بەرپرسێکی گۆڕان ٤۰هەزار یۆرۆی کۆمسیۆن لە ئەوروپا دەدزێت

ئەگەرچی بزووتنەوەی گۆڕان بە دروشمەکانی رووبەرووبوونەوەی گەندەلی هاتنە گۆرەپانی سیاسی، بەڵام لە ماوی هەشت ساڵی رابردوویان لە دەیان کەیسی گەندەڵی گەورەی تێوەگڵاون، لەدواهەمینیان هەڵسوڕاوێک ئاشکرای دەکات کە بەرپرسێکی گۆڕان پارەی کۆمسیۆنی دزیوە.

بژار محەمەد كە بە بژار مەنمی ناسراوە، ھەڵسوڕاو و کادیری خۆبەخشی بزووتنەوەی گۆڕانە لە وڵاتی فینلاند، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووكدا پۆستێكی لەبارەی ئاشكراكردنی گەندەڵییەكی بەرپرسی بزووتنەوەكەیان لە فینلاند كردووە، تیایدا داوای لە سەركردایەتی بزووتنەوەی گۆڕان كردووە هەڵوێستیان هەبێت، بەڵام لە وەڵامدا بەرپرسانی گۆڕان پێیانگوتووە ئەمە كاری كۆمسیۆنە.

هەڵسوڕاوەكەی گۆڕان ئاماژەی بە چەند بەڵگەیەك كردووە، كە هەندێكیان هی لایەنی عێراقیین و بە زمانی عەرەبی لەبارەی دزینی پارەی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانەوە لەلایەن بەرپرسەكەی بزوتنەوەی گۆڕانەوە نووسراون، ئەوانی تریش بەڵگەی وەسڵ و تیكتی ئەو پارانەن كە گوایە بەرپرسەكەی گۆڕان لە فینلاند بۆ بەكرێگرتنی هۆڵی دەنگدان و خواردنی كارمەندانی كۆمسیۆن خەرجی كردوون و بڕەكان زۆر لە نرخی ئاسایی زیاترن و گەندەڵیان تێدا كراوە.

لە نووسینەكەی بژاردا هاتووە “لەم چەند ڕۆژەی پێشوو بڕی 40 ھەزار یۆرۆ لەلایەن کۆمسیۆنەوە تەرخان کراوە بۆ ھەڵبژاردنەکان، ئەنجومەنی بزووتنەوەی گۆڕان بە حوکمی زۆری ئەندامی کۆمسیۆن، ئەرکی سەرپەرشتی پێ سپێردراوە. لەو بڕە پارەیە ھۆڵێکی دەنگدان بەكرێ گیراوە بۆ دوو ڕۆژ بەبڕی 25 هەزار یۆرۆ بەناوی لوقمان وەیس لەسەر ناوی بزووتنەوەی گۆڕان، كە ئەویش لەلایەن ئاراس وەلی بەرپرسی ڕەوەندی کوردی بزووتنەوەی گۆڕان لە ئەورووپا متمانەی پێكراوە. هەروەها ئەنجوومەنی بزووتنەوەی گۆڕان 12 کەسی لەسەر ناوی بزووتنەوەکە داناوە بەناوی چاودێری ھەڵبژاردنەوە، ھەر کەسەیان بەبڕی 1500 یۆرۆ وشکە، بەدەر لە نان خواردن و خەرجییەكانی ڕۆژەکە. ناوەڕۆکی دزیەکەش ئەمەیە کە ئاراس وەلی بەسیفاتی بەرپرسی ئەورووپا و پێدانی دەسەلات بەلوقمان بەپلەی یەکەم لێی بەرپرسە و دواتر سیروان بەسیفاتی سەرۆکی ئەنجوومەن”.

لەبارەی بڕی گەندەڵییەكەشەوە نووسیویەتی “25 ھەزار يۆرۆ بۆ ھۆڵ، نرخێکی سێ بەرامبەرە و باشترین ھۆڵی فینلاند ڕۆژی 5 هەزار یۆرۆ تێپەڕ ناکات. واتا لێرە بەنزیکەی 15 ھەزار یۆرۆ دزراوە لە نێوان ئاراس و لوقمان و سیروان”.

هەروەها دەڵێ “دانانی 12 کەس بەچاودێر، سەرجەمیان ژن و کچ و خزمی سیروان و لوقمانن، ھەتا ئێستەش ناوەکان بوونیان نیە و وەھمین. وەک لە وێنەکانیش دەبینرێ، وەسڵیان کردووە ئەوەندە پەلەیان بووە بۆ دزیەکە، رۆژی 6.5.2018یان نووسیوە، كەچی ئەمڕۆ 4.5.2018یە”. (ناوبراو دوێنێ پێنجشەممە نووسیویەتی).

هەڵسوڕاوەكەی بزووتنەوەی گۆڕان ئەوەشی نووسیوە كە بۆ خەرجییەكانی خواردنیش، بۆ هەر نەفەرێك دە بەرابەر پارەیان نووسیوە، كەچی خواردنەکەش لە چێشتخانەکەی لوقمان خۆیەوە ئامادە دەکرێت، بەم شێوەیە زیاتر لە 20 هەزار یۆرۆیان دزیوە.

لە كۆتاییشدا نووسیویەتی “سەرجەمی ئەم بەڵگانە و قسانەم ناردووە بۆ چەند بەرپرسی گردەکە، لەناویاندا زمناکۆ جەلال بەرپرسی ژووری ھەڵبژاردنی بزوتنەوەی گۆڕان، بەڵام وەڵامم نەبووە، پەیوەندیشم بە سیروانەوە كردووە ڕوونکردنەوە بدات، زۆر بێمنەتانە گوتی بەباوکی گردەکەش بڵێ، چیتان لەدەست دێت، بیکەن، بۆیە ناچار بووم خۆم ئەوەندەی لەتوانامدایە ئەم دزیە ئاشکرا بکەم بۆ ڕای گشتی”

Back to top button