سهعید شنگالی : بەرنامەی پارتی بەرنامەیەكی نەتەوەییە
كەسایەتیی ئێزدی و بەرپرسی پێشووی لقی 17ی پارتی لە شنگال دهڵێت : پارتی هەر هێزی یەكەمی كوردستان دەمێنێتەوە، حزب و لایەنەكانی كوردستانیش ئەوە دەزانن، پاش هاتنی حەشدی شەعبی بۆ ناوچە كوردستانییەكان كێرڤی پارتی بە ڕێژەیەكی زۆر بەرز بووەتەوە.
سەعید شنگالی، كەسایەتیی ئێزدی و بەرپرسی پێشووی لقی 17ی پارتی لە شنگال ڕایگهیاند: “پارتی هەر هێزی یەكەمی كوردستان دەمێنێتەوە و حزب و لایەنەكانی كوردستانیش ئەوە دەزانن، خەڵكی بێ لایەنی كوردستانیش ئەمڕۆ ئەوە دەڵێن، ئەوەی كراوە پارتی كردوویەتی، حزبێك كە هیچ كات گولـلهیەكی بەرامبەر بە دوژمن نەتەقاندبێت و بەردەوام خۆپێشاندانی دژی پارتی كردبێت و خەڵكی هان دابێت و گەنجانی وڵاتی بە كوشتن دابێت، چۆن وەكو پارتی دەبێت كە بە درێژاییی مێژوو خەبات و قوربانی دەدات، بۆ ئەوەی گەلی كورد بە ئازادانە بژی و بە مافە ڕەواكانی خۆی بگات.”
سەعید شنگالی ڕاشیگهیاند: “بەرنامەی پارتی بەرنامەیەكی نەتەوەییە و بۆ بەرژەوەندیی خەڵكی هەرێمی كوردستانە، ڕێبازی پارتی و بارزانی دیار و ئاشكرا و نەگۆڕە، لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم، ناوچەكانی ماددەی 140 لە لایەن هێزی پێشمەرگەی پارتییەوە ئازاد كرا، پاش ئەوەی خەڵكی ئێمە گەڕایەوە، بەتایبەتی بۆ شنگال، حەشدی شەعبی هات، دیسان تەعدایان لە خەڵك كرد، ئەوەش وای كرد كە خەڵكی ئێمە زیاتر بۆ پارتی بێت، ئەگەر جاران خەڵكی شنگال 70% پارتی بن، ئێستا 90%ی خەڵكی ئەو ناوچانە پارتین، بۆیە پاش هاتنی حەشدی شەعبی كێرڤی پارتی بەرز بووەوە، چونكە خەڵك تێگەیشتووە كە كێ پارێزگاری لە ئەوان دەكات و كێ دەیەوێت مافەكانی ئەوان بە دەست بهێنێت”.