هەر کەس و لایەنێک مزگەوت بۆ بانگەشە بەکار بێنێ سكالای له‌سه‌ر تۆمارده‌كرێت

له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن له‌ هه‌رێمی كوردستان,  گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و كاروباری ئایینیی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان گوتی، هه‌ر لایه‌ن و كاندیدێك مزگه‌وت بۆ بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژارده‌كان به‌كار بێنێت سكاڵای یاسایی له‌سه‌ر تۆمار ده‌كه‌ن و لێی قبووڵ ناكه‌ن.
نه‌به‌ز ئیسماعیل، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و كاروباری ئایینیی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان،ڕایگه‌یاندووه‌: “هه‌ر لایه‌ن و كاندیدێك بۆ بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان مزگه‌وت، یاخود دیواری مزگه‌وته‌كان بۆ بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان به‌كار بێنێت و لافیته‌ و وێنه‌ی لێ هه‌ڵواسێت به‌بێ ئه‌وه‌ی ئاگاداریان بكه‌ینه‌وه‌ له‌ كۆمسیۆن سكاڵای یاسایی له‌ سه‌ریان تۆمار ده‌كه‌ین، چونكه‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك ڕێگه‌ ناده‌ین مزگه‌وته‌كان بۆ بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان به‌كار بهێندرێن.”
گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف گوتوشیه‌تی گوتی: “جگه‌ له‌وه‌ش هه‌ر ماموستایه‌كی ئایینی له‌ وتاره‌كانیاندا مینبه‌ری مزگه‌وته‌كان بۆ بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان به‌كار بینێت لیپێچینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كرێت و لێی قبووڵ ناكرێت، چونكه‌ لیژنه‌یه‌كی تایبه‌ت به‌و پرسه‌ له ‌وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف هه‌یه‌ و ئه‌وان بڕیاری له‌سه‌ر ده‌ده‌ن.”
ئیسماعیل ڕوونیشی كرده‌وه‌: “بڕیاره‌ سبه‌ی ڕێنمایی تایبه‌ت به‌ بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنەکان ده‌ر بكه‌ین و دواتریش نووسراوێك ئاراسته‌ی كۆمسیۆن ده‌كەین له‌سه‌ر ڕێنماییه‌كان و نووسراوێكیش ئاراسته‌ی ئه‌وقافه‌كانی خۆمان ده‌كه‌ین كه‌ ژماره‌یان 20 به‌رێوەبه‌رایه‌تییه‌.”
Back to top button