حزبی شیوعی خانمێكی حیجاب كاندید دهكات
لە ماوەی دوو رۆژی رابردودا تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بۆتە سەكۆی توانج و رەخنە لە وێنە و پۆستەر و دروشمی لیست و كاندیدەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق، لەو چوارچێوەیەشدا بونی خانمە كاندیدێكی باڵاپۆش لە لیستی حزبی شیوعی كوردستاندا بۆتە جێی باس.
لەو بارەیەوە د. كاوە مەحمود سكرتێری حزبی شیوعی كوردستان رایگهیاند:” پێویستە گرنگی بە بەرنامەی كاندیدی قەوارە سیاسییەكان بدرێت و شێوازی جلوبەرگیان نەكرێت بە پێوەر و هیچ پۆشاكی كاندیدێكیش نەبۆتە پێوەر بۆ هەڵسەنگاندنی بەرنامەی هیچ لیست و قەوارەیەكی سیاسی”.
سكرتێری حزبی شیوعی راشیگهیاند:“كاندیدانی حزبی شیوعی باوەڕیان بە بەرنامەی حزبەكەیان هەیە، كە جەخت لەسەر عەلمانیەت دەكاتەوە و ئەوەش پێوەری سەرەكییە بۆ كاندیدكردنیان و هەر هەمووشیان ئازادن چی پۆشاكێك دەپۆشن”.
ههروهها گوتیشی، “زەقكردنەوەی شێوازی جلوبەرگی كاندیدان پێوەر نییە بۆ هەڵسەنگاندنیان و وروژاندنی ئەم جۆرە بابەتانەش بەشێكن لە پروپاگەندەی هەڵبژاردنی لیستێكی دیاریكراو لە هەرێمدا”.