مه‌سرور بارزانی بۆ جەنەرال وۆلتەر پایێت: پێویسته‌ هه‌رچی زوو كار بۆ ئاسایی كردنه‌وه‌ی ناوچه‌كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان بكرێت

راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی كوردستان ( مه‌سرور بارزانی) له‌ میانی دیدارێكی دا له‌گه‌ڵ جەنەرال وۆلتەر پایێت فه‌رمانده‌ی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانی له‌ عێراق رایگه‌یاند”پێویستە هەرچی زووە کار بۆ ئاساییکردنەوەی رەوشی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بکرێت”.

به‌پێی راگه‌یاندراوێك كه‌ وێنه‌یه‌كی بۆ خواكوڕك نێردراوه‌، ئه‌مرۆ پێنجشەممە 19/4/2018، مەسرور بارزانی، راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە جەنەرال وۆلتەر پایێت، فەرماندەی گشتیی هێزی هاوپەیمانان لە عێراق و شاندێکی یاوەری کردووە، لە کۆبوونەوەیەکدا، مەسرور بارزانی و جەنەڕال وۆڵتەر پایێت تاوتوێی دوا پەرەسەندەکانی ناوچەکە و پێشخستنی زیاتری میکانیزمی هەماهەنگی دوو لایەنە لە پێناو رێگری لە سەر هەڵدانەوەی هەڕەشەی تیرۆریزمیان کردووە.

مەسرور بارزانی ئاماژەی بە فراوانبوونی چالاکییە تیرۆریستییەکان لە هەندێ ناوچەی سووریا و عێراق و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان کردووە و بە زەنگێکی مەترسیداری داناوە، راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان بە پێویستیشی زانیوە بۆ پاراستنی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، هەموو لایەنەکان هەماهەنگی بکەن و هەرچی زووتریشە کار بۆ ئاسایی کردنەوەی دۆخی ئەو ناوچە کوردستانییانە بکرێت.

مەسرور بارزانی جەختی لەوە کردووەتەوە، کە پێشمەرگە هێزێکی دەستووریی و کارای شەڕی دژ بە تیرۆرە و ئاماژەی بە پێویستیی پاڵپشتیی و هاوکاریی زیاتری ئەو هێزە کردووە، هەروەک لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، جەنەڕال وۆڵتەر پایێت رۆڵی هێزەکانی پێشمەرگە و هەرێمی کوردستان لە شەڕی دژی تیرۆر بە کاریگەر وەسف کردووە و رایگەیاندووە،هێزەکانی هاوپەیمانان لە هاوکاری و مەشقی هێزی پێشمەرگە بەردەوام دەبن”.

Back to top button