هەوڵێك هەیە بۆ تەواو كردنی گوندی كۆڕی لەهەولێر بزانە هەوڵەكە چیە.

خواكوڕك
 
سودمه‌ندبوانی‌ پرۆژه‌ی‌ گوندی‌ كۆری‌ ماوەی دووساڵە قیستی‌ یه‌كه‌كانیان داوه‌ به‌لایه‌نی‌ په‌یوه‌ندیدار‌، به‌ڵام تا ئێستا هیچ وه‌ڵامێكیان نه‌دراوه‌ته‌وه‌و خانوەكان تەواو نەكراوەو هەوڵی ئەوەش هەیە پارەی زیاتر لە سوودمەندەكان وەربگیرێت تا  خانوەكانیان پێ تەواو بكرێت .
 
لە ئێستادا لە كۆی 5 هەزار خانووی پڕۆژەی گوندی كۆری بۆ كەمدەرامەتان و كرێچیان ، لە ئێستادا تەنها 1000 خانوو تەواو كراوە كە ئەو ژمارەیەش تەنها 80% تەواوكراوەو كاری تێداماوە .
 
غازی عەلی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر لە لێدوانێكیدا بە ماڵپەری فەرمی یەكگرتووی راگەیاندووە بۆ ئەو پرۆژەیە دەبوو حكومەت لە سندوقی پاڵپشتی نیشتەجێبوون پارەی بدابوایە بەلایەنی جێ بەجێكار تا خانوەكان تەواوبكرێن و ڕادەستی سوودمەندان بكرابونایە ، بەڵام بەبیانووی قەیرانی دارایی ئەو پارەیە نەدراوەو ئەمەش پرۆژەكەی پەك خستووە .
 
ئاماژەی بەوەش كرد: بۆ هەر خانویەك دەبوو حكومەت نزیكەی 20 هەزار دۆلاری بدایە ، بەڵام پارەكە خەرج نەكراوەو ئەمەش كاركردنی لەخانوەكان پەك خستووە .
 
ووتیشی: مانگی ڕابردوو سەردانی مەیدانی ئەو خانوانەیان كردووەو دەركەوتوە تەنها هەزار خانوو بە ڕێژەی تەنها 80% تەواوكراوەو خانوەكانیتر كاری زۆری ماوە .
 
لەبارەی ئەو هەوڵەی كە قسەلەسەر ئەوەدەكرێت پارەیەكیتر لە سوودمەندان وەربگیرێت تا خانوەكانی پێ تەواو بكرێت ، ئەندامەكەی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر ووتی: دەنگۆیەكیتر هەیە لە هەر هاوڵاتیەك بڕێكیتر پارە وەربگیرێت تا خانوەكان تەواو بكرێن ، بەڵام ئەوە هیچ قسەیەكی بۆ ئێستا لەسەر نەكراوە لە ئەنجومەن .
 
لە كۆتاییشدا ووتی: بەشی پێشەوەی ئەو پرۆژەیە لە نەخشەدا سەرەتا شوێنێك بوو بۆ سەوزایی دیاریكرابوو كە دەكەوێتە سەر شەقامی 150 مەتری ، بەڵام تێبینیمان كردووە گۆڕاوە بۆ شوێنی خزمەتگوزاری ، ئەوەش ترسێكە كە لەداهاتوو بازرگانی پێوەبكرێت و خەڵكیتر دەستی بەسەر دادەگرێت .
 
س:كوردیو
Back to top button