوەری، سەرۆکوەزیرانی کوردستان ئاماده‌ییی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی بۆ به‌ره‌وپێشبردنی په‌یوه‌ندییه‌كان له‌ هه‌موو بواره‌كاندا ده‌ربڕی به‌تایبه‌تی له‌ بواری ئابووریدا، هه‌موو ئاسانكاریه‌كیشی بۆ سه‌رمایه‌دارانی ڕووسی نیشان دا تاكو وه‌به‌رهێنان له‌ هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن.

پاشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 10/4/2018 نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازی له‌ مه‌‌كسیم مه‌‌كسیمۆڤ، باڵیۆزی ڕووسیا له‌ عێراق و شاندێكی یاوه‌ری كرد كه‌ له‌ ڤیكتۆر سیماكۆڤ كونسووڵی گشتیی ڕووسیا له‌ هه‌ولێر، مه‌ند ئه‌ندرێ سیلین ڕاوێژكاری باڵیۆزخانه‌ی ڕووسیا، سێرگێ پترۆڤ سه‌رۆكی كۆمپانیای گازپرۆم نه‌فت له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و ئۆلیگ بلیگن به‌ڕێوه‌به‌ری نووسینگه‌ی هه‌ولێری گازپرۆم پێكهاتبوو.

له‌ دیدارێكدا سه‌ره‌تا شاندی میوان پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشیی خۆیان و حكوومه‌تی ڕووسیایان به‌ به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان ڕاگه‌یاند بۆ كۆچی دواییی خوالێخۆشبوو دلۆڤان ئیدریس بارزانی ـی برایان. دواتر باسیان له‌ په‌یوه‌ندییه‌ دووقۆڵییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و مۆسكۆ كرد و ئاماده‌ییی خۆیان بۆ بره‌ودانى زیاتر به‌ په‌یوه‌ندییه‌كان له‌ هه‌موو بواره‌كاندا نیشان دا، ده‌ستخۆشیشیان له‌ پێشوه‌چوونی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا كرد.

لای خۆیه‌وه‌ سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان بۆ ئه‌م سه‌ردانه‌ و پێشكه‌شكردنی پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشی، سوپاسی شاندی میوان كرد و ئاماژه‌ی به‌وه‌ دا كه‌ حكوومه‌ت و خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان گرنگییه‌كی زۆر به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانیان له‌گه‌ڵ ڕووسیا ده‌ده‌ن و ئاماده‌ییی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی بۆ به‌ره‌وپێشبردنی په‌یوه‌ندییه‌كان له‌ هه‌موو بواره‌كاندا ده‌ربڕی به‌تایبه‌تی له‌ بواری ئابووریدا، هه‌موو ئاسانكاریه‌كیشی بۆ سه‌رمایه‌دارانی ڕووسی نیشان دا تاكو وه‌به‌رهێنان له‌ هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن.
تاوتوێكردنی بارودۆخی ناوچه‌كه‌ به‌گشتی و چه‌ند بابه‌تێكی په‌یوه‌ندیدار به‌ ڕه‌وشی عێراقه‌وه‌، لایه‌نێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌ بوو.

Back to top button