گۆڕان ترسی له‌ ده‌ستدانی ده‌نگه‌ نوستووه‌كانی هه‌یه‌

بەرپرسانی گۆڕان دوو دڵن لە چارەنوسی “دەنگە نوستووەكان”یان لە نێوان پارێزگاری لێكردن‌و بردنیان لەلایەن هاوپەیمانییەكەی بەرهەم ساڵحەوە، ئەوە لەكاتێكدایە وەك خۆیان دەڵێن، دڵنیان لەوەی لیستە نوێیەكان ناتوانن دەنگە جێگیرەكانی گۆڕان ببەن.

جیاوازیی ئەم هەڵبژاردنە بۆ گۆڕان تەنها ئەوەنییە نەوشیروان مستەفایان لە ناودا نییە، دروستبوونی چەند هێزێكی نوێ كە پێگەی جەماوەرییان لە سلێمانییەو گۆڕان لەو پارێزگایە دەنگی یەكەمی هەیە، یەكێكی دیكەیە لە جیاوازییە دیارەكانی ئەم هەڵبژاردنە بۆ گۆڕان.
لیستە نوێیەكانی هەرێم بۆ ئەم هەڵبژاردنە كە بەهەمانشێوەی گۆڕان پێگەی جەماوەرییان لە سلێمانی هەیە، بەرپرسانی گۆڕان ترسییان له‌ دەنگە نوستووەكانی گۆڕان كە لەناو یەكێتیدایه‌ مەبەستیان لەوەش دەنگی ئەو كەسانەیە كە خۆیان یەكێتین‌و لە دامودەزگا ئەمنیی‌و مەدەنییەكانی ئەو حزبەدان، بەڵام لە هەڵبژاردندا دەنگ بە گۆڕان دەدەن.

به‌ پێی زانیارییه‌كانی خواكوڕك ده‌نگه‌ نوستووه‌كان ژمارەیان 25 هەزار دەنگه‌ لەو ڕێژەیەش زۆرینەیان لەناو هێزەكانی پێشمەرگەن، ئەوانی دیكەش هێزەكانی سەربە وەزارەتی ناوخۆن،هێزە چەكدارو ئەمنییەكان، بەشێكن لە دەنگدەرانی تایبەت كە دوو ڕۆژ پێش دەنگدانی گشتی‌و لە 10ی ئەم مانگەدا دەنگ دەدەن بۆ پەرلەمانی عێراق.

Back to top button