فازل میرانی : ئه‌گه‌ر 16ی ئۆكتۆبه‌ر نه‌بوایه‌ عێراق نه‌یده‌توانی بێته‌ ناو كه‌ركوك

 

ئه‌مرۆ دووشه‌ممه‌ 7ی ئایاری 2018 له‌ میانی هه‌ڵمه‌تی بانگه‌شه‌ی هه‌لبژاردن له‌ شارۆچكه‌ی سه‌یدسادق، فازڵ میرانی سكرتێری مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، له‌گوتارێكیدا تیشكی خسته‌ سه‌ر رووداوه‌كان 16ـی ئۆكتۆبه‌ر و گوتی: “دیپلۆماسیه‌تی پارتی توانی پیلانه‌كانی ناحه‌زان پووچه‌ڵ بكاته‌وه‌، ده‌توانرا له‌ شاری كه‌ركووك به‌رگری بكرێت؛ خه‌ڵكیش راستییه‌كانی 16ـی ئۆكتۆبه‌ری ساڵی رابردوو ده‌زانن و ناشاردرێنه‌وه‌.”

سكرتێری مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕاشیگه‌یاند:”چونكه‌ زۆر هێرش ده‌كرێته‌ سه‌ر پارتی و به‌ ناڕه‌وا تۆمه‌تبار ده‌كرێ، ناچارمان ده‌كه‌ن ئه‌و ڕاستیانه‌ بخه‌ینه‌ ڕوو كه‌ ئێمه‌ پێمان خۆش نییه‌؛ به‌ڵام هه‌مووان ده‌زانن و ڕووداوێكی هێنده‌ له‌مێژ نییه‌ تا له‌ بیر بكرێ”.

هه‌روه‌ها فازیڵ میرانی گوتیشی :” ئه‌گه‌ر خیانه‌ت نه‌بایه‌، حكوومه‌تی عێراق هه‌رگیز نه‌یده‌توانی كه‌ركووك بێته‌ ناو كه‌ركووكه‌وه‌. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی نه‌ دۆخی سیاسی و ئابووریی عێراق نه‌ هێزه‌ سه‌ربازییه‌كه‌ی هی ئه‌وه‌ نه‌بوون شه‌ڕی پێشمه‌رگه‌ بكه‌ن. ئه‌و دنگۆ و پاساوانه‌ بێمانا بوون كه‌ ده‌یانگوت، له‌شكرێكی زۆری وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌سكه‌نده‌ری مه‌كدۆنی به‌رێوه‌یه‌، ٤ هه‌زار تانك ئاماده‌ن بۆ شه‌ڕی پێشمه‌رگه‌، ئاخر نه‌ عێراق چوار هه‌زار تانكی هه‌یه‌ و، نه‌ ئه‌و قسه‌یه‌ش كه‌ تانكه‌كان ناشكێندرێن ڕاست ده‌رچوو. پێشمه‌رگه‌ی ئێمه‌ له‌ پردێ و سحێلا سه‌لماندی كه‌ هه‌ر به‌و چه‌كه‌ی ئه‌مه‌ریكا دابووی به‌ حه‌شد و ئێمه‌ كڕیبوومانه‌وه‌، تانكه‌كانیانمان شكاند، له‌شكره‌كه‌شمان شكاند. راستییه‌كه‌ی ده‌كرا ئه‌و به‌رگرییه‌ له‌ كه‌ركووكیش بكرێ.”

Back to top button