وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌و خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی قه‌ده‌غه‌ی بانگه‌شه‌ی هه‌لبژاردن ده‌كه‌ن

لە راگەیەندراوێكدا وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی سەرجەم زانکۆ و پەیمانگە حکوومی و تایبەتەکان و دامەزراوەکان ئاگادار دەکاتەوە، کە بەهیچ شێوەیەك رێگە بە کاندیدەکانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئێراق نەدرێ لە نێو دامەزراوەکانی سەر بە وەزارەتی خوێندنی باڵا بانگەشەی هەڵبژاردن بکەن.

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی له‌ راگەیەندراوەكەدا ڕایگه‌یاندووه‌: “بۆ هیچ زانکۆ و پەیمانگە و کۆلێژ و دامەزراوەیەکی سەر بە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی نییە رێگە بەکاندیدەکان بدات (وێبسایت، لاپەڕەکانیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان، هۆڵەکانی کۆبونەوەکان، کافتریا و شوێنە گشتیەکانی زانکۆ و کۆلێژەکان، یان دیواری زانکۆکان) بەکاربهێنن بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن، هەر وەك کاندیدەکانی هەڵبژاردن کە مامۆستا بن یان هەر پلە و پێگەیەکی ئیدارییان لە ناوەندەکانی زانکۆ هەیە نابێ رێگەیان پێبدرێ پێگەکانیان لە ناوەندەکانی زانکۆ بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ خۆیان و لیستەکانیان بەکاربهێنن”.

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی راشیگەیاندووە: “بەپێچەوانەوە، هەر کەس و لایەنێك و دامەزراوەیەکی سەر بەوەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ هەر لیست و کاندیدێك لە ناوەندەکانی زانکۆ بکات، یان ناوەندەکانی خوێندن بۆ ئەو مەبەستە بەکاربهێنێت سزا دەدرێ و رووبەڕووی یاسا و رێوشوێنە یاساییەکان دەکرێتەوە”.

لای خۆشیه‌وه‌ وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان رایگەیاند: “ئاگاداری هەموو لایەك و بەتایبەت پاڵێوراوانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە هەرێمی کوردستان دەکەینەوە کە کەس بۆی نییە وێنە و پۆستەرەکانی هەڵمەتی هەڵبژاردن لە دیواری قوتابخانەکان بدات. بە پێچەوانەوە رێکاری یاسایی لەبەرامبەردا دەگیردرێتەبەر”.

Back to top button