100 كاندید كێبڕكێ دهكهن بۆ نۆ كورسی كۆتا
راپۆرتی شیكاری : خواكورك
زیاتر لە 20 هاوپەیمانێتی و لیستی تاکەکەسی بە نزیکەی 100 کاندیدەوە کێبڕکێ لەسەر نۆ کورسی کۆتاکان دەکەن بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق کە بڕیارە لە 12ی ئایاری ئەمساڵدا بەڕێوەبچێت.
بەپێی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق، کورسییەکانی پەرلەمانی داهاتوو لە 329 کورسی پێکدێن کە 320 یان بەسەر پارێزگاکاندا دیاریکراون، نۆ کورسییەکەی دیکەش بۆ کۆتاکان دیاریکراوە، کە پێنجیان بۆ مەسیحییەکان سەرو کورسییەک بۆ سابئەی مەندائییەکان، ئێزیدییەکان، شەبەک و فەیلییەکان تەرخانکراوە.
مەسیحییەکان؛ حەوت قەوارە بە 68 کاندیدەوە
مەسیحییەکان کە زۆرترین کورسی کۆتایان بۆ دیاریکراوە، بەسێ هاوپەیمانێتی و چوار قەوارەی سیاسییەوە کێبڕکێ لەسەر ئەو کورسیانە دەکەن کە بەپێی سیستمی کۆتا بۆیان دیاریکراوە و بۆ ئەو مەبەستەش 68 کاندیدیان دیاریکردووە.
هاوپەیمانێتییەکان پێکهاتون لە ئەنجومەنی گەلی کلدانی و سریانی و ئاشوری، بزوتنەوەی گردبونەوەی سریانی، بزوتنەوەی بابلیۆن.
هەروەها چوار قەوارە سیاسییەکەش پێکهاتون لە رۆڵەکانی نەهرەین كه ههریهكه لە یەکێتی بەیت نەهرەینی نیشتیمانی، رێکخراوی کلد و ئاشوری حزبی شیوعی، لیستی وەرکا و حزبی بەیت نەهرەینی دیموکراتی له خۆدهگرێت.
هاوپەیمانێتی کلدان، كه پێکهاتووە لە ئەنجومەنی نیشتیمانی کلدانی، یەکێتی دیموکراتی کلدانی و رابیتەی کلدانی.
ههروهها هاوپەیمانێتی بزوتنەوەی دیموکراتی ئاشوری و حزبی نیشتیمانی ئاشوری.
ئەو پێنج کورسییەی بۆ مەسحییەکان تەرخانکراوە، دەکەونە پارێزگاکانی (هەولێر، دهۆک، کەرکوک، نەینەوا، بەغدا).
سابئەی مەندائییەکان؛ شەش کاندید بۆ كورسییهك
سابئەی مەندائییەکان بەپێی سیستمی کۆتای یاسای هەڵبژاردنەکانی عیراق کورسییەکانیان لە پارێزگای بەغدا بۆ تەرخانکراوە.
هیچ هاوپەیمانێتی و قەوارەیەکی سیاسی خۆی تۆمارنەکردوە بۆ کێبڕکێ لەسەر ئەو کورسییە، بەڵکو شەش کەس بە قەوارەی تاکەکەسی خۆیان کاندید کردوە و کێبڕکێ لەسەر ئەو کورسییە دەکەن.
کاندیدەکان کە تهواویان لە پارێزگای بەغدا خۆیان کاندید کردوە پێکهاتون لە (سەلام نەعیم عەتیە، نوفل ناشی، رەحیم لوعێبی، رەعد جەبار، لەمیائـ شاوی و حارس شنشل).
مەندائی بە کۆنترین ئاین دادەنرێت کە لەسەر خاکی دۆڵی رافیدەین و بە دیاریکراوی لە شاری ئوری باشوری عیراق و ناوچەکانی دەوروبەری هۆر و روبارەکان گەشەی کردوە و پەیڕەوکارانی خاوەنی چەندین رێوڕەسم و تایبەتمەندی تایبەت بە خۆیانن.
فەیلییەکان؛ 12 کاندید کێبڕکێی لەسەر کورسییەك
فەیلییەکان بۆ هەڵبژاردنی ئەمساڵی پەرلەمانی عیراق کورسییەکی کۆتایان لە پارێزگای واست بۆ دیاریکرا، لەکاتێکدا پێشتر خاوەنی کورسی کۆتا نەبون.
سێ هاوپەیمانی و قەوارەی سیاسی کە پێکهاتون لە جەبهەی فەیلی، گردبونەوەی یەکێتی فەیلی، هاوپەیمانی فەیلی عیراقی، لەگەڵ شەش کەسایەتی سەربەخۆ کێبڕکێ لەسەر کورسی کۆتای فەیلییەکان دەکەن.
کۆی گشتی ئەو کاندیدانەی کێبڕکێ لەسەر ئەو کورسییه دەکەن لە 12 کاندید پێکهاتون کە تهواویان لە پارێزگای واست خۆیان کاندیدکردوە.
شەبەک؛ پێنج کاندید بۆ كورسییهك
پێکهاتەی شەبەکەکان کورسییەکی کۆتایان لە پارێزگای نەینەوا بۆ دیاریکراوە، کە چەند قەوارە و کەسایەتییەک کێبڕکێی لەسەر دەکەن.
ئەو قەوارە و کەسایەتییانە پێکهاتون لە رەوتی ئەحراری شەبەک، قوسەی عەباس، سالم محەمەد، سەعد سالم سوڵتان، کە پێنج کاندیدیان دیاریکردوە بۆ کێبڕکێ لەسەر کورسییەکی کۆتا.
جگە لەوە گردبونەوەی شەبەکی دیموکراتی چۆتە ناو هاوپەیمانی فەتحەوە و دوو کاندیدی لە پارێزگای نەینەوا دیاریکردوە و دەیەوێت لە دەرەوەی کورسی کۆتای شەبەکەکان، کورسی پەرلەمانی بەدەستبهێنن.
شەبەکەکان کە بە یەکێک لە پێکهاتەکانی عیراق دادەنرێن، لە ناوچەکانی دەوروبەری نەینەوا لەنێوان هەرێمی کوردستان و شاری موسڵدا دەژین.
ئێزیدییەکان؛ شەش کاندید کێبڕکێ کورسییەکی کۆتا دەکەن
ئێزیدییەکان کە زۆرینەیان لە پارێزگای نەینەوا نیشتەجێن کورسییەکی کۆتایان لەو پارێزگایە بۆ دیاریکراوە و چەند لیست و قەوارەیەک کێبڕکێی بەدەستهێنانی دەکەن.
ئەو قەوارە و لیستانە پێکهاتوون لە بزوتنەوەی ئێزیدی لەپێناو چاکسازی و پێشکەوتن، پارتی پێشکەوتنی ئێزیدی، پارتی ئازادی و دیموکراتی ئێزیدی کە سەرجەمیان شەش کاندیدیان دیاریکردووەو کێبڕکێ لەسەر ئەو تاکە کورسییە دەکەن.
لەدەرەوەی کێبڕکێ لەسەر ئەو کورسییە کۆتایە، حزبی ئێزیدی دیموکراتی بە لیستێکی جیا خۆی تۆمارکردووە و 16 کاندیدی لە پارێزگای نەینەوا دیاریکردووە بۆ کێبڕکێ لەسەر کورسییەکانی پارێزگاکە کە ژمارەیان 31 کورسییه.