ڕزگار حه‌مه‌ محی الدین: هیچ دەنگدەرێك بەبێ وەرگرتنی پەنجەمۆر ناتوانێت دەنگ بدات

جێگری سەرۆكی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنی عێراق دڵنیایی دەدات كە هیچ لایەنێك ناتوانێت بزانێت دەنگدەر دەنگی بە كێ داوەو هیچ كەسێكیش ناتوانێت زیاتر لە جارێك دەنگ بدات، دوای پڕۆسەكە پەنجەمۆری سەرجەم دەنگدەران بەراورد دەكرێن‌و هەر كەسێك پەنا بۆ زیاتر لە جارێك دەنگدان ببات دەدرێتە دادگا.

ڕزگار حەمەمحێ الدین، جێگری سەرۆكی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنی عێراق، له‌ چاوپێكه‌وتنێكی رۆژنامه‌وانیدا تیشكدەخاتەسەر وردەكاریی پڕۆسەی دەنگدان‌و ڕێكارەكانیان بۆ ڕێگریی لە ساختەكاری‌و پیسكردنی پڕۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق(12-5).

جێگری سەرۆكی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنی عێراق رایگه‌یاند: كارتی دەنگدان تەنها بۆ وردبینیكردنەو لە پڕۆسەكەدا دەنگدەر دەچێتەلای فەرمانبەری وردبینی‌و كارتەكەی پیشاندەدات، لەو ڕێگایەوە ناوی سیانی‌و وێنەو دەموچاوی دەنگدەر دەناسرێتەوەو پەنجەمۆری وەردەگیرێت، پاشان ڕێگای پێدەدرێت دەنگ بدات.

هه‌روه‌ها رزگار حه‌مه‌ محی الدین ڕاشیگه‌یاند: “هیچ كەسێك بەهیچ شێوەیەك ناتوانێت دووجار دەنگ بدات، چونكە ئەو كارتەی دەنگدەر پێیەتی تەنها یەكجار كاردەكات جاری دووەم لە هەر شوێنێك بڕوات كارتەكەی داخڵ بكات یەكسەر ئامێرەكە پێی دەڵێت تۆ لە كاتژمێرو دەقەو سانیەی ئەوەندە دەنگت داوە، ئەمە بۆ كارتە كۆنەكەو كارتی بایۆمەترییەكەشەو هەمان بەرنامە بۆ هەردوكیان دانراوە”
جێگری سه‌رۆكی كۆمسیۆنی باڵای هه‌لبژاردنه‌كانی عێراق ده‌لێت :”هیچ دەنگدەرێك بەبێ وەرگرتنی پەنجەمۆر ناتوانێت دەنگ بدات، سەرجەم پەنجەمۆرە وەرگیراوەكانیش دواتر بەراورد دەكرێن ولە ماوەی72 كاتژمێردابەراوردی سەرجەم پەنجەمۆرەكان دەكرێت لە هەر وێستگەیەكی دەنگدان ئەگەر لە سەدا 25ی پەنجەمۆرەكان وەكویەك وابوون ئەو سندوقە دەسوتێنرێت‌و دەنگەكانی ئەژمارناكرێت “.
جێگری سه‌رۆكی كۆمسیۆنی بالای هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق ده‌شڵێت :دەنگدەر پێویستە كارتی دەنگدانی بایۆمەتری(ئەگەر كردبووی) یاخود ئەو كارتەی پێبێت كە هەڵبژاردنی ڕابردوو دەنگی پێداوە، لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە بەڵگەیەكی دیكەی پێبێت كە عێراقی بوونی بسەلمێنێت، ئەوكات دەتوانێت دەنگ بدات.

هه‌روه‌ها سه‌باره‌ت رێكاره‌كانی كۆمسیۆن ڕزگار حه‌مه‌ محی الدین گووتی :دەنگدەر مۆرێکی تایبەت بەكاردەهێنێت بۆ دەنگدان كە لە شێوەی قەڵەمێكدایەو سەری مۆرەکە بریتییە لە لۆگۆی کۆمسیۆن لەناو بازنەیەکدا، حبری مۆرەکەش تایبەتەو بە هیچ شێوەیەك ناسڕێتەوە،سەرجەم سندوقەكانی هەڵبژاردن لە ڕێی مانگێكی دەستكردی تایبەتەوە كە كۆمپانیایەكی كۆری دابینیكردووە دەگواسترێنەوە بۆ بەغداد، لەگەڵ ئەوەشدا كۆمسیۆن ڕێگایەكی دیكە دەگرێتەبەر بۆ دڵنیایی زیاتر لە پاكیی پڕۆسەكە.

هه‌روه‌ها گووتیشی:”لەسەر سندوقەكە شوێنێكی تایبەتی هەیەو فلاش میمۆرییەكی زۆر تایبەت بەكاردەهێنین، ئەو فلاشە دەتوانێت تەنها زانیارییەكان لە سندوقەكە وەربگرێت، واتە سكانی سەرجەم وەرەقەكانی دەنگدان‌و ئەنجامەكان وەردەگرێت، شەوی هەڵبژاردنەكە ئێمە لە ڕێگای فڕۆكەوە لە هەموو پارێزگاكان سەرجەم فلاشەكان كۆدەكەینەوەو لە سێرڤەرێك بەجیا دایان دەنێین، ئەوەی كە لە ئاسمانەوە بە مانگی دەستكرد هاتووە لە سێرڤەرێكی دیكەیەو ئەوكات بەراوردێك دەكەین لەنێوان هەردووكیان بۆ ئەوەی دڵنیایی تەواو بدەین كە ئەوەی لە ئاسمان هاتووە لەگەڵ ئەوەی لە فلاشەكان كۆمانكردووەتەوە وەكو یەكن.”

سه‌باره‌ت به‌ بوونی فلاش میمۆری ده‌نگدان ڕزگار حه‌مه‌ محی الدین ده‌لێت :سەرجەم سندوقەكانی هەڵبژاردن شوێنی ئەو فلاش میمۆرییەیان هەیەو كۆمسیۆن گرێبەستی لەگەڵ كۆمپانیایەك كردووە بۆ هێنانی ئەو فلاشە تایبەتانە بۆ هەموو وێستگەو بنكەكانی دەنگدان، “لای بەڕێوەبەری وێستگەی دەنگدانەكە دەبێت، كۆتایی دەنگدانەكە جگە لەوەی بە مانگی دەستكرد ئەنجامەكان دەنێرێت لە ڕێگەی ئەو فلاشەشەوە وەریدەگرین‌و فلاشەكان كۆدەكەینەوە.”

له‌ كۆتایی چاوپێكه‌وتنه‌كه‌یدا جێگری سەرۆكی كۆمسیۆن دەربارەی كاتی ڕاگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردن دوای كۆكردنەوەو بەراورد كردنی سەرجەم داتاكان، وتی”ئێمە لە 46 بۆ 48 كاتژمێر ئەنجامی كۆتایی ڕادەگەیەنین.”

Back to top button