عەلی باپیر: ریفراندۆم زه‌ره‌ری زۆری له‌ برایه‌تی ئێمه‌و عه‌ره‌بدا

له‌گه‌ڵ ده‌ست پێكردنی كه‌مپینی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن, و دوای تێپه‌ڕینی شه‌ش رۆژ به‌سه‌ر ده‌ستپێكی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن, كۆمه‌ڵی ئیسلامی لە هەولێر بەفەرمی بانگەشەی بۆ لیست و کاندیدەکانی دەستپێکرد. ئەمجارە کۆمەڵ چاوی لە دەستی دەنگدەرانییەتی تاوەکو ژمارەی کورسییەکانی لە چاو هەڵبژاردنەکانی رابردوودا زیادبکات.

عەلی باپیر، ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی لەکاتی ناساندنی کاندیدانی حیزبەکەی لەسەر ستەیچ بە حەماسەوە رەخنەی لە ڕیفراندۆمی 25ی ئەیلولی 2017ی باشووری کوردستان بۆ جیابوونەوە لە عێراق گرت و رایگەیاند: “تەماشاکەن ئەو ریفراندمە سەقەتەی کردمان چ زەرەرێکی لێداین، چ دەرهاویشتەیەکی خراپی هەبوو، کەواتە ئێرە و بەغدا دوو شتی لەیەک دابڕاو نین، کاتێک دەتوانین لە بەغدا رۆڵێکی باش ببینین و مافەکانی خۆمان بچەسپێنین، کە لێرە تۆکمە و تووندوتۆڵ بین, هیچ ریفراندۆمێك نابێت برایه‌تی ئێمه‌و عه‌ره‌ب تێكبدات.

ئەمە لە کاتێکدایە عەلی باپیر لە 25 ی ئەیلولدا بەشداری لە ڕیفراندۆم کرد و داوای لە خەڵک کرد بە جۆش و خرۆشەوە بەشداریی ریفراندۆم بکەن. ئەوکات ناوبراو گوتی: “ئەمڕۆ رۆژێکی مێژووییە بۆ نەتەوەی کورد، بۆئەوەی تەعبیر لە مافە خۆرسک و سرووشتییەکەی خۆی بکات، کە بریتییە لە خاوەنی ئیرادەی خۆبوون و، لە وڵات و نیشتمانی خۆی بە ئازادی و سەربەستی بژی، هەموو لایەک بە جۆش و خرۆشێکی باشەوە بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان”.

بۆ پرۆسەی هەڵبژاردنی خولی چوارەمی پەرلەمانی عێراق یەکگرتوو و بزوتنەوەی ئیسلامیی کوردستان هەوڵی دروستکردنی لیستێکی ئیسلامییان دا، بەڵام کۆمەڵی ئیسلامی بەشداری لیستەکەی نەکرد .

Back to top button