راپۆرتێكی هیومان رایتس ۆچ خه‌لكی عه‌فرین رووبه‌ڕووی نه‌هامه‌تی گه‌وره‌ بوونه‌ته‌وه‌

هێزەكانی سوریا ڕێگەنادەن ئاوارەكانی عەفرین‌و دەوروبەری، بچنە ناوچە ئارامەكانی ژێر دەسەڵاتی حكومەت‌و داوای پارەیان لێدەكات، ئەوەش خەڵكەكەی ڕوبەڕوی مەترسی كردووەتەوەو نان‌و ئاو و پێداویستی پزیشكییان نییە.

هیومان ڕایتس ۆوچ كە ڕێكخراوێكی نێودەوڵەتییەو چاودێری ڕەوشی مافەكانی مرۆڤ دەكات لە سەرانسەری دونیا، راپۆرتیكی ده‌رباره‌ی ره‌وشی عه‌فرین و خراپی دۆخی ئاواره‌كانو پێشێلكاریی‌و تاڵانكاریی توركیاو گروپە چەكدارەكانی سەربەو وڵاتە بڵاوكردەوە.

هیومان ڕایتس ۆوچ خراپی ڕەوشی مەدەنییەكانی عەفرین دەخاتەڕوو كە بێ خواردن‌و ئاوی پاك‌و پێداویستی پزیشكین، داواشدەكات حكومەتی سوریا هاوكارییان بكات‌و ئازادیی هاتووچۆیان بۆ فەراهەم بكات.

هیومان رایتس ۆچ ئەوەش پشتڕاست دەكاتەوە كە توركیاو گروپە چەكدارەكانی سەربەو وڵاتە، عەفرین‌و گوندەكانی دەوروبەری وێران دەكەن‌و ماڵەكان تاڵان دەكەن، داواشدەكات ئەو هێزانە تاڵانیی بوەستێنن‌و ئەوكەسانەی ئەو كارەیان كردووە ڕوبەڕوی لێپرسینەوە بكرێنەوە.

بەپێی ئامارەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان، بەهۆی شەڕی عەفرینەوە 137 هەزار كەس 137 ئاوارە بوون‌و لە نێوان 50 بۆ 70 هەزار كەس لە شارەكەدا ماون.

18ی مانگی ڕابردوو، سوپای توركیاو گروپە چەكدارە توندڕەوەكانی سەربەو وڵاتە كە لەناویاندا گروپه‌ توندئاژۆكان، چوونە ناو عەفرین، ئەوەش دوای بۆردومانێكی چڕی ئاسمانیی‌و زەمینیی بۆ ماوەی 2 مانگ.

لەگەڵ چوونەناو عەفرین، چەكدارە جیهادییەكان كە توركیا پشتیوانییان دەكات دەستیانكرد بە دزیی‌و تاڵانكردنی ماڵ‌و دوكانەكانی شارەكە، ئەوەش بووە جێی بایەخی ڕاگەیاندنەكانی جیهان، ئاوارەكان دزیی‌و تاڵانییەكانیان بۆ هیومان ڕایتس ۆوچ پشتڕاست كردووەتەوە.

Back to top button