هیوا ئه‌حمه‌د مسته‌فا: ئەگەر پارتی بەهێز بێت مافەكانمان مسۆگەرتر دەبێت، ئەگەر پارتی بەهێز نەبێت، مافەكانمان پارێزراو نابن

بەرپرسی لقی 24ی سەفین دەڵێ، بەرنامەی پارتی خۆی لە سەقامگیریی سیاسیی كوردستان، بووژانەوەی ئابووری و یەكڕیزی و كۆدەنگی لەگەڵ بەهێزكردنی ئەفكاری نەتەوەیی و چەسپاندنی هەموو مافە دەستوورییەكاندا دەبینێتەوە، پارتی بەهێز بێت مافەكانمان مسۆگەرتر دەبێت، ئەگەر پارتی بەهێز نەبێت، مافەكانمان پارێزراو نابن.

هیوا ئەحمەد مستەفا، ئەندامی سەركردایەتی پارتی و بەرپرسی لقی 24ی سەفین رایگه‌یاند :”پارتی بەرنامەی خۆی لە 14 خاڵدا كورت كردووەتەوە، ئەو بەرنامەیە خۆی لە سەقامگیریی سیاسیی كوردستان، بووژانەوەی ئابووری لە داهاتوودا، پەڕەپێدان بە بنەما دیموكراسییەكان و یەكڕیزی و كۆدەنگی، لەگەڵ بەهێزكردنی ئەفكاری نەتەوەیی بۆ گەیشتن بە ئامانجە نەتەوەییەكان و چەسپاندنی هەموو مافە دەستوورییەكان، بەرگریكردن لە مافە دەستوورییەكان، بە جێبەجێكردنی ماددەی 140ـەوە و گرنگیدان بە كەسوكاری شەهیدان، زیندانیانی سیاسی و خزمەتكردن بە كەسوكاری شەهیدان و ئاوەدانكردنەوەی شنگال و ناوچەكانی دیكە، هەموو ئەمانە و چەندین خاڵی دیكەی گرنگ لە بەرنامەی پارتیدان و كاندیدەكانی پارتی لە پەرلەمانی عێراق كاریان لەسەر دەكەن.”

بەرپرسی لقی 24ی سەفین راشیگه‌یاند:”بە هێزەوە بەرگری لە مافەكانی گەلی كوردستان دەكەین، چونكە ئەگەر پارتی بەهێز بێت مافەكانمان مسۆگەرتر دەبێت، ئەگەر پارتی بەهێز نەبێت، مافەكانمان پارێزراو نابن، دیار بوو حزبەكانی دیكە كە بۆ هەندێك بەرژەوەندیی خۆیان چیان دەكرد، بەڵام پارتی بوو بە قوربانی لە هەموو شوێنێك كرا بە ئامانج و هێرشی دەكرێتە سەر و پەلاماری دەدەن، لەبەر ئەوەی دەزانن پارتی بە دوای یەك شتەوەیە، ئەویش خزمەتی گەلی كوردستان و خاكی كوردستانە، بۆیە دەیانەوێت ئەو ئامانجانە بشێوێنن، ئێمەش بە بەربرسیارەتییەوە مامەڵەمان كردووە، وەكو هەندێ حزب نین لە كاتی تەنگانەدا كوردستان بەجێ بهێڵین، ئەو هێرشەی لەسەر پارتی بوو لەسەر هەر حزبێكی دیكە بایە ئەو حكوومەتە دەڕووخا، حكوومەتیش ڕووخابایە، كوردستان وێران دەبوو و وەكو ناوچەكانی دیكەی لێ دەهات.”

ئه‌و ئه‌ندامه‌ی سه‌ركردایه‌تی پارتی دیموكراتی كوردستان ده‌شڵێت : “لە سنووری شارۆچكەی شەقڵاوە بانگەشەی هەڵبژاردن زۆر بە هێمنی بەڕێوە دەچێت، خەریكین ئیش و كاری خۆمان دەكەین، بانگەشەی هەڵبژاردن دەكەین، سەردانی خەڵك دەكەین، ئامانجەكانی پارتی بۆ خەڵك ڕوون دەكەینەوە، خەڵكێكی زۆر بە دوای بەرنامەی پارتیدا هاتوون و خۆیان داوا دەكەن بەرنامەی پارتییان بۆ شی بكەینەوە بۆ ئەوەی دەنگ بە پارتی و كاندیدەكانی بدەن، بۆیە دەنگەكانی پارتی بە ڕێژەیەكی بەرچاو زیاد دەبن لەو سنوورە”.

Back to top button