كاندیدێكی تری دهۆك لە لیستەكەی عەبادی كشایەوە
دوای ئهوه پێشتر له ههردوو پارێزگای دهۆك و ههولێر كاندیدهكانی لیستی نهسری عهبادی كشانهوه ئهمڕۆ كاندیدێكی كورد لەسەر پارێزگای دهۆك كشایەوە و عەبادی بە پشتگوێخستنی بانگەشەی هەڵبژاردن لە بادینان و دووری لە زەمینەی واقیعی ناوچەكە تۆمەتبار كرد.
شێركۆ عابد سەرمایەدار و خاوەنی كۆمپانیای B-planی بەریتانی لە كوردستان، كاندیدێكی لیستەكەی عەبادی بوو لە دهۆك، بەڵام ئەمڕۆ لە بەیاننامەیەكدا كشانەوەی خۆی لە لیستەكە راگەیاند، بڕیارەكەشی بۆ بێ ئومێدبوونی لە عەبادی گەڕاندووەتەوە.
شێركۆ عابد لە بەیاننامەكەیدا ئاماژەی بە مێژووی خۆی و بنەماڵەكەی داوە كە بەدرێژایی مێژوو هاوخەباتی بارزانی نەمر بوون، هەروەها پەیوەندی خۆیشی لەگەڵ عەبادی بۆ هاوڕێیەتی لە تاراوگە و یەكترناسینیان لە بەریتانیا گەڕاندووەتەوە، بەڵام ئاماژەی بەوە داوە كە لە ماوەی سێ مانگی رابردوودا بۆی دەركەوتووە ئەو شتانەی عەبادی بانگەشەیان بۆ دەكات، لەسەر زەمینی واقیعدا جێبەجێ ناكرێن.
سەرمایەدارەكە ئەوەشی نووسیوە كە بە كەسە نزیكەكانی عەبادی راگەیاندووە كە بڕیار و راسپاردنەكانی عەبادی جێبەجێ ناكرێن و ناگەنە شوێنی خۆیان، بەڵام وەك خۆی دەڵێ هیچ وەڵامێكی دەست نەكەوتووە لەلایەن عەبادییەوە.
دەشڵێ ئەگەر ئەمڕۆ لەم دۆخەدا عەبادی وەڵام نەداتەوە، ئەوا چۆن سبەی رۆژێ لەبارەی پرسەكانی جێبەجێكردنی سیستەمی فیدراڵی و دووركەوتنەوە لە بەكارهێنانی هەژموونی حزبی بەسەر حكوومەتدا، وەڵام دەداتەوە.
رەخنەی ئەوەشی لە عەبادی گرتووە كە لە رووی مادی و مەعنەوی و سیاسییشەوە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنەكانی لە بادینان پشتگوێ خستووە، دەشڵێ “ئەمەش وای كرد متمانەم بە عەبادی نەمێنێ و لە لیستەكەی پاشەكشە بكەم و بگەڕێموە شوێنی باوانی خۆم كە ژێر چەتری بارزانە”.
ئەمەش دوای ئەوە دێت كە پێش پێنج ڕۆژ، رەوشەن عەبدولسەلام کاندێکی ژن لە لیستی هاوپەیمانی نەسر لە پارێزگای دهۆک كشایەوە و چووە نێو لیستی پارتی.
رۆژی 12ی ئەم مانگە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەدەچێت.