مه‌سرور بارزانی: پێشمه‌رگه‌ ئه‌نفاڵچی نیه‌، ئه‌نفاڵچی به‌زێنه‌

مه‌سرور بارزانی له‌گوتارێكی دا له‌ چوارچێوه‌ی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌ زاخۆ بۆ لیستی 184 پارتی دیموكراتی كوردستان رایگه‌یاند، پێشمه‌رگه‌ ئه‌نفاڵچی نیه‌، به‌ڵكو ئه‌نفاڵچی به‌زێنه‌، هه‌روه‌ها راشی گه‌یاند”لە ١٢ی ئەم مانگەدا، دەچینە سەر سندووقەکانی دەنگدان بۆ دەستنیشانکردنی کاندیدانی ئێمە بۆ پەرلەمانی عێراق. ئەم هەڵبژاردنە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقە و پێویستە بزانن دەنگ بە کێ دەدەن و بۆچی دەنگ بەو کاندیدانە دەدەن. ئێمە هەموو دەزانین ئەوەی دەچێتە بەغدا دەبێ کەسێک بێت کە پارێزگاری لە مافی ئێوە و بەرگری لە مافی کوردستان بکات و نوێنەری ڕاستەقینەی دەنگی ئێوە بێت. بۆیە لەو باوەڕە دام خەڵکی دەڤەری زاخۆی خۆڕاگر، دەنگی خۆی بە لیستی شەهید و پێشمەرگە و پارێزگاری کوردستان و لیستی ١٨٤ی پارتی دیموکراتی کوردستان دەدات.

هه‌روه‌ها گوتیشی”ئێمە هەموو دەزانین، کە بە درێژایی مێژوو کورد چەندین شۆڕشی بۆ بەدەستهێنانی ماف و یەکسانی و ڕزگاریی میللەت و خاکی ئێمە کردووە. شۆڕش بۆ ئیمتیازات نەبووە، پێشمەرگە بۆ ئەوەی نەبووە کە ئەمڕۆ چاوی لە ئیمتیازات بێت لە پایتەختی هیچ وڵاتێکی دیکە، بەڵکوو بۆ مافی کورد و پارێزگاریکردن لە خاکی کوردستان بووە. بۆیە پێویستە هەموو بزانن کە دەبێ ئێمە بەرامبەر خوێنی ئەو شەهید و پێشمەرگانە وەفادار بین بەرامبەر خۆڕاگریی میللەتی ئێمە. دەبێ ئێمە وەفادار بین بەرامبەر ئەو خوێنەی شەهیدان داویانە و ئێمە ئەمڕۆ لێرە ئامادەین و داوا لە هەمووتان دەکەم، وەفادار بن بەرامبەر زەحمەتی پێشمەرگە و وەفادار بن بەرامبەر پارتی دیموکراتی کوردستان و دەنگ بە بەربژێرانی پارتی بدەن.

له‌گوتاره‌كه‌ی دا مه‌سرور بارزانی گوتیشی” ئێمە پێش ماوەیەک ڕیفراندۆممان کرد، بۆ ئەوەمان بوو کە دەنگی میللەتی کورد بگات بە هەموو دونیا و نیشانی بدەین کە میللەتی ئێمە چی دەوێت. ڕیفراندۆمی ئێمە سەرکەوت چونکە زیاتر لە ٩٢.٧٪ی خەڵکی کوردستان دەنگیان پێدا و ئەوانەی دەڵێن ڕیفراندۆم شکستی هێنا، خۆیان شکستیان هێنا. چونکە ڕیفراندۆم سەرکەوتنێکی مێژوویی بوو. زۆر هەوڵ درا ڕیفراندۆم نەکرێ، بەڵام کە هیچیان پێ نەکرا، هەموو هەوڵێکیان دا کە ئەنجامی ڕیفراندۆم لە کاتێکی نزیکدا بەدەست نێت. ڕیفراندۆم کرا و ڕاستە کۆسپ لەبەردەم جێبەجێکردنی ئەنجامی ڕیفراندۆم دروست کرا کە مەزنترین کۆسپ خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر بوو بەرامبەر دەنگی ئێوە کرا. ئێمە ئەو خیانەتە هیچ کاتێک لەبیر ناکەین. ئەمڕۆ ئەو ڕۆژەیە کە بە دەنگی خۆتان سزای ئەو کەسانە بدەن کە بەشدار بوون لەو خیانەتە و وەفادار بن بەرامبەر بەو پەیامەی میللەتی ئێمە دای و ئەو خوێنەی پێشمەرگە ڕشتی.

هه‌روه‌ها مه‌سرور بارزانی گوتیشی”هەوڵێکی زۆر هەیە کە ئەمڕۆ وەک بەرنامەی رابردووی ئەوان کە دەیانویست ڕیفراندۆم نەکرێ یان ئەنجامەکەی بەدی نەیەت، ئەمڕۆش هەوڵ دەدەن پارتی سەرکەوتن بەدەست نەهێنێت، بەڵام ئەمڕۆ ئەمە لەبەردەم دەنگی ئێوەیە و ئێوە دەتوانن دەنگی خۆتان بدەن و سەری پارتی چەندە بڵندە، بڵندتر ببێت.مەسرو

ئاماژه‌ی دا به‌وه‌ ئەو هەڵبژاردنە بۆ ئێمە تەحەدایە، چونکە زۆرن ئەوانەی دەیانەوێ مافی میللەتمان نێتە دەست، ئێمەش بە هەر ڕێگەیەک بێت، بەردەوام دەبین بۆ بەدەستهێنانی مافی میللەتی خۆمان. ئەمڕۆ بەو هەڵبژاردنە دەبێ ئەو نوێنەرانە هەڵبژێرین کە لە بەغدا لەسەر بنەما دەستوورییەکانی عێراق، پارێزگاری لە مافی دەستووری و نیشتمانیی ئێوە بکەن، ئەمڕۆ لە هەر کوێیەک بێت، ئێمە بەردەوام دەبین لە پارێزگاریکردن لە مافە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان. پشتیوانیی ئێوە و پشتیوانیی خوا و پشتیوانیی جەنابی سەرۆک، ئێمە بە هەموو ناحەزانی نیشان دەدەین کە پارتی یەکەمە و هەر یەکەم دەمێنێتەوە.

گوتیشی”ئێمە خاوەنی مێژووێکی پڕسەروەری و شەهیدان و ئەنفالانین، چ بستێک لە خاکی کوردستان نییە کە خوێنی شەهیدانی ئێوەی تێدا نەڕژابێت. ئەوانەی ئەمڕۆ دژایەتیی پارتی دەکەن، دەزانن تەنیا حزب کە بەردەوامە لەسەر بەرگریکردن لە مافە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان، پارتییە. چەندە ئەوان هەوڵدەدەن پارتی بشکێنن، هێندە ڕۆژ بەڕۆژ پارتی بەهێزتر دەبێت و لەم هەڵبژاردنەش بە پشتیوانیی ئێوە نیشانی هەمووانی دەدەین، هه‌روه‌ها ده‌شلێـ”ئەمڕۆ پارتی بە تەنیا نەبووەتە ئامانجی ناحەزانی کوردستان، زیاتر لە ١٠٠ ساڵە ئێمە بەردەوام لە خەبات داین، پاش شۆڕشی ئەیلوول و شۆڕشی گوڵان و بەدەستهێنانی فیدرالی و دروستکردنی پەرلەمان و حکوومەت و بەرگریکردن لە کیانی هەرێمی کوردستان و دواجار تێکشکاندنی داعش و دوایین جاریش، لە پردێ، مەخموور، تەلسقۆف و سحێلا، هەموو شایەتی ئەوەن کە ڕۆڵەی پارتی، خوشک و برایانی ئێوە و پێشمەرگەی پارتی چ قارەمانێتییەکیان کرد و هەتا پارتی مابێت، کیانی کوردستان دەمێنێت و بەردەوام دەبێت.

مه‌سرور بارزانی ده‌شلێـ”پارتی لە خەباتی خۆیدا بەردەوام دەبێت، خۆشی و ناخۆشی لەگەڵ ئێوەدایە و هیچکاتێک ئێوە جێناهێڵێت و سەرمان بە یەکەوە بڵندە. دەبێ بزانن کاتێک دوژمن محاوەلە دەکات پارتی بشکێنێت، دیارە هەموو ئامانجیان ئەوەیە کە خەونی ناحەزان بهێننە دی و کیانی کوردستان نەهێڵن و پارتی لاواز بکات، بەڵام ئێمە میللەتی خۆمان و جەماوەری خۆمان هەیە کە بەردەوام بەرگری لە پارتی دەکەن. ئەگەر لەبەر پارتی نەبا، ئەو کەسانەی کە ئەمڕۆ زمانی کوردی ڕەخنە لە دەسەڵات دەگرن و زماندرێژی دەکەن و تۆمەت و بوختان بۆ پارتی دەکەن، ئەگەر پارتی نەبا، هەمان کەس دەبووایە ئەمڕۆ بە زمانی عەرەبی ستران و هۆزان بۆ داگیرکەرانی کوردستان بگوتبا.

بارزانی هه‌روه‌ها گوتیشی”مێژوو نایەتە گۆڕین و ڕاستی نایەتە شاردنەوە و خیانەتی کەسیش ون نابێت. ئەوانەی ئەوڕۆ پێیان باش نییە باسی دەستکەوتیان بکەن، چونکە دەستکەوتیان نییە، بەڵێنی داهاتوو بە ئێوە دەدەن، چونکە هیچ شانازییەکیان نییە، بەڵام پارتی دیموکراتی کوردستان لە ڕۆژی دەستپێکردنی شۆڕشی خۆی تا ئەمڕۆ، بە خوێنی شەهیدانی ئێمە کە ئەم وڵاتەی پێ ئاودراوە، شانازییەکانی زۆرن. ئێمە وەک پارتی، هەڵگری ئاڵای مافی چارەنووسی گەلی کوردستانین. پارتی هەڵگری سەربەخۆیی کوردستانە و ئەو کەسانەی دژایەتیی سەربەخۆیی کوردستان دەکەن، دوو جۆرن، یان حاکمێکی ستەمکار و داگیرکەرن، یان کەسانێکن کە قەبوڵ دەکەن بە زەلیلی بژین و سەرشۆڕی قەبوڵ بکەن، ئێمە لەوانە نین و پارتی ژیانی سەربڵندی و ڕزگاریی کوردستانی مەبەستە.

مه‌سرور بارزانی ده‌شلێـ”خەڵکێک هەیە بێڕێزی بەرامبەر پێشمەرگە دەکات، لێرە لە جێگەی ئێوە هەمووان دەیڵێمەوە، پێشمەرگە قارەمانن و هەڵگری مافی چارەنووسن و پارێزگاری کوردستانن و پێشمەرگە ئەنفالچی نین و ئەنفالچی بەزێنن و دوژمن بەزێن و خۆفرۆش بەزێنن.

هه‌روه‌ها مه‌سرور بارزانی ده‌شلێـ”سەری ئێمە بە پێشمەرگە و کەسوکاری شەهیدان بڵندە و خۆمان بۆ پێشمەرگە دەچەمێنین. بۆ ئەوەی وەفاداریی خۆتان نیشانی شەهیدان و پێشمەرگەکانی خۆتان بدەن، ڕۆژی ١٢ی ئەم مانگە، بڕۆنە سەر سندووقەکانی دەنگدان و بە هەڵبژاردنی کاندیدانی خۆتان، وەڵامی ئەو ناحەزانە بدەنەوە کە بێڕێزی بەرامبەر پێشمەرگە و کەرامەتی ئەو میللەتە دەکەن، گوتیشی” لە ٢٠ی مانگی پێنج، تەمەنی پێشمەرگایەتیی جەنابی سەرۆکی ئێمە دەبێتە ٥٦ ساڵ، ئەوە ٥٦ ساڵە جەنابی سەرۆکی ئێمە پێشمەرگەیە و بەرگری لە مافە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانی ئێمە دەکەن و لە سەنگەرەکانی بەرگری لەگەڵ پێشمەرگە دەژی، ئەو کەسەی ئەمڕۆ داوای پشتیوانی و دەنگی ئێوە دەکەن، با ئەویش ٥٦ ڕۆژ بچێتە نێو سەنگەرەکانی پێشمەرگە. ئەو کەسەی زەحمەتیی پێشمەرگە و ئاگر و ئاسنی نەبینی بێت و لە خۆشی و ناخۆشیدا لەگەڵ ئێوە نەبێت، ئەمڕۆ هەق نییە داوای دەنگی ئێوە بکات و شایانی دەنگی ئێوە نییە، ده‌شلێـ”زۆر کەس هەن، لە کاتی خۆشی و کاتی دەستکەوتی دیاردا، دێن و بەڵێن دەدەن، قسەی خۆش دەکەن، بەڵام لە کاتی تەنگانە و شەڕ لەسەر کوردستان و کاتێک دوژمن پەلاماری کوردستانیان دا، من نەمبینین، لە کوێ بوون و بۆ ئەو ڕۆژە دەنگێک لە ئێوە نەدەهات؟

بارزانی هه‌روه‌ها گوتیشی” ئەوەی لە خۆشی و ناخۆشی لەگەڵتاندا نەبێت، ئەمڕۆ دەنگی ئێوە بڕیار لەسەر ئەو کەسانە و مێژوویان دەدات و دەنگ بەو کاندیدانە بدەن کە پەروەردەی ڕێبازی بارزانی و پارتی دیموکراتی کوردستان و دەنگ بە خوشک و برایانی خۆتان لە لیستی ١٨٤ی پارتی دیموکراتی کوردستان بدەن، هه‌روه‌ها ده‌شلێـ”لە پێناو یەکڕیزیی نەتەوەیی و نیشتمانی، زۆرجاران پارتیی خۆمان کردووەتە قوربانی، چونکە ئامانجی پارتی، خزمەتکردنی کوردستان و خەڵکی کوردستان بووە، بەڵام دیار بوو، زۆر کەس هەن کە وەفایان بەرامبەر ئەو هەموو زەحمەت و قوربانییانەی پارتی نەبوو، بۆیە ئەمڕۆ و لەمەودوا نابێ پارتی چیتر ببێتە قوربانی هیچ لایەنێک کە وەفایان بۆ پارتی نییە. دەستکەوتی پارتی بۆ خەڵکی پارتی و بۆ خەڵکی کوردستانن، ئەو خەڵکە وەفادارانەی کە پارتی ڕێز و ئیحترامی بۆیان هەیە و لەگەڵ پێشمەرگە لە سەنگەرەکان وەستان و لە بەرامبەر خیانەت وەستانەوە، لەگەڵ ئەوانەدا خوشک و براین و پێکەوە پارێزگاری لەم دەستکەوت و مافانەمان دەکەین.

جه‌ختی له‌وه‌ش كرده‌وه‌” زۆرجار پۆست و پلە هەبووە کە مافی پارتی بووە وەربگرێت، پارتی وەری نەگرتوە لە پێناو دەستکەوتی نیشتمانی، بەڵام لە ماوەی ڕۆشتوودا بۆمان دەرکەوت کە ئەو شوێنەی پارتی لێ نەبێت، کوردستانێکی بێ خاوەنە. ئەمڕۆ بە دەنگی ئێوە و پشتیوانیی ئێوە و پشتیوانیی خوا، ئێمە پێویستە سنوورێک بۆ ئەو بازرگانانە دابنێین کە بازرگانی بە مافی چارەنووسی میللەتی ئێمە دەکەن. ئەو بازرگانە سیاسییانەی لەپێناو دەستکەوتی خۆیانی حزبی و شەخسی، کوردستان و سەربەخۆییەکەی لەبیر دەکەن، دەبێ ئەمڕۆ بە دەنگی خۆمان سنوورێک بۆ ئەو بازرگانانە دابنێین، هه‌روه‌ها گوتیشی” ئەو بازرگانانە زۆر هەوڵیان دا بودجەی هەرێم ببڕن و کوردستان ببێتە دوو ئیدارە و پێشمەرگە نەمێنێت و بۆ ئەمەش لە ڕێی بەغداوە هەوڵیاندا فشار بخەنە سەر هەرێمی کوردستان تا ئەزموونەکەی شکست بهێنێت، بەڵام خۆڕاگری و بەرگریی ئێوە و پشتگیریی پێشمەرگە و پشتیوانیی خوا، هەموو پیلانەکانیان و هەوڵەکانیان پووچەڵ کرایەوە و بە پشتیوانیی خوا وەناکەین هیچ پیلانێکی ئەوانە دژی هەرێمی کوردستان سەرکەوێت.

هه‌روه‌ها مه‌سرور بارزانی ده‌شلێـ”خەڵکی کوردستان خاوەنی ئەخلاقێکی بەرزە، زۆر هەوڵ درا بۆ ئەوەی ئەو بەهایەی لەناو کوردستان هەیە، لەناو ببێ و تێک بشکێندرێت، پارتی سەروەر بوو کە ئەو قیەم و ئەخلاقی کوردایەتییە بمینێت و ڕێگە نادەین هیچ لایەنێک ئەو قیەم و ئەخلاقە بەرزەی کوردستان تێک بدات. پارتی دەسەڵات بێت دەبێ ئارامی هەبێت، پارتی دەسەڵات بێت، ئارامی دەبێت، پارتی دەسەڵات بێت، کوردستان دەبێت، هه‌روه‌ها گوتیشی” ئەگەر سەیر بکەن، ئەمڕۆ کوردستان ئێمە ناڵێین کەموکوڕی نییە، بەڵام بەراوردی دۆخی خۆتان لەگەڵ شار و پارێزگاکانی عێراق بکەن، ئایا ئەوانەی داوا دەکەن کوردستان بخاتە سەر خۆی، بۆ ئەوەیانە کوردستان وەک ئەوانی لێ بێت، یان داوای سەربڵندی و سەرکەوتنی کوردستان دەکات. دڵنیا بن ئەو بەرەیەی پارتی تێیدایە، بەرەی سەرکەوتنی کوردستانە. داوا مان لە ئێوە هەیە کە ڕۆژی هەڵبژاردندا ئێوە ئەمەتان لەبیر بێت کە ئەو دەنگدانە چارەنووسی ئێوە دیاری دەکات و لەبیرتان بێت کێ بەرگری لە ئێوە کردووە و خوێن ڕشتووە و کێ زەحمەتی کێشاوە و کێ سیاسەتی کوردستانی بەو ئاستەی جیهان گەیاندووە کە ئەمڕۆ کوردستان لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا جێگەی ڕێزی هەمووانە، ده‌شلێـ”ئەمڕۆ لە کوردستان هیچ بەشێکی عێراق لە کوردستان پێشکەوتووتر نییە، بۆیە با کەس نەمانخەڵەتێنێت، ئێمە ڕێگە نادەین کوردستان ببێتە قوربانی چ لایەن و کەسێک، کوردستان بۆ ئێمە دایک و شەرەف و کەرامەتە، بۆیە پێمانباشە بۆ پاراستنی کوردستان خوێنی خۆشمان لەسەر دابنێین، بەردەوام دەبین.

بارزانی ده‌شلێـ”دەستووری عێراق دەستوورێکە ئەگەر جێبەجێ بکرایە، ڕەنگە زۆر لە مافە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانمان دەستەبەر بکرایە، بەڵام جێی داخە کە زۆر ماددەی دەستووری کە مافی خەڵکی کوردستانە، پێشێل کران و جێبەجێ نەکران. ئەمڕۆ ئەرکی هەموو هەڤاڵان و کاندیدانی ئێمەیە، کاتێک دەچنە بەغدا، چەند شتێک هەن کە دەبێ پێداگری لێ بکەن. یەکێک لەوانە ماددەی ١٤٠ە کە ئەو بەشەی کوردستانە کە ئەمڕۆ داگیرکراوە کە لە ئەنجامی خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر داگیرکرا، بەڵام ئێمە لە ڕێگەی دەستوور و هەڤاڵانی خۆمان لە کاتێکدا دەچنە بەغدا، جارێکی دیکە ئەو ناوچانە لە شنگالەوە تا خانەقین دەبێ بە دەنگی ئێوە بگەڕێنەوە سەر کوردستان، گوتیشی “ماددەی ١٤٠ دیاری کردووە کە چۆن پێویستە ئەو ناوچە دابڕێندراوانە بگەڕێندرێنەوە، دەبووایە ساڵی ٢٠٠٧ جێبەجێ بکرێن، چونکە بەغدا نەیدەویست جێبەجێی بکات، بەڵام دەبێ بزانن، هەتا یەکێک لە ئێمە مابێت، ڕۆژێک لە ڕۆژان، ئێمە واز لە بستێکی خاکی کوردستان ناهێنین.

مه‌سرور بارزانی زیاتر ئاماژه‌ی به‌ ده‌ستور دا و گوتی” ماددەیەکی دەستووری هەیە کە باسی ئەوە دەکات چۆن قەرەبووی خەڵکی کوردستان بکرێتەوە کە بوونەتە قوربانیی ڕژێمی ڕووخاوی سەدامی پێشوو، نەک قەرەبووی میللەتمان نەکرایەوە، مافەکانیشمان پێ نەدرا، ٤٥٠٠ گوندمان وێرانن و ١٨٢ ئەنفالمان هەیە و کیمیاباران کراین، کوا بۆچی عێراق ئەو ماددەیە جێبەجێی ناکات؟ مادەی ١٣٢ی دەستووری عێراق دەڵێ (هەر زیانلێکەوتووێکی ئەو زوڵم و تەعەدایەی کاتی خۆی لێی کراوە، دەبێ قەرەبوو بکرێتەوە). بەپێی حیساباتی خەڵکی شارەزا، لە ساڵی ١٩٦٣ تا ٢٠٠٣، بڕی ٣٨٤ ملیار دۆلار زیان بە هەرێمی کوردستان گەیشتووە و پێویستە ئەمڕۆ ئەو هەڤاڵانەمان لە بەغدا بەوان بڵێت، ئێوە چۆن دەڵێن دەبێ جیانەبنەوە، پێویستە قەرەبووی هەموو زیانلێکەوتووانمان بکرێتەوە و خوێنی شەهیدانمان بدرێتەوە و حاکمی بەغدا کە وارسی دەسەڵاتە، بۆچی کاتێک چوون کوێت داگیر بکەن، لەژێر بەندێکی نێودەوڵەتی قەرەبووی کوێت دەکەنەوە، مافی ئەوانە قەرەبوو بکرێنەوە، بەڵام مافی میللەتی ئێمەشە قەرەبوو بکرێینەوە. ئێمە لەسەر هیچ مافێکی دەستووری خۆمان بێدەنگ ناکەین، ئەگینا پاشان با کەس گلەییمان لێ نەکات، چونکە قەبوڵ ناکەین ببینە پاشکۆی هیچ کەسێک، یان دەبێ یەکسان بین، یان دەبێ سەربەخۆ بین، هه‌روه‌ها گوتیشی” بانگەشەی هەڵبژاردن بەرەو کۆتایی دەچێت. ڕاستە هەندێک شت ڕاستین کە دەبێ بگوترێت تاوەکوو بەرچاوڕوونی هەبێ و بزانن دەنگی خۆتان ئەمانەتی کێ دەکەن و کاتی تەنگانە کێ بەرگریتان لێ دەکات و ئەوانە کێن کە جێی متمانەتانن تاوەکوو بچنە بەغدا بەرگری لە مافتان بکەن، چونکە حاکمی ئەسڵیی کوردستان ئێوەن و دەنگی ئێوەیە داهاتووی کوردستان دەستنیشان دەکات. ئەوەی ئێمە دەیڵێین، هەموو مەبەستی سەرۆکی ئێمە و پارتیی ئێمە، خزمەتکردنی ئێوەیە.

مه‌سرور بارزانی ده‌شلێـ”هەر بەبێ ئەوەش، کاتێک دەچنە بەغدا، جاری پێشووش گوتمان و ئێستاش داوا دەکەین، هەموو لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان ئەگەر ڕاستگۆن و بەڕاستیانە بۆ خزمەتی ئێوەن، دەبێ هەموو دەست لەیەک دەست نێن و بێن لەگەڵ پارتی، بەرگری لە مافی گەلی کوردستان بکەین و هەر مافێک کە دەبێ بۆ ئێوە بێت، بۆ ئێوە بگەڕێتەوە. هیوادەخوازم هەموو بێنە پێش و دەست لەناو دەست بنێن و پارێزگاری لە مافی کوردستان بکەن، له‌كۆتایی وتاره‌كه‌شی دا گوتی” دوایین قسەم ئەوەیە کە بەرەی بەرگری و پاراستنی کیانی کوردستان و بەرەی ئیرادەی میللەتی کورد، لە بەرامبەریدا بەرەیەک هەیە کە بۆ ئەوەیەتی کوردستان تەسلیم ببێت و تەنازول بکرێت، ئێمە وەکوو پارتی و خزمەتکاری ئێوە، لە بەرەی بەرگریکردن و سەربڵندی و خزمەتی کوردستان داین.

Back to top button