قادری حاجی عەلی و ئیرهابی فیكری
زكرى مووسا
بەڕێز قادری حاجی عەلی كە قیادەیەكی حزبی تەغییرە لە دەستەوەاژەی ئیرهابی فكری ناراحەتە و پێیوایە كە خەڵك ترسی لە ڕەخنە هەیە و ڕەخنەگرتن لە گەندەڵی بە ئیرهابی فكری دەزانن. بەر لە هەموو شتێك ئەو بەڕێزە نابێ لەبیر بكات كە ئەوان خۆیان بەشێكن لە گەندەڵی و مەحروومكردنی دەڤەری سلێمانی. لەگەڵئەوەیشدا با وەك نەعامە خۆی لە بینینی ڕاستیەكان نەشارێتەوە. دەبێ لەوە تێبگەن لە كاری نۆساڵەی حزبەكەی چ كارەساتێك لە سلێمانی دروست بووە و چۆنچۆنی مرۆڤی كوردی لەو دەڤەرەدا هەڵتەكێندراوە. ئیرهابە فكرییەكەی ئەوان تەنیا ئەو كڵێشە بچووكە نییە كە لە ڕەخنەی مەدەنیدا بچووك بكرێتەوە بەڵكو ئیرهابی فكری تەوژمێكە بۆ شێواندنی ڕاستییەكان، خۆدزینەوەیە لە بەرپرسیارێتی، بەدێوكردنی ئەویتر و فریشتەكردنی خود لە هیچوخۆڕایی.
ئیرهابی فكری چوارچێوەیەكی هزری و كرداریی ئاراستەكراو و مونەزەمە، لەچەشنی فاشییەت و بەعس و داعشباوەڕی و نەژادپەرستی.
لەم ئیرهابە فكرییەدا میدیا و مەكینەكانی هۆنینەوەی درۆ و پڕۆپاگەندە و ژمارەیەك قەڵەم و عەقڵ كەوتوونەتە كار بۆ ئەوەی مانای ڕاستییەكان بشێوێنن.
كار لەسەر سپیكردنی ڕەش و ڕەشكردنی سپی دەكەن. لە ئیرهابی فكریدا دوو ڕەنگ هەیە ڕەنگی سێیەم نییە.
لە ئیرهابی فكریدا فەشەلی سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئابووری و كوولتووری و ئەخلاقی لایەنێك دەخرێتە ئەستۆی لایەنێكی تر كە دەستی لەو فەشەلەدا نەبووە.
لە ئیرهابی فكریدا ئەوەی پێچەوانە بیر بكاتەوە كۆیلە و ناپاك و خۆفرۆشە. بە ئاسانی سووكایەتی بە خەڵك دەكرێت، بە جنێو وەڵامی ڕكابەر دەدرێتەوە، تەخوین دەكرێت. لە ئیرهابی فكریدا پەیوەندیی نێوان تاكەكان دەشێوێت، مرۆڤەكان بەشێوەیەكی دیكە لە چەمكی ئازادی و نان و دیموكراسی و مرۆڤ دەگەیێنرێن.
لە ئیرهابی فكریدا مرۆڤ ناچار دەكرێت گرژ و هەڵچوو و توندوتیژ بێت و دژی ئازادیی خۆی بجەنگێت، مرۆڤ فێری زبرگۆیی دەبێت، تەنگەنەفەسە و جاهیل، وا دەزانێ حەقیقەت تەنیا لەنێو جانتاكەی ئەودا دەدۆزرێتەوە.
ئیرهابی فكری فكرێكی ڕێكخراوە بۆ دژایەتیكردنی مرۆڤ و سەربەستییەكەی. ئا ئەمە گلەیی خەڵك و چاودێرانە لە ئەدای حزبەكەیان و دەبێ قبووڵیشی بكەن كە مامەڵەیەكی خەراپیان لەگەڵ هزروهۆشی خەڵكی سلێمانیدا كردووە.