بۆچی خۆراكی خێرا زیانبەخشە و مرۆڤ تووشی نه‌خۆشی و قه‌ڵه‌وی ده‌كات.؟

ژەمێك كە هامبرگر، خۆراكی سووركراوە لەناو زەیتێكی زۆر گەرم، سۆدا، فینگەر جیبس، تاد لەخۆبگرێت ئەوا بڕێكی زیاتر وزە و خوێ و چەوری دابین دەكات كە زیاترە لە بڕی پێویستی ئاسایی لە هەر ماددەیەكی خۆراكی، بۆ نموونە ژەمێكی ئاوا لەوانەیە كە زێتر لە 1000 كالۆری وزەی تێدا بێت، ئەمەش بە ئاسانی ئەگەری تووشبوون بەم نەخۆشییانە زیاتر دەكات:

زیادبوونی كێشی لەش و قەڵەوی، رەقبوونی خوێنبەرەكان، بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، نەخۆشیی شەكرە/ جۆری دووەم، هەندێك جۆری شێرپەنجە.

لە چەندین لێكۆڵینەوەدا هاتووە كە خواردنی تەنانەت یەك ژەمی خۆراكی خێرا لە هەفتەیەكدا پەیوەندی بە زیادبوونی كێشی لەش و قەڵەوییەوە هەیە.

گەلێك جۆری خۆراكی خێرا وەكو هامبرگر بڕی زیادی خوێ لەخۆدەگرن، ئەمەش ئەگەری تووشبوون بە بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن زیاد دەكات.

رەقبوونی خوێنبەرەكان Atherosclerosisگرفتێكی تری پەیوەستە بە خۆراكی خێرا لەبەر رێژەی بەرزی كۆلیستیرۆل و چەورییە تێرەكان و چەورییە نێوەندەكان لە خۆراكی خێرادا، رەقبوونی خوێنبەرەكان واتە تەسكبوونەوەی خوێنبەر و كەمبوونەوەی گەیشتنی ئۆكسجین، هەندێك جاریش گیرانی تەواوی خوێنبەر كە هۆكارە بۆ جەڵتە یان نۆرەی دڵ.

خۆراكی خێرا بە شێوەیەكی ناڕاستەوخۆ لە رێگای زیادبوونی كێشی لەش و بەرزبوونەوەی ئاستی شەكری خوێنەوە ئەگەری نەخۆشیی شەكرە زیاد دەكات، هەروەها ناڕاستەوخۆ ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجە زیاد دەكات بەتایبەتی شێرپەنجەی كۆڵۆن، گورچیلە، كیسی زراو.

Back to top button