حه‌شدی شه‌عبی 18 هه‌زار یه‌كه‌ی نیشته‌جێبوون و دوكان بازاڕو باخ داگیر ده‌كات

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 26ی4ی2018 ڕێكخراوی “هیومان ڕایتس ۆچ” ڕایگه‌یاند: كه‌ هێزه‌ عێراقییه‌كان فه‌رمانیان داوه‌ به‌ڕێگه‌گرتن له‌ سه‌دان كه‌س كه‌ خێزان و خزمی گومانلێكراوانی داعشن بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ سه‌ر خانووه‌كانی خۆیان، هاوكات 18 هه‌زار خانوویان داگیر كردووه‌.

لما فه‌قیه‌، جێگری به‌ڕێوه‌به‌ری جێبه‌جێكاری به‌شی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی رێكخراوی هیومان ڕایتس ۆچ گووتی: “ئه‌و بڕیاره‌ی له‌ شاری بعاج دراوه‌، یه‌كێكه‌ له‌ به‌ڵگه‌ ڕوونه‌كان بۆ سزای به‌كۆمه‌ڵ كه‌ له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی به‌غداوه‌ به‌رامبه‌ر كه‌سوكاری گومانلێكراوانی داعش، پیاده‌ ده‌كرێت”.
جێگری به‌ڕێوه‌به‌ری جێبه‌جێكاری به‌شی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی رێكخراوی هیومان ڕایتس ۆچ گووتیشی: داواكارم لێپرسینه‌وه‌ له‌ هێزه‌ عێراقییه‌كان و پۆلیس و میلیشیاكانی حه‌شدی شه‌عبی له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و جیاكارییه‌ بكرێت.

هاوكات، ماڵپه‌ری “عه‌ره‌بی جه‌دید” رایگه‌یاند: كه‌ حكوومه‌ته‌كه‌ی عه‌بادی، به‌رامبه‌ر ئه‌وانه‌ی گومانی داعشبوونیان له‌سه‌ره‌ نه‌ریتێكی خێڵه‌كی پێچه‌وانه‌ی یاسا په‌یڕه‌و ده‌كات، كه‌ بریتییه‌ له‌ سزای به‌كۆمه‌ڵی كه‌سوكاری ئه‌و گومانلێكراوانه‌.

ماڵپه‌ری “عه‌ره‌بی جه‌دید” ئه‌وه‌شی خستووه‌ته‌ڕوو، له‌نێوان 16 بۆ 18 هه‌زار یه‌كه‌ی نیشته‌جێبوون و دوكان و بازاڕ و باخ، له‌لایه‌ن میلیشیاكانی حه‌شدی شه‌عبی به‌ڕه‌زامه‌ندی حكوومه‌تی به‌غدا له‌ 7 پارێزگا، داكیر كراون.

Back to top button