مه‌لا به‌ختیار وه‌ڵامی تووندی محموود سه‌نگاوی ده‌داته‌وه‌

ماڵپه‌ری چاودێری سه‌ر به‌ مه‌لا به‌ختیار له‌مه‌ڕ ئه‌و لێدوانه‌ی كه‌ محموود سه‌نگاوی هێرشی كردبووه‌ سه‌ر مه‌لا به‌ختیار، وه‌ڵامی تووندی ده‌داته‌وه‌ ده‌لێ “یەكێتی گوناحی چییە كە تۆ لەشەڕەكاندا قوچانوتە؟ یەكێتی گوناحی چییە كە بێزراوی؟ وا چاكە دەست بە شەبقەكەتەوە بگریت، بای نەفرەت نەیبات. تازە، بەم هەڵمەتانەت بۆ قوڵكردنی كێشەكانی ناو یەكێتی‌و بەرگریت لەتێكدەرانی یەكێتی دادت نادات. دڵنیابە بەهۆی كردەوە ناشەرعییەكانت، سەرەنجام، لەبەردەم دادگا بەبەڵگەوە دەگەیتە سزای عادیلانە. كونیەكەت پڕ بووە لە تاوان‌و تاوانی تاڵانی ناوچە عەرەب نشینەكانی دەوروبەری جەلەولاش، لەسەرت كۆدەكرێتەوە بۆ سزادان. ئەوەی تۆو هاوڕێكانت لە جەلەولاو دەوروبەری كردوتانە.. مایەی شەرمەزارییەكی بێوێنەیە لەوناوچەیەدا..

هه‌ر له‌ نووسینه‌كه‌ی ماڵپه‌ری چاودێر هاتووه‌”ئەگەر كەیسی خۆت لە (سوید) چاك كردۆتەوە، كە لێكۆڵینەوەی پۆلیست لەسەرە، بڕۆ ئەو شوقانەی لەوێ‌ كڕیوتن‌و باقی تەمەنت بەرە سەر.. با مناڵەكانیشت بەخۆتەوە توش نەبن!!

 

دەقی نووسینەكە:
لەم ماوەیە، مەكتەبی سیاسی یەكێتی‌و لیژنەی باڵای هەڵبژاردن، زنجیرەیەك كۆبونەوەیان ئەنجامدا. لە دوو كۆبونەوەدا، بڕیاردراوە، ئەوانەی سەر بە لیستەكەی د.بەرهەمن (هاوپەیمانی) لەریزی یەكێتی دەربكرێن‌و موڵكی یەكێتیشیان لێوەربگیرێتەوە. تەنانەت مەكتەبی رێكخستنی یەكێتی، كتابی رەسمی بۆ مەڵبەندەكان لەمبارەوە دەركردووەو هێزەكانی پێشمەرگەو دەزگا داراییەكانیشی ئاگاداركردۆتەوە، كە موچەی یەكێتیشیان پێنەدرێ‌. لەدوای هەردوو كۆبونەوەكە، وتەبێژی رەسمی یەكێتی جەختی لەسەر ئەو بڕیارانە كردۆتەوە. لەدوا كۆبونەوەی (12/4/2018) بەسەرپەرشتی جێگری سكرتێری گشتی‌و ئامادەبونی (مەحمود سەنگاوی) بڕیارەكان پەسەند كراوونەتەوە. تەنانەت زانیومانە لەكۆبونەوەكەدا (مەلا بەختیار) وتویەتی: فەرمون قسەی لێبكەنەوە، ئەوانەی لەگەڵ د.بەرهەمن هەمویان دەردەكرێن؟ یان هەندێكیان؟ كۆبونەوەكە تێكڕا وتویانە هەركەسێك لەگەڵ بەرهەمدا بی، دەردەكرێ‌. هەر مەلا بەختیار پرسیویەتی: ئایا موڵكی یەكێتی لەهەمویان وەردەگیرێتەوە؟ لەبەرهەم‌و چەند كەسێك وەرناگیرێتەوە؟ بڕیارەكە چۆن دەدرێ‌ با رون بێ‌؟ كۆبونەوە تێكڕا جەختی كردۆتەوە كە موڵكی یەكێتی لەهەموو ئەوانە وەردەگیرێتەوە كە لەگەڵ یەكێتی نەماوون.

لەكۆبونەوەكەدا، وتراوە، هەركەسێكی تر، لە هەر پلەوپایەیەكدا بێ‌، دەنگ بۆ لیستەكەی تر كۆبكاتەوە، سزا دەدرێ‌. هەر لەبەر ئەم بڕیارە، ئاڵا تاڵەبانیش دەركراوە، ماوەتەوە پەسەندی سەركردایەتی.

مەلا بەختیار، كورتەیەكی ئەم بڕیارانەی لەگەڵ دەنگی ئەمریكادا، رونكردۆتەوە. زیادی نەوتووەو كەمتریشی رونكردۆتەوە.

ئەمجارەش، مەحمود سەنگاوی، یەكەمین كەس هاتۆتەدەنگ‌و قسەكانی مەلا بەختیاری رەتكردۆتەوەو (خۆی ئاسایی)ش ئەلەق‌و مەلەق دواوە. ئەم زمانە، هیچ قسەیەكمان لەسەری نییەو چاوەڕێ‌ ناكەین، كەسایەتیەكی بێمەعریفەی ئاوها، قسەی جوان لەو دەمەی لێ بێتەدەر، كە لە دۆلار حساب كردندا، دەمی هیلاك بووەو لە هەڕەشەكردن لەنوسەران‌و تێكۆشەراندا دەمی مەحمود هیچی نەگێڕاوەتەوە!! ئەوەی لای ئێمە جێگەی سەنجە، ئەمەی خوارەوەیە:

یەكەم: مەحمود سەنگاوی ئەندامی مەكتەبی سیاسییە، یان سەرۆكی میلیشیا؟ ئەگەر مەكتەبی سیاسییە‌و ئەگەر هێزی یەكێتی دەیپارێزێ؟ چۆن زمانی هەڕەشە بەرامبەر یەكێتی بەكاردێنێ‌‌و دەڵێ‌: كەس ناتوانێ‌ من سزا بدات‌و كەس ناتوانێ‌ لێكۆڵینەوە لەگەڵ مندا بكات؟

دووەم: مەحمود سەنگاوی، ئەگەر یەكێتییە‌و مەكتەبی سیاسیشە، چۆن بڕیارەكانی جێبەجێ نەكات‌و بەرگری لە رەوتەكەی بەرهەم دەكات‌و لەكۆبونەوە بڕیار قبوڵ دەكات‌و لەدەرەوەی كۆبونەوەش، پێچەوانەكەی دەكات؟

سێهەم: ئەگەر مەحمود سەنگاوی یەكێتییەو د.بەرهەم لەیەكێتی جیابۆتەوەو رۆژانە هێرش دەكاتە سەر یەكێتی، ئەی بۆ تەنها جارێك، لەم هەموو وتارانەی كە مناڵەكانیشی نازانن چی دەڵێ‌، بۆچی تەنها جارێك رەخنەی لە د.بەرهەم‌و لادانەكەی نەگرتووە؟

لەراستییا..
ئەسڵی كێشەكە لەوەدایە، كە مەحمودو ئەوانەی وەكو ئەو هەڵوێستیان هەیە، لەگەڵ ئیمامی عەلی نوێژدەكەن‌و لەگەڵ مەعاویەش نان دەخۆن. راستیەكەی، بەڵێ‌:

بەرهەم، نەخشەكەی وایە، یەكێتی لەناوخۆیدا سەرقاڵی كێشەی لاوەكی‌و شەڕە قسەڵۆك بكات، هەتا دڵسۆزانی یەكێتی ساردببنەوە. خۆیشی لەدەرەوەی یەكێتی سەرگەرمی كۆكردنەوەی دەنگە، بەڵكو بتوانێ‌ زیاتر لە یەكێتی دەنگ بهێنێ‌‌و ئەوكاتە، لەگەڵ هاوپێناوەكانی لەناو یەكێتیدا بەڕە لەژَر قاچی پارێزەرانی یەكێتی راكێشێ‌. ئەمە جەوهەری كێشەكەیە، كە مەحمود سەنگاویش، لەبەرئەوەی، لەهەموو بارێكەوە نەفرەتلێكراوی ناو دڵسۆزانی یەكێتی‌و رای گشتییە، ئومێدی هەیە دوای بردنەوەی د.بەرهەم، پۆستێكی لەوەزارەتی پێشمەرگەو ناوخۆدا پێ‌بدرێ‌‌و دەربازی بێ‌، لەم هەموو شەرمەزارییەی تێیكەوتووە.

لەكۆتاییشدا.. ئەوەی مایەی سەرسوڕمانە ئەوەیە كە:
ئەم كاكە مەحمودە، لەدوای هێرشەكانی داعش، لەخوت‌و خۆڕایی جەلەولاو سەعدیەو زنجیرە تەپۆڵكەكانی (كوباشی)و (وادی عەوسەج)ی بەبێ‌ تەقە جێهێشت.

لەدوای هاتنی حەشدی شەعبیش، دیسان بەبێ‌ تەقە، تەواوی ناوچەكەی جێهێشت‌و مەشجەبەكەی‌و (28) سەیارەو دۆشكەو تەواوی كەلوپەلی تەنانەت بارەگا سەرەكیەكەی خۆیشی، دەستیان بەسەردا گیرا. بەبێ‌ئەوەی تەقەشیان لەسەربێ‌. بەڵكو لەبەرچاوی خەڵكەوە، نەكا پردەكەی (گردەگۆزینە)ی نێوان كەلارو خانەقینیش گیرابێ‌ (بەڵێ‌ نەكا!!) مەحمود سەنگاوی لەرێگەی ناحیەی مەیدانەوە پاشەكشەی قارەمانانەی كردو ماوەیەك هەر شەرمی دەكرد لەكەلاریش دەركەوێ‌. خەڵكی خۆی دەنارد، بۆ كارە تایبەتیە ناشەرعیەكانی!

ئێستا دەپرسین: ئەم مەحمودە، بۆچی بەرامبەر دوژمنان ئاوا هەڵدێ‌‌و لەناو یەكێتیش هەڵمەت دەبات بۆ پەرۆشەكانی یەكێتی؟

یەكێتی گوناحی چییە كە تۆ لەشەڕەكاندا قوچانوتە؟ یەكێتی گوناحی چییە كە بێزراوی؟ وا چاكە دەست بە شەبقەكەتەوە بگریت، بای نەفرەت نەیبات. تازە، بەم هەڵمەتانەت بۆ قوڵكردنی كێشەكانی ناو یەكێتی‌و بەرگریت لەتێكدەرانی یەكێتی دادت نادات. دڵنیابە بەهۆی كردەوە ناشەرعییەكانت، سەرەنجام، لەبەردەم دادگا بەبەڵگەوە دەگەیتە سزای عادیلانە. كونیەكەت پڕ بووە لە تاوان‌و تاوانی تاڵانی ناوچە عەرەب نشینەكانی دەوروبەری جەلەولاش، لەسەرت كۆدەكرێتەوە بۆ سزادان. ئەوەی تۆو هاوڕێكانت لە جەلەولاو دەوروبەری كردوتانە.. مایەی شەرمەزارییەكی بێوێنەیە لەوناوچەیەدا..

ئەگەر كەیسی خۆت لە (سوید) چاك كردۆتەوە، كە لێكۆڵینەوەی پۆلیست لەسەرە، بڕۆ ئەو شوقانەی لەوێ‌ كڕیوتن‌و باقی تەمەنت بەرە سەر.. با مناڵەكانیشت بەخۆتەوە توش نەبن!!

لەكۆتاییشدا هەقوایە.. یەكێتییە پەرۆشەكان، نەكەونە ناو داوی بێدەنگیی بەرامبەر نەخشەكانی د.بەرهەم‌و هاودیدو هاوپێناوەكانی. ئەوانەی سەر بە بەرهەمن، دەیانەوێ‌ یەكێتی لەناو یەكێتی سەرقاڵ بكەن.. بەڵام دڵسۆزانی یەكێتی لە فیكەیان تێگەیشتون‌و ئارامیی ناو یەكێتی دەپارێزن‌و بەرگریی لەیەكێتی دژی تێكدەرانی دەكەن!

Back to top button