نێچیرڤان بارزانی : حكومه‌تی هه‌رێم له زۆرلایه‌نه‌وه به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ ئێران‌دا هه‌یه
![](https://xwakurk.com/wp-content/uploads/2018/05/1-11.jpg)
ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه 2یئایاری 2018 به ئاماده‌بوونی نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆك وه‌زیران، د. محه‌مه‌د شه‌ریعه‌تمه‌داری، وه‌زیری پیشه‌سازی و كانزاكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران، محه‌مه‌د شه‌یاح ئه‌لسوودانی، وه‌زیری پیشه‌سازی و كانزاكانی عێراق و ژماره‌یه‌ك له وه‌زیر و به‌رپرسانی هه‌رێمی كوردستان و خاوه‌نكار و بازرگانانی هه‌رێمی كوردستان و عێراق و كۆماری ئیسلامیی ئێران، له شاری هه‌ولێر كۆنفرانسی په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندیی ئابووریی نێوان كۆماری ئیسلامیی ئێران و هه‌رێمی كوردستان ده‌ستی به كاره‌كانی كرد.
له كۆنفرانسه‌كه‌دا دوای پێشكه‌شكردنی چه‌ند وته‌یه‌ك له‌لایه‌ن ڕێكخه‌ران و ئاماده‌بووانی كۆنفرانسه‌كه‌وه، به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان وته‌یه‌كی پێشكه‌ش كرد.
سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان باسی په‌یوه‌ندییه هاوبه‌شه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامیی ئێرانی كرد و ڕایگه‌یاند ‘‘ كه حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له زۆر لایه‌نه‌وه له‌گه‌ڵ ئێران به‌رژه‌وه‌ندیی هاوبه‌شی هه‌یه و گرنگییه‌كی گه‌وره به په‌یوه‌ندییه ئابوری و بازرگانییه‌كانی له‌گه‌ڵ ئێران ده‌دات، هه‌ر بۆیه به بایه‌خه‌وه له‌م كۆنفرانسه ده‌ڕوانێت و پشتگیری لێ ده‌كات و پشتگیریش له هه‌ر كار و چالاكییه‌كی دیكه ده‌كات ببێته هۆی په‌ره‌پێدان و به‌ره‌وپێشبردنی په‌یوه‌ندییه ئابووری و بازرگانییه‌كان و له‌مباره‌یه‌وه حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كاری به‌رده‌وامی كردووه‘‘ .
هه‌ر له وتاره‌كه‌یدا سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاشكرای كرد كه قه‌باره‌ی ساڵانه‌ی ئالوگۆڕی بازرگانیی نێوان هه‌رێمی كوردستان و ئێران ده‌گاته 6,5 ملیار دۆلار كه زیاتر له 25%ی كۆی گشتی هاورده‌كردنی هه‌رێمی كوردستان پێكده‌هێنێت، ئه‌مه جیا له فڕۆخانه‌كان و پارێزگاكانی خوارووی عێراق.
نێچیرڤان بارزانی ئاماژه‌ی دا ” كه هه‌رێمی كوردستان 67%ی هاورده‌كردنی ئۆتۆمبیل له سنووره‌كانی ئێرانه‌وه ئه‌نجام ده‌دات و 359 كۆمپانیای ئێرانی له هه‌رێمی كوردستان لقیان هه‌یه كه زۆربه‌یان له بواری بازرگانیدا كار ده‌كه‌ن، وێڕای هه‌بوونی 135 كارگه‌ی ئێرانی له هه‌رێمی كوردستان كه سه‌دان ده‌رفه‌تی كاریان ڕه‌خساندووه و كۆی ئه‌و چالاكییه بازرگانییانه‌ش له هه‌رسێ مه‌رزی سنوری نێوده‌وڵه‌تیی په‌ڕوێزخان، حاجی ئۆمه‌ران و باشماخه‌وه ئه‌نجام ده‌ده‌رێن، له‌گه‌ڵ پێنج مه‌رزی دیكه‌ی لاوه‌كی كه له هه‌وڵدان هه‌ندێكیان بكرێنه ده‌روازه‌ی نێوده‌وڵه‌تی”.
سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێم گووتی : كۆنفرانسی په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندیی ئابووریی نێوان كۆماری ئیسلامیی ئێران و هه‌رێمی كوردستان ده‌بێته پاڵپشتییه‌كی دیكه بۆ فراوانكردنی بازرگانی و چالاكییه ئابوورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و عێراق به‌گشتی له‌گه‌ڵ كۆماری ئیسلامیی ئێران‌دا و ده‌بێته هانده‌رێك بۆ بازرگانان و خاوه‌نكاران و وه‌به‌رهێنه‌رانی هه‌رێم و عێراق له‌گه‌ڵ ئێران كه ده‌رفه‌تی باشتری كار و بازرگانییان بۆ بڕه‌خسێت و قه‌باره‌ی ئالوگۆڕی بازرگانیی زیاد ببێت، كه یه‌كێك له ئامانجه سه‌ركییه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه و كاری جددی و به‌رده‌وامی بۆ ده‌كات.
له كۆتایی وتاره‌كه‌یدا نێچیرڤان بارزانی هه‌ڵوه‌سته‌ی له سه‌ر هاوكارییه‌كانی گه‌ل و كۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ هه‌رێمی كوردستان كرد و بیری هێنایه‌وه كه گه‌ل و كۆماری ئیسلامی دۆستی دێرینی گه‌لی كوردستانن، له ڕۆژانی ته‌نگانه‌دا ده‌رگایان له په‌نابه‌رانی كوردستاندا كردۆته‌وه، داڵده‌ی داون و هاوكاریی كردوون، له شه‌ڕی داعشیشدا یارمه‌تی پێشكه‌ش به هه‌رێمی كوردستانی كردووه كه جێگه‌ی ڕێزی حكوومه‌ت و گه‌لی كوردستانه و هه‌میشه به چاوی ڕێز و پێزانینه‌وه سه‌یری مێژووی په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ ئێران ده‌كات، بۆیه خوازیاری ئه‌وه‌یه هه‌میشه په‌یوه‌ندیی باشیان له‌گه‌ڵ یه‌كتردا هه‌بێت به‌تایبه‌تی په‌یوه‌ندیی بازرگانی و ئابووری، درێژخایه‌ن و ستراتیژی بن له هه‌رێمی كوردستان و عێراق سوود له پسپۆڕی و شاره‌زاییه‌كانی ئێران له بواره‌كانی پیشه‌سازی و كشتوكاڵیدا وه‌ربگیرێت.