دواین زانیاری له‌باره‌ی كۆبوونه‌وه‌ی نێچیرڤان بارزانی و ئەلستەر بۆرت، وەزیری دەوڵەتی بەریتانیا

شاندێكی بەریتانیا، لە كۆبوونەوەیاندا لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، هەنگاوەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیان بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكان لەگەڵ بەغدا و دروستبوونەوەی متمانە بەرز نرخاند‌ و، هیوایان خواست دیالۆگی‌ جیددیتر بۆ چارەكردنی كێشەكان هەبێت.

ئێوارەی دوێنێ هەینی، 27/4/2018، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، پێشوازیی لە ئەلستەر بۆرت، وەزیری دەوڵەتی بەریتانیا بۆ كاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پەرەپێدانی نێودەوڵەتی و شاندێكی دیپلۆماسیی یاوەری كرد.

لە دیدارێكدا كە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان ئامادەی بوو، شاندی میوان هەنگاوەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكان لەگەڵ بەغدا و دروستبوونەوەی متمانە بەرز نرخاند‌ و، هیوایان خواست دیالۆگی‌ جیددیتر بۆ چارەكردنی كێشەكان هەبێت، بە پێویستیشیان زانی دوای هەڵبژاردن هەموو لانەكان بە تایبەتی لایەنی كوردی، ڕۆڵی خۆیان لە دروستكردنی حكوومەتێكی بنكەفراوان بینن.

شاندی میوان ئاشكرایشی كرد كە بەریتانیا گرینگییەكی زۆر بە پەیوەندییەكانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان دەدات، بە تایبەتی لە بوارەكانی مەشق و ڕاهێنان و هاوكاریی سەربازی بۆ پێشمەرگە و پەرەپێدانی ئابووری و سەرمایەگوزاریدا.

لای خۆیەوە، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی ئەو سەردانە و هاوكارییە سەربازی و مرۆییەكانی بەریتانیای بۆ هەرێمی كوردستان و زەمینەخۆشكردن بۆ دەستپێكردنی دیالۆگی هەولێر ـ بەغدا كرد، پێشوازییشی لە بیرۆكەی‌ گرینگیدان بە بواری ئابووری دوای هەڵبژاردن و سەقامگیری و ئاسایش لە عێراق كرد و‌، ئامادەییی هەرێمی كوردستانی بۆ هەر ئاسانكاری و هاوكارییەك لەو باریەوە نیشان دا.

نێچیرڤان بارزانی، بە پێویستی زانی وڵاتانی هاوپەیمان و بەریتانیا هاوكار بن بۆ جێبەجێكردنی ڕیفۆرم و چاكسازی لە عێراق بە گشتی و بە تایبەتی لە هەرێمی كوردستاندا.

تاوتووكردنی دۆخی ناوچەكە و هەڵبژاردنی عێراق و هەرێمی كوردستان، لایەنێكی دیكەی دیدارەكە بوو.

Back to top button