عه‌لی عه‌ونی : چه‌ند لایه‌نێك ئیرهابی فكری له‌ سلێمانی ده‌گوازنه‌وه‌ بۆ پایته‌ختی ئارامی و سه‌قامگیری

 

سه‌ركرده‌یه‌كی پارتی دیموكراتی كوردستان ده‌ڵێ، له‌دوای ئه‌وه‌ی جێگری سه‌رۆكی پارتی له‌ پارێزگای سلێمانی جه‌ختیكرده‌وه‌ كه‌ له‌ سنووری پارێزگاكه‌ ئیرهابی فكری له‌ دژی پارتی بوونی هه‌یه‌، چه‌ند لایه‌نێك هه‌وڵی گواستنه‌وه‌ی ئیرهابی فكری له‌ سلێمانییه‌وه‌ بۆ پارێزگای هه‌ولێر ده‌ده‌ن.

عه‌لی عه‌ونی ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایگەیاند: “چه‌ند لایه‌نێكی سیاسیی كورد له‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌دان كه‌ ئه‌و ئیرهابه‌ فكرییه‌ی كه‌ له‌ سنووری پارێزگای سلێمانی و زۆنی “ڕه‌نگاوڕه‌نگ” هه‌یه‌ بیگوازنه‌وه‌ بۆ پارێزگای هه‌ولێر و چه‌ند ناوچه‌یه‌كی دیكه‌ ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه‌ی بڵێن له‌ سنووری ده‌سه‌ڵاتی پارتییش ئیرهابی فكری هه‌یه‌”.

هەروەها ئه‌و ئه‌ندامه‌ی سه‌ركردایه‌تی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕاشیگەیاند: “هه‌رچه‌نده‌ پێشووتریش ئه‌و هه‌وڵه‌ هه‌بووه‌ به‌ڵام له‌دوای قسه‌كانی نێچیرڤان بارزانی جێگری سه‌رۆكی پارتی كه‌ له‌ كه‌رنه‌ڤاڵه‌كه‌ی لە پارێزگای سلێمانی كردی و گوتی ئیرهابی فكری له‌ سنووری پارێزگای سلێمانی هه‌یه‌، هه‌وڵه‌كان چڕتربوونه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ پێموایه‌ ڕووداوی هێرشكردنه‌ سه‌ر ڕابوون مه‌عروف-یش هه‌ر خۆیان كردوویانه‌ و له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌و هه‌وڵانه‌یه‌”.

عه‌لی عه‌ونی گوتیشی :كه‌ هه‌وڵی ئه‌و لایه‌نانه‌ له‌و ناوچانه‌ی كه‌ پارتی لێیان باڵاده‌سته‌ شكست ده‌هێنێت و هیچ ئه‌نجامێكی نابێت.

Back to top button