شاخه‌وان عه‌بدولا :گروپی 16ی ئۆكتۆبه‌ر كه‌ركوكیان راده‌ستی حه‌شد كرد بۆ ئه‌وه‌ی نه‌وتی كه‌ركوك بچێته‌ قووتی ئێرانه‌وه‌

 

نه‌وتی كه‌ركووك له‌لایه‌ن فه‌رمانده‌كانی حه‌شدی شه‌عبیی به‌ تانكه‌ر ده‌فرۆشرێته‌ ئیران ،ئه‌ندامێكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقیش ده‌ڵێت :گروپی خیانه‌تكاری 16ی ئۆكتۆبه‌ر كه‌ركوكیان ڕاده‌ستی حه‌شدی شه‌عبی كرد بۆ ئه‌وه‌ی نه‌وتی كه‌ركوك بچێته‌ قووتی ئێرانه‌وه‌ .

شاخه‌وان عه‌بدوڵڵا، په‌رله‌مانتاری عێراق لە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند: “ئەوانەی كەركووكیان رادەستی حەشدی شەعبی كرد، ئێستا ھەموو ھیچچان بە دەستەوە نەماوە لە شارەكە، پۆستی پارێزگار و بەڕێوەبەری پۆلیس و بەڕێوەبەری تەندروستی و چەند پۆستێكی دیكە ھەموویان لێوەرگیراوەتەوە، ئێستا ئەو بەشە نەوتەشیان نەما كە پێیان دەدرا، بەڵكو تەنھا رۆڵی دەڵاڵیان بۆ ماوەتەوە، بەپێی ئەو بەڵگانەی لەبەر دەستی مندایە رۆژانە ھەر فەرماندەیەكی حەشدی شەعبی لە كەركووك نزیكەی 50 تەنكەر نەوت رەوانەی ئێران دەكات”.

ئه‌و ئه‌ندامه‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ڕاشیگه‌یاند:”ئەگەر یەكێتی داگیركاری كەركووك رەتبكاتەوە و بێتە پاڵ پارتی، لە ماوەی یەك مانگدا ھیچ ھێزێكی عێراق ناتوانن لە بەشی باشووری كەركووك بمێننەوە، كە لە ساڵی 2014 پێشمەرگەی لێبووە”.

لای خۆشیه‌وه‌ رێبوار تاڵه‌بانی، سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای كه‌ركووك دەڵێت: “لە دوای 16 ئۆكتۆبەرەوە بێسەروبەرییەك لە كەركووك دروست بووە، وەزارەتی نەوتی عێراق لەوە بەرپرسە كە چۆن ئەو نەوتە بەرھەم دەھێندرێ و بە كوێ و لە كام رێگاوە دەفرۆشرێت”.

Back to top button