چەکدارانی کەتیبەی سوڵتان موراد رێگە له‌ گه‌رانه‌وه‌ی دانیشتوانی گونده‌كانی عه‌فرین ده‌گرن

لە گوندی کۆتانا لە هەرێمی عەفرینی رۆژئاوای کوردستان بەر لە هێرشی تورکیا و چەکدارانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا جموجۆڵی خەڵک و ژیانی رۆژانەیان ئاسایی بوو. بەڵام ئێستا گوندەکە بە تەواوەتی چۆڵە و ریگای گەڕانەوە لەبەردەم خەڵکی گوندەکە گیراوە.

گوندی کۆتانا سەر بە ناوچەی بلبلێ-ی هەرێمی عەفرینە، 30 کیلۆمەتر لە ناوەندی شاری عەفرین و 10 کیلۆمەتریش لە شارۆچکەی بلبلێ دوورە، رووبەری گوندی کۆتانا 683 هێکتارە و لە زیاتر لە 200 ماڵ پێکدێت. ژمارەی دانیشتووانی گوندەکە بەر لە هێرشەکە 3000 کەس بوون. لە کۆتانا جگە لە زەیتوون، داری بادەم، گوێز، هەنار، هەنجیر و مێوی ترێ زۆرن.

رۆژی 12ی ئادار کەتیبەکانی ئەلحەمزە گوندی کۆتانا-یان کۆنتڕۆڵکرد، ئێستا چەکدارانی لیوای سوڵتان موراد لە نێو گوندەکەن، ژمارەیەک لە خانووەکانی گوندەکە لە ئەنجامی تۆپبارانەکاندا رووخاون. چەکدارەکان رێگە نادەن خەڵکی گوندەکە بگەڕێنەوە ماڵەکانی خۆیان. خەڵکی گوندەکە ئاوارەی قەریگۆلێ، عەفرین، نبل و شەهبا بوونە.

تاوەکو ئێستا چەکدارانی سەر بە تورکیا رێگەیان نەداوە کەس لە خەڵکی گوندی کۆتانا بگەڕێتەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆی، بەپێی سەرچاوەکان چەکدارەکانی ئۆپۆزیسیۆن گوندەکەیان تاڵانکردووە، جیا لەماڵی هاونیشتمانیان کەلوپەلی شوێنە گشتییەکانیشیان بردوون.

Back to top button