هۆشیار زێباری، پارتی یه‌كه‌می سه‌ر كوردستانه‌

ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی هۆشیار زێباری له‌میانی دیمانه‌یه‌كی له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی رووداو، ده‌لێـ”بەپێی ئەو ئەنجامە بەراییانەی دەست ئێمە کەوتووە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان پارتی پلەی یەکەمی بەدەستهێناوە، دەشڵێت دوای راگەیاندنی ئەنجامی فەرمی یەکەم هەنگاومان دەبێت رێکخستنەوەی نێوماڵی خۆمان بێت، پێیوایە پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو زۆری پێدەچێت، بەهۆی ئەوەی رێژەی دەنگی هێزە سیاسییەکان لە یەکەوە نزیکە، هه‌روه‌ها ده‌شلێـ”لەبارەی دەنگی پارتی لە سنووری هەرێمی کوردستان رایگەیاند: “تاوەکو ئێستا بەشێوەیەکی فەرمی ئەنجامەکان رانەگەیێندراون، رەنگە پاش 24 کاژێری دیکە ئەنجامەکان رابگەیێندرێن دەبی چاوەڕوان بین، بەڵام بەپێی ئەو ئەنجامە بەراییانەی بە دەستی ئێمە گەیشتووە پارتی لە سەرتاسەری کوردستان یەکەمە و ئەنجامی باشی بەدەستهێناوە، لە دهۆک و هەولێر و موسڵ و هەندێک شوێنی دیکە، رێژەی دەنگەکان باشن، داوای سەرکەوتن بۆ هەموو هێزەکانی دیکەش دەخوازین”.

هۆشیار زێباری هه‌روه‌ها له‌باره‌ی ئه‌نجامه‌كانی پارێزگای سلێمانی راشی گه‌یاند”لەلایەن هەموو حیزبەکانەوە تانە لە ئەنجامی هەڵبژاردن لە سنووری پارێزگای سلێمانی و کەرکووک دراوە، ئەمەش وابزانم بە رێگای یاسایی لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکرێت لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵاوە، چاوەڕوانی ئەوەین ئەو بابەتەش بە زووترین کات یەکلاببێتەوە”.
 
لەسەر ئەو هەڵوێستەی مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کە پیرۆزبایی هەڵبژاردنی کرد و هیوای خواست پەلە لە پێکهێنانی حکومەت بکرێت و حکومەتەش لە هەموو لایەنەکان پێکبهێندرێت، هۆشیار زێباری، ئەمە بە شتێکی ئاسایی دەبینێت و دەڵێت: “ئەو وڵاتانە پێیانباشبوو هەڵبژاردن بکرێت لەکاتی خۆی، ئەوان تەئیدی پرۆسەکە دەکەن، کە بەبێ ئاژاوە و کێشەی گەورە بەڕێوەچوو، هەرچەندە رێژەی بەشداربوونی خەڵک کەمبووە، بەراورد بە هەڵبژاردنەکانی دیکە، ئەمەش بەڵگەیە لەسەر ئەوەی خەڵکێکی زۆر دەنگی نەداوە، ئەمەش لە مەشروعیەتی ئەو حکومەتەی لە داهاتوو پێکدەهێندرێت کەمدەکاتەوە، چونکە لەژێر 50%ـە، بەپێی ئەو ئامارانەی بڵاوکراونەتەوە وابزانم تاوەکو ئێستا 44%ـە، دەشڵێت: “بڕیاری پێکهێنانی حکومەتیش بەدەست ئەو کوتلە و قەوارە سیاسییانەیە کە پاش راگەیاندنی ئەنجامەکان دانووستان دەکەن لەسەر شێوەی پێکهێنانی حکومەت، چونکە تاوەکو ئێستا هێزێک زۆرینەی دەنگەکانی بەدەستنەهێناوە، بۆیە پێویستیان بە دروستکردنی هاوپەیمانی دەبێت، بۆ نموونە عەبادی ئەگەر 50 بۆ 60 کورسی بەدەستهێنابێت، پێیناکرێت بە تەنها حکومەت پێکبهێنێت، بۆیە دەبێت هاوپەیمانی لەگەڵ هێزی دیکە دروست بکات”.
 
سەبارەت بە چۆنییەتی پێکهاتەی حکومەتی داهاتوو، بە تێڕوانینی هۆشیار زێباری، ئەستەمە بتوانرێت سوننە و کورد پەراوێز بخرێت، تەنانەت لە لێدوانی بەرپرسانی دەرەوە داوای ئەوە دەکرێت حکومەتێکی هەمەلایەن پێکبهێندرێت، نەک حکومەتی زۆرینەی سیاسی، یان زۆرینەیەکی تائیفی، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کورد و سوننە بەشدار ببن، پەراوێزخستنیان جێگەی قبووڵکردن نییە.
 
هۆشیار زێباری پێشیوایە، لەبەر ئەوەی ئەنجامەکان لەیەکدی نزیکن، چەند کوتلەیەکی گەورە هەن نزیکی یەکن لە رێژەی کورسی، رەنگە کاتی پێویست بێت و وا بە زوویی حکومەتی تازە پێکنەهێندرێت، بە دڵنیاییەوە دوای مانگی رەمەزان و دوای جەژن دەست بە دانوستان و گفتوگۆی راستەقینە دەکرێت لەنێوان لیستە براوەکان لەسەر بەرنامەی حکومەت و دابەشکردنی پۆستەکان، بۆیە بە خەمڵاندنی من بێت کاتی پێویست دەبێت تاوەکو ئەو حکومەتە بێتەکایەوە.
 
سەبارەت بە هەنگاوی داهاتوویان لەدوای راگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی بە شێوەیەکی فەرمی، هۆشیار زێباری بە پێویستی دەزانێت “بە شێوەیەکی فەرمی پارتی داخلی دانوستاندن بێت لەگەڵ هێزە کوردستانییەکان، دەبێت یەکەمین هەنگاو ئەوەبێت نێوماڵی خۆمان رێکبخەینەوە، راستە هەڵبژاردن کراو کێبڕکێ و بانگەشەی هەڵبژاردن و موزایەدە هەبوو لەسەر یەکدی، بەڵام ئێستا ئەو قۆناخە تێپەڕی، بۆیە دەبێت بە شێوەیەکی ئاقڵانە و حەکیمانە بیربکەینەوە و دابنیشین کە چمان دەوێت بۆ بوونی کورد لە بەغدا، بەرنامەکە چییە؟ کێشە سەرەکییەکان دەستنیشان بکەین و لەسەر ئەوە رێکبکەوین”.
 
Back to top button