یوه‌سف محه‌مه‌د: دوو خان و ئوتومبێلێك و چه‌ندان ئیمتیازی تری په‌رله‌مانی لایی نه‌گه‌راندۆته‌وه‌

رۆژنامه‌ی باس له‌باره‌ی ئه‌و ئیمتیاز و ئۆتۆمبێل و خانوانه‌ی كه‌ یوسف محه‌مه‌د ده‌ستی به‌سه‌ر داگرتووه‌، راپۆرتێكی بڵاو كردۆته‌وه‌ له‌ راپۆرته‌كه‌دا ئاماژه‌ به‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ دوای کشانەوە لە پەرلەمان و حکوومەت، بەرپرسانی گۆڕان پارە و ئۆتۆمبێل و کەلوپەلەکانیان نەگەڕاندووەتەوە و بۆ بەرژەوەندیی شەخسی و حزبیی بەکاری دەهێنن، (یوسف محەمەد)یش بە ئیمتیازەکانی پەرلەمانەوە بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ خۆی دەکات، سەرچاوەیەکی ئاگەدار لە پەرلەمانی کوردستان به‌ رۆژنامه‌كه‌ی راگه‌یاندووه‌ رای گەیاندووه‌، دوای بڕیاری دەست لەکارکێشانەوەی یوسف محەمەد، لە 26-12-2017، ئیمتیازەکانی کە وەکوو سەرۆکی پەرلەمان لەلای بووە، بۆ پەرلەمان نەگەڕاندووەتەوە”.

سه‌رچاوه‌كه‌ی رۆژنامه‌كه‌ ده‌شلێـ” یوسف محەمەد، دوو خانوو و ئۆتۆمبێلێک و چەندین پارچە چەک و تەقەمەنیی سەربازیی لە لایە، کە موڵکی پەرلەمانن، جگە لەو 130 ملیۆن دینارەی کە لەگەڵ رۆیشتنی لە پەرلەمان بۆ نووسینگەی سلێمانیی پەرلەمان بردوویەتی و پاکتاوی ژمێریاریی خەرجکردنەکەی نەناردووە، ئاماژەشی بەوە داوه‌، ئێستا ئاگاداری ئەوەن، بەو ئیمتیازانەی پەرلەمانەوە، یوسف محەمەد بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ خۆی دەکات.

هه‌ر به‌گوێره‌ی زانیاریه‌كان، جگە لە یوسف محەمەد زۆر لەو بەرپرس و وەزیر و بەڕێوەبەری گشتی و ڕاوێژکارانەی گۆڕان، کە لەگەڵ بڕیاری حزبەکەیان لە حکوومەت کشانەوە و دەستیان لە کار کێشاوەتەوە، تاوەکو ئێستا پارە و ئۆتۆمبێل و ئەو کەلوپەلە حکوومییانەیان کە لەلا بووە وەکوو موڵکی گشتی، نەیانگەڕاندووەتەوە و ئێستا بۆ بەرژەوەندیی حزبی و شەخسیی خۆیان بەکاری دەهێنن.

هەر بەپێی زانیارییەکان، کاندیدێکی ئێستای گۆڕان بۆ پەرلەمانی عێراق، لە 5-3-2018 لەسەر گۆڕی نەوشیروان مستەفا، رێکخەری کۆچکردووی بزووتنەوەی گۆڕان، بە دەنگی بەرز بە یوسف محەمەدی گوتووە، “تۆ جیاوازییت لەگەڵ گەندەڵکاران نییە، چونکە تاوەکوو ئێستا ئۆتۆمبێل و پارەی پەرلەمان لە بەرژەوەندیی کوتلەکەی خۆت، لە دژی کوتلەکانی ترمان بەکار دەهێنی”.

بەپێی ئەو بەڵگانەیش کە وەکوو سەرۆکی پەرلەمان بۆ کڕینی چەک و تەقەمەنی لە پەرلەمانی کوردستان خەرجی کردووە، کە لە بەردەستی رۆژنامه‌كه‌ دان، یوسف محەمەد بە پسوولەی خەرجیی ژمارە (272) لە 24/7/2014 بڕی 15 ملیۆن ‌و 6 هەزار دیناری بۆ كڕینی چەك بۆ پاسەوانانی، بە ناوی سەرۆكی پەرلەمان خەرج کردووە، هەروەها بڕی 5 ملیۆن دیناری بۆ تەقەمەنیی مەشقی پاسەوانەكانی دابین کردووە، تەواوی ئەو چەک و تەقەمەنییانەشی لەگەڵ خۆیدا بردووە، لەکاتێکدایە ئەو بڕیاری دەست لەکارکێشانەوەی داوە.

چەندین بەڵگەی دیکەش کە دەست رۆژنامه‌كه‌ کەوتوون، کە هەر تایبەتە بە خەرجیی پارە بۆ چەک، لە یەکێک لەو نووسراوانەدا كە واژۆی کەسێکی بە پلەی ڕائید- (ن.ج) لەسەرە، کە لە ڕێكەوتی 8/3/2015 ئاراستەی سەرۆكی پەرلەمانی كردووە و لەوێدا لیستێكی داواكاریی چەك و تەقەمەنیی نووسیوە كە بۆیان بكڕدرێت، بڕی پارەکەی 23 ملیۆن ‌و 610 هەزار دینار بووە و سەرۆكی پەرلەمانیش ڕەزامەندیی لەسەر داوە

لە پسوولەیەكی دیكەدا، لە ڕێكەوتی 22/7/2014 بڕی 46 ملیۆن ‌و 443 هەزار دینار بۆ كڕینی چەك و تەقەمەنی بۆ دەستەی پاسەوانەكانی سەرۆكی پەرلەمان خەرج كراوە، كە بەو پارەیە 4 دەمانچە و 3 كلاشینكۆف و بڕێک لە تەقەمەنیی پێ كڕدراوە.

هەر لە ساڵی 2014دا، لە 20/12 بڕی 5 ملیۆن‌ و 400 هەزار دینار بۆ كڕینی 60 پاكەتی 50 فیشەكی بەناوی مەشق بۆ پاسەوانەکانی خەرج كراوە، لە کاتێکدا بەبێ ئەوەی هیچ بەڵگەیەک هەبێت بە تەقاندنی فیشەکێک لەلایەن پاسەوانەکانی، بە مەبەستی مەشقکردن.

فرسەت سۆفی، پەرلەمانتاری پارتی لە لیژنەی یاسایی پەرلەمانی کوردستان له‌و باره‌یه‌وه‌ رایگه‌یاندووه‌، بەهۆی ئەوەی یوسف محەمەد کاندیدە و دەستی لە کار کێشاوەتەوە، دەبوو ئەو ئیمتیازاتانەی لەلایەتی بۆ پەرلەمانی بگەڕێنێتەوە، گوتی: ”سەرۆکی پەرلەمان راستە لە پەرلەمان دەست لەکارکێشانەوەکەی پەسەند نەکراوە، بەڵام خۆی بڕیاری دەست لەکارکێشانەوەی داوە، جگە لەوەش کە دەوام ناکات و کاندیدی حزبییە، ئەوە دەبوو رۆژی وازهێنانەکەی ئەو کەلوپەلانە بهێنێتەوە، ئاماژەی بەوەش دا، ئەوان ئاگاداری ئەوە نین چی و چ شتێکی لەلایە، بەڵام دەبوو ئەگەر دەرزییەکی لا بێت بیگەڕێنێتەوە.

بەڵام ئەبوبەکر هەڵەدنی، پەرلەمانتاری یەکگرتوو لە لیژنەی یاسایی بۆ هه‌مان رۆژنامه‌ ئاماژەی بەوە دا، ئەگەر لە پەرلەمان دەستلەکارکێشانەوەکەی پەسەند بکرایە، ئەوە لە رووی یاساییەوە پابەند دەکرا بە گەڕانەوەی ئەو کەلوپەلانەی پەرلەمان، کە وەکوو سەرۆکی پەرلەمان لەلایەتی، بەڵام لە دۆخی ئێستا کە پۆستەکەی پڕ نەکراوەتەوە و پەرلەمان ڕێوشوێنە یاساییەکانی تەواو نەکردووە، ئەوە ناتوانرێ بگوترێ ئەو شتانەی لایەتی نایاسایین، گوتیشی: دەبوو سەرۆکایەتیی پەرلەمان دەست لەکارکێشانەوەکەی بخاتە ناو بەرنامەی کاری پەرلەمان و کەمتەرخەمی نەکات، لەو دۆخەدا دەتوانرا ئەو ئیمتیازانەی پەرلەمان وەربگیرێتەوە”.

هاوکات، عەباس فەتاح، پەرلەمانتاری یەکێتی  رای گەیاند، ئەرکی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستانە بەدواداچوون لەسەر ئەو پرسە بکات، گوتیشی: دەبوو لەبەرئەوەی کاندیدە دەستەی سەرۆکایەتی داوای گەڕانەوەی ئیمتیازەکانی بکردایە، ئەوە پەیوەندیی بەوانەوە هەیە یان دەبوو دەست لەکارکێشانەوەی قبوڵ بکات ئەوە ئەوکات بە یاسایی لێی وەردەگیرایەوە، یان رەنگە لەو دۆخەدا خۆی دەیگەڕاندەوە”.

ئاماژەی بەوەش دا، ئەوان ئەگەر شتێکیان لابوایە و وازیان بهێنایە زوو دەیانگەڕاندەوە، گوتی: ”هیچم لانییە، بەڵام ئەگەر لامبێت زوو دەیگەڕێنمەوە دوای وازهێنانم نامەوێ شەرمەزاری کەس ببم، بەڵام گرنگە کە پەرلەمانتار یان دەستەی سەرۆکیەتی دەستیان لە کار کێشایەوە زوو قبوڵ بکرێت، چونکە ئەوە دەبێت بە هۆکار بۆ نەگەڕاندنەوەی ئیمتیازەکانی پەرلەمان”.

Back to top button