سەرکردەیەکی ئیسلامی: سه‌یرم به‌و درۆیانه‌ی عه‌لی باپیر دێت

دوای ئه‌وه‌ی عه‌لی باپیر له‌ گرته‌یه‌كی ڤیدیۆی به‌ ئافره‌تێكی سفور ده‌لێت, ئافره‌تانی بێ‌ سه‌رپۆش و سفوریش ده‌چنه‌ به‌هه‌شته‌وه‌ كه‌ قسه‌كه‌ی له‌ كاتێكدا كرد, له‌ سه‌روو به‌ندی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن بوو, سەرکردەیەکی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان بە توندی لە دژی ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان هاتە دەنگ و بە “ئەمیرە زەردە” ناوزەدی دەکات، هاوکات ئەوە ئاشکرا دەکات کە عەلی باپیر “بە ئارەزووی خۆی درۆ هەڵدەڕێژێت”، بۆیە داوای ڕووبەڕووبوونەوەی لێ دەکات.

ئیحسان شێخ عەلی عەبدولعەزیز، به‌رپرسی‌ مه‌كته‌بی‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ ئیسلامیی كوردستان، لە نووسینێکیدا کە بە ناونیشانی (وەڵامێکی بێ پەردە بۆ ئەو ئەمیرە زەردە)دا لە پێگەی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) بڵاوی کردووەتەوە، ناڕاستەوخۆ باسی لەو تۆمارە ڤیدیۆییە کردووە کە لەم دواییانەدا بڵاو کرایەوە و تێیدا عەلی باپیر دەڵێت، ئافرەتان ئەگەر حیجابیشیان نەکردبێ، بەڵام ئەرکە ئایینییەکانی دیکەیان جێبەجێ کردبێ، هەر دەچنە بەهەشت.

سەرکردەکەی بزووتنەوە بەبێ ئەوەی ناوی عەلی باپیر بهێنێت و تەنیا لە ناونیشاندا بە “ئەمیرە زەردە” ناوی هێناوە، باسی لەوە کردووە کە عەلی باپیر زۆر باسی شەرعی خوا و ئیسلام دەکات، دەشڵێت: “من بە ئاشکرا ١٠ ساڵە داوام لەسەرت هەیە و هەموو تاکێکی کوردیش ئاگادار و شاهێدە، بەڵام تۆ بە شەرعی خوا ڕازی نیت”. پرسیاری ئەوەش لە عەلی باپیر و مامۆستایانی ئایینی دەکات کە ئاخۆ ئەوەی بە شەرعی پەروەردگار ڕازی نەبێت و “کێشەکان بۆ شەرعی خوا نەباتەوە”، حوکمەکەی چییە؟

ئیحسان عەلی عەبدولعەزیز، بە عەلی باپیر دەڵێ: “ئه‌گه‌ر مه‌ردی و پیاوی مه‌یدانی و ڕاستگۆی و یه‌ك مسقاڵ ئازایه‌تی له‌ تۆدا هه‌یه‌، مه‌ڕۆ وه‌ك مه‌لای ئاخر زه‌مان قسه‌ی زل بكه‌ی له‌ شوێنێك كه‌ نه‌تناسن و به‌ فیكه‌ و چه‌پڵه‌ی ئه‌وان دڵخۆش بیت و به‌رده‌می خۆت نه‌بینیت و به‌ ئاره‌زووی خۆت درۆ هه‌ڵڕێژیت و هه‌موو شتێك بشه‌رعێنیت، فه‌رموو كوێت پێ‌ باشه‌، چ ته‌له‌فزیۆنێك یان مزگه‌وتێك یان هۆڵێك یان شاخێك، با خه‌ڵك شاهید بن و به‌ زیندوویی بیگوێزنه‌وه‌، ئه‌وكات با خه‌ڵك هه‌موو شتێكیان بۆ ڕوون بێته‌وه‌”.

ئەو بەرپرسەی بزووتنەوە پێیوایە، “پیاوی مه‌رد ئه‌وه‌یه‌، ڕووبه‌ڕوو قسه‌ بكات و نه‌ترسێت و له‌ حه‌ق ڕانه‌كات”. ئەوەش ناشارێتەوە کە عەلی باپیر زۆر حەزی لە “په‌ندی پێشینان و قسه‌ی زلانە”.

لە کۆتاییشدا سەرکردەکەی بزووتنەوە نووسیویەتی: “خوشكان و برایانم له‌ كۆمه‌ڵی ئیسلامی، من هه‌مووتان به‌ خوشك و برای خۆم ده‌زانم”.

Back to top button