سەڵاحەدین بەهادین هاتە سەرخەت و دەلێت سنوری برایەتیتان بەزاند
خواكورك
لەروونكردنەوەیەكدا سەڵاحەدیم بەهادین لەبەرامبەر ئەو هێرشانە دەكرێتە سەر خۆی و حزبەكەی، لە یەكگرتووی ئیسلام لەمەر بەشداری كردنی لە شاندی هەرێم بۆ بەغدا دەلێت: لەم رۆژانەدا سەبارەت بەدید و خوێندنەوەی جیاواز لە بارەی سەردانی شاندی هەرێم بۆ بەغدا.. جەدەل و هەڵایەك دروست كراوە تارادەیەك سنوری برایەتی و هاوخەباتی بەزاند و هەندێ چەواشەكاریشی لێ كەوتەوە.
دهقى روونكردنهوهكه:
روونكردنەوەیەك لە نوسینگەی ئەمینداری گشتی یەكگرتوو بۆ رای گشتی كوردستان و رێكخستنەكانی یەكگرتوو ئیسلامی كوردستان بەداخەوە لەم رۆژانەدا سەبارەت بەدید و خوێندنەوەی جیاواز لە بارەی سەردانی شاندی هەرێم بۆ بەغدا.. جەدەل و هەڵایەك دروست كراوە تارادەیەك سنوری برایەتی و هاوخەباتی بەزاند و هەندێ چەواشەكاریشی لێ كەوتەوە..
ئێمە لە یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان وێرای رێزگرتن لە راوبۆچوون و دید و خوێندنەوە جیاوازەكان، هەموو سنور بەزاندن و پێشلكاریەكی بێ پاسا و رەتئەكەینەوە و داوا ئەكەین لە خەڵكی خۆراگری كوردستان بەگشتی و رێكخستن و راگەیاندن و چالاكوانانی یەكگرتوو بەتایبەت كە خۆیان بەدووربگرن لەو جۆرە پێشێلكاریە و بەناوی وەڵامدانەوەوە نەكەونە جوغزی مهاتەرات و سنوربەزاندن و، نەكەن پرۆسەی مافی داكۆكی كردن لە هەڵوێست و بریاری خۆیان بە ئەدەبیات و ئادابی ناپەسەند ناشرین بكەن بەڵكو دەبێ یەكگرتووانە خۆراگر و بروا بەخۆبوون بنوێنن و هەڵە بەهەڵە چارەسەرنەكەن..
هەروەها دەخوازین بەرێزانی تریش لەلایەنی سیاسی و رۆشنبیران لەم بابەتە و لە هەربابەتێكی جیاوازی تردا رەچاوی ئاداب و پرنسیپی رەخنە و خستنەرووی سەرنج و خوێندنەوەی جیاواز بكەن و پەراوێزێكی زۆرتر بۆ برایەتی و هاوخەباتی و هاوسەنگەری و هاو سێیەتی بەجێ بهێڵن. رووداوەكان دێن و دەرۆن . بەڵام پێكەوە ژیان و پێكەوەبوون تەواو نابێ ..
نوسینگەی ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان
2016/10/1