سه‌رۆك بارزانی جارێكی تر ئاماده‌یه‌ی خۆی بۆ چاره‌سه‌ری ئاشتیانه‌ی كێشه‌ی كورد له‌ توركیا راگه‌یاند

ماڵپه‌ری تایبه‌تی سه‌رۆك بارزانی بڵاوی كرده‌وه‌ ئه‌مرۆ له‌میانی پێشوازی كردنی له‌ سه‌رۆكی پارتی سۆسیالیستی كوردستان (مه‌سعود تاك) رایگه‌یاند”ئامادەیی خۆی پیشاندا بۆ یارمەتیدانی چارەسەری ئاشتیانەی دۆزی كورد و خەباتی سیاسیی گەلی كورد لە باكوورى كوردستان”.

پاش سه‌ردانی وه‌ڤده‌ جیاوازه‌كانی باكوری كوردستان بۆ لای سه‌رۆك بارزانی، له‌باره‌ی چاره‌سه‌ری كێشه‌ی كورد به‌شێوه‌یه‌كی ئاشتیانه‌ له‌ باكوری كوردستان، سه‌رۆك بارزانی ئه‌مرۆ له‌میانی پێشوازی كردنی مه‌سعود تاك و شاندی یاوه‌ری رایگه‌یاند كه‌ ئه‌و ئاماده‌یه‌ بۆ هه‌ر هاوكاریه‌ك بۆ ده‌ست پێكردنه‌وه‌ی پرۆسه‌ی ئاشتی له‌ توركیا، ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌ كه‌ دواى لێكه‌وته‌كانى خيانه‌تى شازده‌ى ئۆكتۆبه‌ر له‌ كه‌ركووك و هێرشى توركيا بۆ سه‌ر عه‌فرين و ده‌ستپێكردنه‌وه‌ى شه‌ڕ له‌ باكوورى كوردستان، هه‌ڵوێسته‌كه‌ى سه‌رۆك بارزانى به‌ يه‌كه‌م هه‌ڵوێستى له‌و جۆره‌ بۆ هێنانه‌دى ئاشتى و چاره‌سه‌رى سياسى له‌ باكوورى كوردستان هه‌ژمار ده‌كرێت”.

سايتى تایبه‌تی سه‌رۆك بارزانى، له‌ باره‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌وه‌ بڵاويكردووه‌ته‌وه‌، “له‌ دیداره‌كه‌دا سه‌رۆكی پارتی سۆسیالیستی كوردستان سه‌ره‌خۆشی و هاوخه‌می خۆی به‌ سه‌رۆك بارزانی راگه‌یاند به ‌بۆنه‌ی كۆچی دوایی خوالێخۆشبوو دلۆڤان ئیدریس بارزانی، له‌میانی ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ش سه‌رۆك بارزانی یه‌كه‌م هه‌ڵوێستی خۆی راگه‌یاند”.

هه‌ر له‌ هه‌واڵه‌كه‌ی ماڵپه‌ری فه‌ره‌می سه‌ركۆ بارزانی دا هاتووه‌”له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا سه‌رۆكی پارتی سۆسیالیستی كوردستان رۆشنایی خستەسەر بارودۆخی سیاسی توركیا و رەوشی كورد و لایه‌نه‌ سیاسییە كوردییەكانی توركیا و ئاماژه‌ی به‌ ئەو تەحەددیات و كۆسپ و ته‌گه‌ره‌كانە دا كە لەم دواییەدا لە ژیانی سیاسیی گه‌لی كورد له‌ توركیا هاتوونەتە كایەوە و هەروەها باسیشی لە پڕۆسه‌ی سیاسی و هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتووی توركیای كرد،هه‌روه‌ها سه‌باره‌ت به‌ وته‌كانى سه‌رۆك بارزانى، ماڵپه‌ری ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌ كردووه‌، “لای خۆیەوە سه‌رۆك بارزانی ئاماژه‌ی به‌ دۆخی هەرێمی كوردستان و رووداوكانی دوای ریفراندۆم كرد و نیگه‌رانی خۆی له‌باره‌ی داهاتوو و ره‌وشی گەلی كورد لە سووریا دەربڕی”.

ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕوو، كه‌ سه‌رۆك بارزانى، له‌باره‌ی بارودۆخی لایەنە سیاسییە كوردەكانی توركیا، “سه‌رۆك بارزانی ئامۆژگاری پێویستی خسته‌ڕوو و ئامادەیی خۆیشی پیشاندا بۆ یارمەتیدانی چارەسەری ئاشتیانەی دۆزی كورد و خەباتی سیاسیی گەلی كورد لە باكوور”.

 

 

 

Back to top button