‌كۆمسیۆن: ئه‌و هاوڵاتیانه‌ی كه‌ركووك كه‌ ئاواره‌ بوون له‌ دوای 16ی ئۆكتۆبه‌ر ده‌توانن له‌ شوێنه‌كانی خۆیان ده‌نگبده‌ن

دوای داگیركردنی كه‌ركووك و خیانه‌تی 16ی ئۆكتۆبه‌ری یه‌كێتی ژماره‌یه‌كی زۆری هاوڵاتی شاره‌كه‌ ئاواره‌ی شاره‌كانی دیكه‌ی كوردستان بوون به‌ تایبه‌ت دوای ئه‌وه‌ی حه‌شدی شه‌عبی, به‌هێزێكی زۆری سه‌ربازی رووبه‌رووی هه‌موو ئه‌و هاوڵاتیانه‌ بوویه‌وه‌ كه‌ له‌ پرۆسه‌ی ریفراندۆم به‌شداریانكردبوو, هاوڵاتیانیان ناچار كران ئاواره‌ بوون, دوای ئه‌وه‌ی كۆمسیۆن پێشتر گوتبووی سندوق نابه‌نه‌ ده‌ره‌وه‌ی كه‌ركووك, ئه‌مڕۆ لێپرسراوی نوسینگه‌ی كۆمسیۆن له‌ كه‌ركووك رایگه‌یاند كه‌ ئاواره‌كان ده‌توانن ده‌نگ بده‌ن.
عەبدولباست دەروێش، لێپرسراوی راگه‌یاندن و په‌یوه‌نییه‌كانی ئۆفیسی كه‌ركوكی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان بڵاویكرده‌وه‌ “ئه‌و ئاوارانه‌ی لە كەمپەكان دەژین یان لە دوای 16 ئۆكتۆبەر ئاوارەبون لە ئێستادا لە پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستان دەژین یاخود لەكەمپ، ده‌توانن به‌بێ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ شوێنی نیشته‌جێبونی خۆیان ده‌نگبده‌ن”.

هه‌روه‌ها لێپرسراوی ئۆفیسی كه‌ركووكی كۆمسیۆن گوتوشیه‌تی ئه‌و جۆره‌ ده‌نگدانه‌ پێی ده‌گوترێت”جێگۆڕكێی هاوڵاتیان”، واته‌ هه‌ر هاوڵاتییه‌كی ئاواره‌ی كه‌ركوك و ناوچه‌ جێناكۆكانی دیكه‌ ده‌توانێت به‌بێ گه‌رانه‌وه‌ بۆ پارێزگاكه‌كه‌ی خۆی له‌ رۆژی هه‌ڵبژاردندا، پسوڵه‌ی خۆراكی پێبێت و ده‌نگ خۆی بدات.

لێپرسراوه‌كه‌ی ئۆفیسی كه‌ركوكی كۆمسیۆن وتیشی “لە هەر شوێنێك بێت ده‌نگدانه‌كه‌ كۆمسیۆن چاودێری دەكات و دەنگەكان بۆ پارێزگای كەركوك هەژمار دەكرێت”.

Back to top button