خواكوڕك ..مامه‌ڵه‌ی كڕین و فرۆشتنی كارتی ده‌نگدان ئاشكرا ده‌كات
مامه‌ڵه‌ی كڕین و فرۆشتنی كارتی ده‌نگده‌ران، له هه‌ندێك ناوچه به تایبه‌ت له پارێزگای ئه‌نبار، بۆته بازرگانییه‌كی گه‌رمی ده‌ڵاڵ و به‌شێك له لیسته‌كان، سه‌رباری سزا تونده‌كانی كۆمسیۆن و ده‌سه‌ڵاتدارانی عیراق.
به‌پێی به‌دواداچونێكی مه‌یدانی (خواكوڕك) له پێش ده‌ستپێكردنی هه‌ڵمه‌تی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنه په‌رله‌مانییه‌كه‌ی 12ی ئایاری ئه‌مساڵه‌وه تائێستا، سه‌دان مامه‌ڵه‌ی كڕی و فرۆشتنی كارتی ده‌نگدانی هاوڵاتیان هه‌بووه، ئه‌وه‌ش به وته‌ی ئه‌و هاوڵاتییانه‌ی به پاره ده‌نگی خۆیان فرۆشتووه له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ی رێكخه‌ری مامه‌ڵه‌كه بوون.
چه‌ندین ناوچه‌ی پارێزگای ئه‌نبار، هاوشێوه‌ی به‌شێك له پارێزگاكانی تری عیراق له 2014 به دواوه كه‌وتنه ده‌ستی داعش و له كۆتایی ساڵی رابردودا، كۆتایی رێكخراوه‌كه له‌و سنوره راگه‌یه‌ندرا، به‌ڵام شه‌ڕ و توندوتیژییه‌كان بووه هۆی وێرانبونی كه‌رتی خزمه‌تگوزاری و نیشته‌جێبون.
محه‌مه‌د سه‌لمان، یه‌كێك له ده‌ڵاڵه‌كانی كڕین و فرۆشتنی كارتی ده‌نگدان، ده‌ڵێت رۆژانه لانیكه‌م 25 كارت ده‌كڕن و “رۆژی وا هه‌یه كه‌سێك 50 كارتم بۆ ده‌هێنێت كه هی خێزانێكن به هه‌موو نه‌وه‌كانیانه‌وه”، ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا مامه‌ڵه‌كه له ناوچه‌یه‌كه‌وه بۆ ناوچه‌یه‌كی تر ده‌گۆڕێت به‌ڵام زیاتر له ناوچه ههژارنشیهكاندا هه‌یه.
هاوڵاتیان و ئاواره‌كان به چه‌ند جۆرێك ده‌نگده‌ده‌ن، له سه‌ره‌كیترینیان كارتی بایۆمه‌ترییه كه وێنه و په‌نجه‌مۆری ده‌نگده‌ری له‌سه‌ره له‌گه‌ڵ كارتی كۆنی ئه‌لیكترۆنی، به‌بێ وێنه و په‌نجه‌مۆره، زیاتر مامه‌ڵه‌ی بازرگانی پێوه‌ده‌كرێت.
سه‌رباری سزا تونده‌كانی كۆمسیۆن و هۆشداری به‌رده‌وامی ده‌سه‌ڵاتدارانی دادوه‌ری و حكومی له‌باره‌ی مامه‌ڵه‌ی بازرگانی به كارتی ده‌نگدانه‌وه به‌ڵام هیچ رێكارێك به‌رانبه‌ر به‌و حاڵه‌تانه‌ی له ئه‌نبار تۆماركراون نه‌گیراونه‌ته‌به‌ر.
به‌پێی یاسای هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان، هه‌موو عیراقییه‌كان كه مه‌رجه‌كاتی تێدابێت مافی هه‌یه به‌شداری بكات له هه‌ڵبژاردن و به شێوه‌یه‌كی نهێنی و راسته‌وخۆ ده‌نگبدات، دهنگدانهكهیشی به نوێنه‌رایه‌تی نابێت و رێگه‌نادرێت كه‌سێكی تر له جێی ئه‌و ده‌نگبدات، به‌وه‌ش فرۆشتن كارت و به‌كارهێنانی له‌لایه‌ن كه‌سانه‌ی تره‌وه جگه له‌وه‌ی پێچه‌وانه‌ی یاسایه، وازهێنانی هاوڵاتییه له مافی خۆی.
له سه‌رتاسه‌ری عیراق، نزیكه‌ی حه‌وت هه‌زار كاندید له رێی 88 هاوپه‌یمانی و لیسته‌وه، چاویان له ده‌نگی زیاتر له 24 ملیۆن هاوڵاتییه بۆ به‌ده‌ستهێنانی 329 كورسی په‌رله‌مان.