هوشیار زێباری : عه‌بادی چانسی وه‌رگرتنه‌وه‌ی پۆستی سه‌رۆككوه‌زیرانی عێراقی نییه‌

ئه‌مرۆ چوار شه‌ممه‌ 25ی4ی2018 سه‌نته‌ری توێژینه‌وه‌و راپرسی كوردستان 24 دیبه‌یتێكی له‌ژێرناونیشانی (پێگه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌ پرۆسه‌ی سیاسی عێراق دوای هه‌ڵبژاردنه‌كانی 2018)ـیه‌ و هه‌ر یه‌كه‌ له‌ (مه‌لا به‌ختیار) لێپرسراوی ده‌سته‌ی كارگێڕیی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان، (هوشیار زێباری) ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان. (هادی عه‌لی) سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی سیاسی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان رێكخست.

هۆشیار زێباری، یه‌كێك له‌ قسه‌كه‌رانی یه‌كه‌م دیبه‌یتی سه‌نته‌ری توێژینه‌وه‌ و راپرسی كوردستان24 رایگه‌یاند: “ئێمه‌ هه‌رگیز نه‌مانوتووه‌، راسته‌وخۆ دوای ریفراندۆم له‌ عێراق جیاده‌بینه‌وه‌، ریفراندۆم مافێكی ره‌وای كورد بووه‌ و ده‌نگی داوه‌ بۆ دیاركردنی مافی چاره‌نووسی هه‌ر بۆیه‌ دژیه‌كی له‌ نێوان ئه‌نجامدانی ریفراندۆم و به‌شداری له‌ پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق نابینم”.

هۆشیار زێباری ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان راشیگه‌یاند: “ئه‌گه‌ر كورد له‌ ناو خۆی یه‌كده‌نگ بێت و بتوانێت له‌ به‌غدا زیاتر له‌ 60 كورسی بهێنێت، به‌ دڵنیاییه‌وه‌ كورد قورساییه‌كی زۆری ده‌بێت. چونكه‌ به‌ گوێره‌ی راپرسییه‌كان كوتله‌ شیعه‌كان به‌ هۆی دابه‌شبوونیانه‌وه‌ كورسییه‌كانیان په‌رش و بڵاو ده‌بێت”.

سه‌باره‌ت به‌ عێراق (هوشیار زێباری ) ده‌ڵێت: “ته‌نیا ئه‌مریكا و ئێران له‌ عێراق كاریگه‌رییان نییه‌، به‌ڵكو مه‌رجه‌عییه‌تیش هه‌یه‌ و ئه‌وانیش ئیش ده‌كه‌ن و سیاسه‌ت ده‌كه‌ن، به‌ڵام به‌ گشتی هیچ هێزێك نییه‌ بتوانێت حساب بۆ كورد بكات”.

هه‌روه‌ها گوتیشی : “سه‌رۆك وه‌زیرانه‌كانی عێراق هه‌ندێكیان به‌ چانس و هه‌ندێكیان به‌ توانای خۆیان نه‌بوونه‌ته‌ سه‌رۆك وه‌زیران و ئێستاش عه‌بادی چانسی وه‌رگرتنه‌وه‌ی پۆستی سه‌رۆك وه‌زیرانی نییه‌”.

Back to top button