حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه‌

حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ بۆنه‌ی رۆژی یه‌كی ئایار، رۆژی جیهانی كرێكاران، ئه‌و رۆژه‌ پیرۆز ده‌كات و ده‌ڵێت.”حكومه‌ت بە بایەخەوە لە ڕۆڵ و پێگەی ئەم توێژەی کۆمەڵگاکەمان دەڕوانێت و پەرۆشی دەستەبەرکردنی ماف و داخوازیەکانیانە.”

بەبۆنەی یەکی ئایار، ڕۆژی جیهانیی کرێکارانەوە، پیرۆزباییەکی گەرم لە سەرجەم کرێکارانی کوردستان و جیهان دەکەین. ئەم ڕۆژە لە مێژووی کرێکاراندا ڕۆژێکی پرشنگدار و پڕ بەهایە بۆ داکۆکیکردن لە ماف و خواستەکانیان، کرێکاران توێژێکی زیندووی خاوەن ڕەنج و بەرهەمهێنی کۆمەڵگاکانیانن، له کوردستانیش ڕۆڵی گرنگ و کاریگەریان لە پرۆسەی بنیاتنان و ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانی وڵاتدا هەیە.

حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە بایەخەوە لە ڕۆڵ و پێگەی ئەم توێژەی کۆمەڵگاکەمان دەڕوانێت و پەرۆشی دەستەبەرکردنی ماف و داخوازیەکانیانە، هەوڵی جددی دەدات بۆ باشترکردنی گوزەران و ڕەخساندنی زیاتری دەرفەتی کار و خزمەتگوزاری و مافەکانیان، هانی کەرتی تایبەتیش دەدات کە بە پشتیوانی و هاوکاریی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەت، ڕەچاوی زیاتری ماف و داخوازییەکانی کرێکار بکەن و خۆیان بە بەرپرسیار بزانن لەبەردەم پێداویستییەکانی کرێکاران و ڕەخساندنی کەش و ژینگەی کار لە ئاستێکی شیاوی سەردەمیانەدا.

وێڕای دەستخۆشیمان لە سەندیکای کرێکارانی کوردستان بۆ داکۆکیکردن و پشتیوانییان لە ماف و داخوازیەکانی ئەم توێژە گرنگه‌ی کۆمەڵگا، هیوادارین کاری زیاتر لە خزمەتی خواستەکانیاندا بکەن و بە شێوەیەکی مەدەنی و یاسایی لە هەوڵ و کۆششیان بەردەوام بن، هه‌رچیش بكه‌وێته ئه‌ستۆى حكوومه‌ت، درێخى ناكات.

بەرز و پیرۆز بێت یەکی ئایار، ڕۆژی جیهانیى کرێکاران.

ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان

١/٥/٢٠١٨

Back to top button