لەتیف نێروەیی: هەر کەسێک لەناو یەکێتی کار بۆ کەسێکی دیکە بکات یەکێتی دەریدەکات

وتەبێژی ئەنجومەنی ناوەندی یەکیتی ڕایگەیاند، یەکێتی بڕیاریداوە هەرکەسێک لەناو یەکیتی کار بۆ لایەنێکی دیکە بکات و لەسەر لیستێکی دیکە جگە لەیەکێتی کاندید بێ یەکێتی دەریدەکات و هەموو ئیمتیاز و موڵک و ماڵەکەشی لێوەردەگیرێتەوە.

لەتیف نێروەیی لەپاش کۆبونەوەی ئەنجومەنی ناوەندی و لیژنەی باڵای هەڵبژاردن بەسەرۆکایەتی کۆسرەت ڕەسوڵ لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند:” ئەوانەی لەسەر لیستێکی تر خۆیان کاندید کردووە یاخود کار بۆ لیستێکی تر دەکەن جگە لە لیستی یەکێتی، هەر پلە و پۆستێکیان هەبێت دەردەکرێن و تەواوی ئیمتیازات و موڵکەکانیان لێوەردەگیرێتەوە.

وتەبێژی ئەنجومەنی ناوەندی یەکیتی ڕاشیگەیاند:” یەکێتی خۆی رێکخستووە لە هەموو بوارەکاندا و وەکو یەک تیم کار بۆ هەڵبژاردنەکان دەکات، هەروەها پەیامێکی هێمنانەی هەیە و زمانی زبر بەکارناهێنێت، بەڵام ئەگەر هێرشی بکرێتە سەر ناچارە بەرگری لە خۆی بکات.

شایەنی باسە لای خۆشیه‌وه‌ مەلا بەختیار بەدەنگی ئەمریکای راگەیاندبوو، کە هەرکەسێک لەناو یەکێتی کار بۆ لیستێکی دیکە بکات دەردەکرێت، ئەگەر لەناو مەکتەبی سیاسیش بێ لە ئەندامێتی هەڵدەپەسێرێت.

محه‌مه‌دی حاجی مه‌حمود:ئاسان نییه‌ قه‌واره‌ عێراقیه‌كان له‌ كوردستان ده‌نگ كۆبكه‌نه‌وه‌
سەرباری ئەوەی بەپێی دەستوور و یاسا رێگەپێدراوە ھەموو قەوارەیەك لە تەواوی عێراق دەنگی ھاووڵاتیان کۆبکاتەوە، بەڵام تێکچوونی پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێمی كوردستان و عێراق وایکردووە، ئەو دەنگ کۆکردنەوەیە بەلای لایەنە کوردییەکانی باشووری کوردستان ئاسایی نەبێت.

محەمەد حاجی مەحموود، سکرتێری حزبی سۆسیالست دیموکراتی کوردستان ڕایگه‌یاند: “ئاسایی نییە قەوارە عێراقییەكان لەناو شارەكانی كوردستان دەنگ كۆبكەنەوە، ئەوە لە ئەنجامی ئەو بێسەر و بەرییەیە كە لەناوچەكە روویداوە و دەبێ كورد و خەڵكە ھەژارەكە باجی بدات”.

ھەڵبژاردنی ئەمجارەی نوێنەران بە قۆناخێکی سەخت و دژواردا تێدەپەڕێت، چونکە لەلایەك قەوارەی نوێ بەشداری لە پرۆسەكە دەكەن، لەلایەکی دیکەشەوە لەناو کوردستان دەنگ بۆ قەوارەی عەرەبی کۆدەکرێتەوە، ئەوەش نیگەرانی بەشێك لە لایەن و ھاووڵاتیانی بە دوای خۆیدا ھێناوە.

Back to top button