خــواكــوڕك …. ورده‌كاری هێرشه‌كه‌ی یه‌كێتی بۆسه‌ر مه‌كۆی سه‌ره‌كی گۆڕان بڵاوده‌كاته‌وه‌

مەكۆی سەرەكی گۆڕان دەوروبەری كاتژمێر 10ی شەوی 12ی ئەم مانگە درایەبەر گوللە بە چەكی جۆراوجۆر، بیناكە جگە لە ئەندامانی وەفدی كۆبوونەوەی گۆڕان، كۆمەڵ، هاوپەیمانی‌و یەكگرتوو، دەیان بەرپرسی باڵا‌و هەڵسوڕاوی گۆڕانی تێدابووە، تەقەكان بە جۆرێك بوون بە دەگمەن ژووری بیناكە هەیە كە ڕووی لە بەشی پێشەوەبێت‌و ئاسەواری گوللەی پێوەنەبێت.

كاتێك نوێنەرانی چوار حزب لە بینای مەكۆی سەرەكی گۆڕان لە گردی زەرگەتە لە گەرمەی كۆبوونەوەیەكی بەپەلەدابوون دەربارەی ڕەتكردنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردن، لەپڕ “سەدان فیشەك” نران بە بیناكەو ئەو ژوورەی كۆبوونەوەكەی تێدابوو.

شایه‌تحاڵێك بۆ “خواكوڕك” ڕوداوه‌كه‌ی به‌م شێوه‌یه‌ گێرایه‌وه‌ و گوتی :”بەشداربووانی كۆبوونەوەكە بەپەلە لە ژورەكە هاتنە دەرەوە‌و خۆیان دانەواند‌و گڵۆپەكانی ئەو نهۆمە كوژێنرانەوە، تەقەكان بەردەوام بوون، ئەوان‌و ئەو كەسانەی دیكەش كە لەناو بیناكەدابوون خۆیاندەدایە پاڵ دیوارو ئەو پایانەی دەرەوەی ژوورەكان كە فیشەك نەیدەگرتنەوە.”

شایه‌تحاڵه‌كه‌ی خواكوڕك گوتیشی :”شڵەژاوییەكی زۆر لەناو بیناكە دروست بوو، كارەبای هەموو بیناكە كوژێنرایەوە، تەقەكان دەوری 20 دەقە بە چڕیی بەردەوام بوون‌و دووجار گرمەی گەورەهات كە لەدەنگی تەقاندنی چەكی قورس دەچوو”

كێ سەرپەرشتی هێزەكەی دەكردو دۆخی دەرەوەی بیناكە چۆن بووە؟

هێزەكەی یەكێتی لە بەردەم دەرگای سەرەكی گردی زەرگەتە جێگیر بوبون، هەردوو ئاڕاستەی شەقامەكەی بەردەم گردەكەیان گرت بوو، ڕێگەی هاتووچۆی هیچ كەسێكیان نەدەدا نە بە ئۆتۆمبێل نە بە پیادە، گڵۆپەكانی سەر شەقامەكەش كوژابوونەوەو شەقامەكە تاریك بوو.

یەكێك لە پاسەوانەكانی گردی زەرگەتەكه‌ نه‌یویست ناوه‌كه‌ی ئاشكرا بكرێت به‌ خواكوڕكی ڕاگه‌یاند: :”بەچاوی خۆم لاهور جه‌نگیم بینی كە سەرپەرشتی هێزەكەی دەكردو خۆیشی دابەزیبوو چەكی بە دەستەوەبوو، جنێوی بە بەرپرسێكی باڵای گۆڕان دەدا” دوو شایەتحاڵی دیكەش هەمان زانیارییان پشتڕاست كردەوە.

سەرباری ئەو زیانە مادییەی بەر بینای مەكۆی سەرەكی گۆڕان كەوتووە، چەندین ئۆتۆمبێلی بەرپرس‌و هەڵسوڕاوانی گۆڕان گوللەیان بەركەوتووەو زیانیان پێگەیشتووە.

بۆچی هێرشكرایەسەر گۆڕان‌و یەكێتی چی دەویست؟
لەگەڵ كۆتاییهاتنی هەڵبژاردن‌و دەركەوتنی ئەنجامی بەرایی لە وێستگەكانی دەنگدان، دەستبەجێ گۆڕان‌و هاوپەیمانی‌و بەدوای ئەوانیشدا یەكگرتوو و كۆمەڵی ئیسلامی ئەنجامەكانیان ڕەتكردەوەو ڕایانگەیاند، سیستمی جیاكردنەوەو هەژماركردنی ئەلیكترۆنیی دەنگەكان “هاككراوە”و ئەنجامەكان “ساختەن” بۆ بەرژەوەندی یەكێتی.
بەدوای ئەوانیشدا جوڵانەوە نەوەی نوێ بەهەمانشێوە ئەنجامەكانی ڕەتكردەوە، پارتیش لە سلێمانی‌و هەڵەبجە هاوشێوەی ئەو حزبانە هەمان هەڵوێستی هەبوو.

خواكوڕك لەزاری سەرچاوەی ئاگادارەوە زانیویەتی، دوای ڕەتكردەوەی ئەو ئەنجامانە، چەند بەرپرسێكی باڵای یەكێتی پەیوەندییان بە بەرپرسانی باڵای گۆڕانەوە كردووەو توندوتیژی لە نێوانیاندا دروست بووە.

لای خۆشیه‌وه‌ جەعفەر شێخ مستەفا بەرپرسی یەكەی 70ی هێزی پێشمەرگە بۆ دەنگی ئەمەریكا دەڵێت”بزوتنەوەی گۆڕان پەلاماری سندوقەكانیاندا لەدوای تەواوبونی پڕۆسەی هەڵبژاردن، ئێمەش تا حەدی پاڕانەوە لێیان پاڕاینەوە بوەستن لەو كارە، بەڵام ئەوان بەردەوام بوون.”

به‌رپرسی یه‌كه‌ی 70ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ دەشڵێت” بەخوێنی شەهیدان خۆم و دوو پێشمەرگە و شۆفێرەكەم بوین كەچوینە گردەكە لای ئێمەوە هیچ تەقەیەك نەكراوە”

هه‌روه‌ها شێخ جەعفەر هێرشی تووند دەكاتەسەر قادری حاجی عەلی‌و باس لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنی نێوانیان دەكات پێشئەوەی بچێتە بەردەم گردەكە كە گرژیی لە پەیوەندییەكەدا دروست بووە، “كەوتینە قسەكردن تا گەیشتە ئەوەی تەحەدام بكات منیش پێم وت، لەكوێی؟ وتی: لەگردەكەم ئەگەر ئازای وەرە، منیش چووم، هەر كە گەیشتینە گردەكە بەبێ ئەوەی ئێمە هیچ بكەین وەك باران گولـلە باری بەسەرماندا، ئۆتۆمبێلەكەی خۆم پێنج گوللەی پێوەیە سێ گوللەی بەوشوێنەوەیە كە منی لێ دانیشتبووم، پێشمەرگەش لەو ناوە نزیك بوون هاتن.”

شێخ جەعفەر دەشڵێت”بەڕاستی من نەدەوەستام لەوێدا كە ئەوەم بینی، بەڵام كاك دلێری سەید مەجید تەلەفۆنی كرد تكای لێكردم بابەتەكە كۆتایی پێبێت، ئەوەندە بزانرێت من نە بۆشەڕ چووم نە بۆ تەقەكردن چوم، لەوێوە ڕۆیشتم بەڵام كە كاك قادری حاجی عەلی تەحەدای كردم، من چومە گردەكە ئەوە ڕوداوەكە وەك خۆی بێ زیاد و ڕەنگە كەمی هەبێت.”

Back to top button