نهجیبه نهجیب : حكومهتی عێراق 80 ترلیۆن دینار قهرزاری حكومهتی ههرێمی كوردستانه
نەجیبە نەجیب ئەندامی لێژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵی توركی ڕایگهیاند: ”پەیوەندییە ئابورییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق لە تەنگەژە و چەقبەستویی نەماوە، هێواش هێواش بەرەو ئاساییبونەوە دەچێت، بەڵام ئەم ئاساییبونەوە چارەسەری کۆتایی کێشەکان بەدوای خۆی ناهێنێت، بەڵکو ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لاپەڕەیەکی دیکە لەبەردەم چارەسەرکردنی کێشە کەڵەکەبوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دەکاتەوە، بۆیە ناتوانین هیچ بەرچاوڕونییەک بدەین بەوەی حکومەتی ئایندەی عێراق چۆن دەبێت و پلانی حکومڕانی چی دەبێت، چونکە ئەوەی بەرامبەر بە کورد پەیڕەوکراوە تا ئەم ساتە جیاوازی کردنە لەسەر ئاستی تاک و نەتەوەی کورد و هیچ کاتێک حکومەتی عێراق هەرێمی کوردستانی وەک بەشێک لە عێراق هەژمار نەکردوە”.
ئهو ئەندامهی لێژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق راشیگهیاند:” لەملا و لەولا باسی کۆتاییهێنان بەو شێوازی هەیکەلیەتی حکومەتی عێراق دەکرێت کە سەرکۆمار کورد بێت و سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران شیعە بێت و سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی سوننە بێت، بەڵام لەوە ناچێت ئەمە روبدات، چونکە لایەنی شیعە لە ئێستاوە یەک دەنگ و کۆکن بۆ ئەوەی سەرۆکوەزیرانی عێراق جارێکی بەدەستەوە شیعە بێت”.
نەجیبە نەجیب ئاماژەی بەوەدا کە سەرۆکی هاوپەیمانی شیعەکان، عەممار حەکیم لە کۆبونەوەدا بۆ هەمو لایەنەکان ئاشکرای کردوە کە لایەنی شیعە لە عێراق بەجۆرێک کاردەکەن لانیکەم تا ٥٠ ساڵی دیکە سەرۆکوەزیرانی عێراقییان بەدەستەوە بێت.
نهجیبه نهجیب ئەندامی لێژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت “دوای هەڵبژاردن هەر حکومەتێک پێکبهێنرێت و هەر کەسێک سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران بکات، پێویستە کورد و لایەنە کوردییەکان یەک دەنگ و یەک هەڵوێست بن بۆ ئەوەی کێشەکان چارەسەر بکرێن، ئەگەر وەک خولی رابردوی پەرلەمان لە هەندێک بابەت کە پەرتەوازەیی لە نێوان لایەنە کوردییەکان دروست بێتەوە، ئەوا کورد لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هیچ پێگەیەکی نابێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان”.
ههروهها نەجیبە نەجیب گوتیشی: “حکومەتی عێراق تا ئێستا زیاتر لە ٨٠ ترلیۆن دینار قەرزاری هەرێمی کوردستانە، ئەمەیش مافی هاوڵاتییان و هەمو چین و توێژەکانی هەرێمی کوردستانە، حکومەتی عێراق بە چەند بڕیارێکی تاکلایەنانە زەوتی کردون”.