ئه‌مڕۆ ساڵيادى ده‌رچوونى يه‌كه‌مين رۆژنامەی کوردییه‌

یەکەمین رۆژنامەی کوردی بەناوی (رۆژنامەی کوردستان) لە لایەن (میقداد مەدحەت بەدرخان) لە شاری قاهیرەی پایتەختی ویلایەتی میسری سەر بە دەوڵەتی عوسمانی له‌ 22ی نیسانی ساڵی 1898 ده‌رچوو، بابەتەکانی رۆژنامەی کوردستان زیاتر هاندانی بڵاوکردنەوەی خوێندن و فێربوونی زمانی کوردی بوو لە ناو هاونیشتمانیان لە ناوەوەی کوردستان.”

رۆژنامەی کوردستان لە نێوان ساڵانی 1898 تا 1902ز، 31 ژمارەی لە چەند شوێنێکی جیاواز لێ دەرکرا، لە ژمارە 1 تا 5 لە لایەن میقداد مەدحەت بەدرخان لە شاری قاهیرە دەرچوو، بەڵام بەهۆی نەخۆش کەوتنی میقداد مەدحەت بەدرخان و فشاری دەسەڵاتدارانی عوسمانییەوە، میقداد مەدحەت بەدرخان لێپرسراوێتی دەرکردنی (رۆژنامەی کوردستان)ی خسته‌ ئەستۆی (عەبدولڕەحمان بەدرخان)ی برای و لە ژماره‌ پێنج به‌دواوه‌ لە لایەن براکەیەوە دەرچوو.

رۆژنامەی کوردستان لە مانگێکدا دووجار دەرچووە و دوا ژمارەی، کە دەکاتە ژمارە 31 لە رێكه‌وتى 1ی نیسانی 1902ز لە شاری قاهیرە دەرچووە.
ژمارەکانی رۆژنامەی کوردستان بە نهێنى دەگەیەندرایە کوردستان، بەشێک لە بابەتەکانی رۆژنامەکەش بۆ هۆشیارکردنەوەی نەتەوەیی کورد و لایەنەکانی مێژوو و وێژە و کەلتووری کورد تەرخان کرابوو.

له‌ 22ى نيسانى هه‌موو ساڵێك كه‌ به‌ رۆژى رۆژنامه‌گه‌رى كوردى ديارى كراوه‌، رۆژنامه‌نووسان و ميدياكاران به‌ چالاكى هه‌مه‌جۆره‌ يادى ئه‌و رۆژه‌ به‌رز راده‌گرن.

له‌ يادى 120 ساڵه‌ى رۆژنامه‌گه‌رى كورديدا، وێڕای پیرۆزباییمان بۆ ته‌واوی هاوپیشه‌ و رۆژنامه‌نووسان و میدیاكارانی كورد له‌ هه‌ر شوێنیكی جیهاندا بن، خوازيارين رۆژنامه‌ و ته‌واوی میدیا كوردییه‌كان و رۆژنامه‌نووسان به‌وپه‌ڕی به‌رپرسیارێتییه‌وه‌ له‌ ئاست خه‌می نیشتمان و كوردستاندا بن، هه‌وڵ و ماندووبوونیان له‌ پێناو مافی گه‌لی كورد و كوردستاندا بێت.

Back to top button