لەبارەی سەردانی سەرۆك بارزانی و شاندی باڵای كوردستان بۆ بەغدا
خواكوڕك
ئازادكردنی موسڵ و نەهێشتنی داعش ئامانجێكی هاوبەشی حكوومەتی عێراق و كوردستانە. بە ئازادكردنی موسڵ هەڕەشە لەسەر هەولێر و كەركووك و دهۆك و شنگال نامێنێت و ئاوارەكان دەتوانن بگەڕێنەوە شوێنەكانی خۆیان. جگە لەوەیش بووژانەوە و ئۆقرەیی بۆ ئەو ناوچانە دەگەڕێتەوە كە دوو ساڵە ژیانی تێدا نەماوە. دەركردنی داعش لە موسڵ بۆ عێراق و ئەمەریكا و هەموو جیهان بایەخێكی زۆری هەیە و لەوەدا پێشمەرگە ڕۆڵی سەرەكی دەگێڕێت.
پرسیاری سەرەكی ئەوەیە مادام عێراق و كوردستان دەتوانن بە هەماهەنگی و كاری هاوبەشی نێوانیان تیرۆر تێكبشكێنن و داعش لەناو بەرن بۆچی لە بوارەكانی تردا هاوكار و هەماهەنگی یەكتر نەبن؟ بۆ هەردوولا بە تەفاهوم و دیالۆگ گرفتەكانیان چارەسەر نەكەن؟ بۆچی لەڕووی ئابووری و ئەمنییەوە پشتیوانی یەكتر نەبن؟ مادام كوردستان و عێراق دەتوانن ئاڵۆزترین ئۆپڕاسیۆنی سەربازی و ئەمنی لەدژی دوژمنێكی هاوبەشی بەهێز ئەنجام بدەن بۆچی كێشە و گرفتی سیاسی و یاسایی لەنێوانیان چارەسەر نەكەن؟
دەكرێ قسە لەسەر هەموو شتێك بكرێت و هیچ گرفتێك بوونی نییە كە لەڕێگەی تەفاهوم و دیالۆگ چارەسەر نەكرێت. ئەوە پەیامی سەرەكیی شاندەكەی هەرێمی كوردستان بۆ دەستەڵاتدارانی بەغدا. شەڕی تیرۆر، بابەتی ئاوارەكان، قەیرانی ئابووری و دارایی و هەروەها ئاییندەی پەیوەندیی نێوان كوردستان و عێراق چوار تەوەری سەرەكیی گفتوگۆكانی شاندی هەرێم و بەغدا بوو. لە هەر چوار تەوەردا هێڵ و بەرژەوەندیی هاوبەش كوردستان و عێراق بەیەكەوە دەبەستێتەوە و زەمینەی كاری هاوبەش دەرەخسێنێت.
هەستیارترین بەشی گفتوگۆكان ئاییندەی كوردستان لەناو دەوڵەتی عێراق و مەسەلەی سەربەخۆیی بووە. بەپێی سەرچاوەكانی ناو كۆبوونەوەكان سەرۆك بارزانی ڕاشكاوانە سەربەخۆیی و بابەتی ئاییندەی كوردستان و عێراقی باس كردووە و لایەنە سیاسییەكانی عێراقی لەو داوایەی گەلی كوردستان ئاگادار كردووەتەوە. ئەوەیش یەكەمجارە لە مێژووی كوردستاندا شاندێكی كوردستانی ئەو بابەتە لەگەڵ ناوەند باس بكات. هەڵوێستی زۆربەی سیاسییەكانی عێراق دژایەتیكردن و دەمارگیری نییە لەبەرانبەر ئەو داوایە بەڵكو دانیشتن و دیالۆگ و قسەكردنی زیاترە لەسەر بابەتی شەراكەت و پەیوەندیی نێوان هەردوولا.
ئەوەیش خۆی لە خۆیدا هەنگاوێكی ئیجابی و دڵخۆشكەرە كە دەكرێ پڕۆسەی سەربەخۆیی كوردستان لەڕێگەی زنجیرەیەك كۆبوونەوە و حیوار و لێكتێگەییشتن بكەوێتە ڕێ. پەیوەست بەم باسەوە پەیامی سەرۆك بارزانی و شاندی یاوەری بۆ بەغدا زۆر ڕوونە. كوردستان نایەوێ بە سەربەخۆیی خۆی زیان لە عێراقییەكان بدات بەڵكو سەربەخۆیی ڕێگەیەكە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و ڕەخساندنی هاوكاری و دۆستایەتیی هەمیشەیی لە نێوان كوردستان و عێراق.