له‌ ئێران پۆسته‌ری كاندیدانی شیعه‌ بۆ په‌رله‌مانی عێراق هه‌ڵواسراون

بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق رۆژ له‌ دوای ڕۆژ گه‌رم گوڕتر ده‌بێت ، هه‌ندێك لایه‌نی سیاسی كوردی هه‌رله‌ ئێستاوه‌ سه‌نگه‌ریان له‌ كوردایه‌تی گرتووه‌و عێراقچێتی خۆیان ڕاگه‌یاندووه‌ ، له‌شه‌قامی عه‌ره‌بیش بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن سنورو جوگرافیای عێراق تێده‌په‌رێنێت و ده‌گاته‌ شاری ئەسفەهانی ئێران.

به‌شێك له‌ سه‌ركرده‌ شیعه‌كان تابلۆی بانگه‌شه‌كانیان ده‌گاته‌ شه‌قامه‌كانی ئه‌سفه‌هان ، به‌مانایه‌كی تر ئه‌وه‌ش جۆرێكه‌ له‌ ده‌ستێوه‌ردانی كۆماری ئیسلامی ئێران له‌ بانگه‌شه‌كانی هه‌ڵبژاردن بۆ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق كه‌ بریاره‌ هه‌فته‌یه‌كی تر ئه‌نجام بدرێت .

شه‌قامی زه‌ینه‌بیه‌ی شاری ئه‌سفه‌هان به‌ پۆسته‌رو تابلۆی هه‌ریه‌ك له‌ ( حه‌یده‌ر عه‌بادی و نوری مالیكی ) ڕازێنراوه‌ته‌وه‌ ، هاوكات سه‌ركرده‌ شیعه‌كان چاویان له‌ فه‌توای مه‌رجه‌عه‌كانی شیعه‌یه‌ كه‌ ته‌رازوی سه‌ركه‌وتن به‌لایه‌كدا بخات ، جگه‌له‌وه‌ی به‌ هۆكاری مه‌زهه‌بی به‌شێك له‌ دانیشتوانی ئێران ڕه‌گه‌زنامه‌ی عێراقیان پێدراوه‌و دانیشتوی كۆماری ئیسلامی ئێرانن .

نزیکەی مانگێکە لە عێراق، بانگەشەی هەڵبژاردن دەستی پێکردووە، لە 12\5\2018، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەست پێ دەکات، زیاتر لە 7 هەزار کەس، کێبڕکێیانە، لەسەر 328 کورسی.

Back to top button