مه‌كگۆرك سه‌ردانی هه‌ولێر ده‌كات و هه‌وڵه‌كانی بۆ پێكهێنانی حكومه‌تی داهاتوی عێراق خستۆته‌گه‌ڕ

ئەمڕۆ دووشەممە ڕۆژنامەی (ئەلشەرقول ئەوسەت)ی لەندەنی بڵاوی كردەوە ئەمریكا لە ڕێگەی برێت مەكگۆركەوە دەستی بە هەوڵەكانی بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق كردووە، لەمبارەوە ئەمڕۆ مەكگۆرك لە هەولێرەوە یەكەم هەنگاوی هەوڵەكانی نا.

لە كۆبوونەوەیەكدا، ئەمڕۆ برێت مه‌كگۆرگ نێرده‌ی تایبه‌تی سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا بۆ شه‌ڕی دژی داعش و دۆگلاس سیلیمان باڵیۆزی ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق لە هەولێر و نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، دۆخی عێراق و ئەنجامی هەڵبژاردنەكان و پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراقیان تاوتوێ كرد.

رۆژنامەكە نووسیویەتی “لەمڕۆ دووشەممەوە دەست بە نەخشاندنی شێوەی حكوومەتی نوێی عێراق دەكرێت. نێردەی سەرۆكی ئەمریكاش لەم رووەوە بەدوای پێكهێنانی حكوومەتەكەدا دەگەڕێ”.

هەروەها (ئەلشەرقول ئەوسەت) ئاماژەی بەوە داوە كە مەكگۆرك لە بەغداش هەوڵەكانی بۆ دەستپێكردنی وتوێژی پێكهێنانی حكوومەتی نوێ دەستپێكردووە، لەم رووەوە لەگەڵ ژمارەیەك سەركردەی عێراق كۆبوونەوەی دەبێت.

نێردەی سەرۆكی ئەمریكا دەیەوێ هەرچی بكرێ لە زووترین كاتدا حكوومەتی نوێ پێكبهێندرێ، بەپێی زانیاریی رۆژنامەكەش، ئەمریكا دەیەوێ پێكهاتەی حكوومەتی نوێ هەریەك لە حەیدەر عەبادی سەرۆكی لیستی نەسر، موقتەدا سەدر سەرۆكی لیستی سائیرون، عەمار حەكیم سەرۆكی لیستی حیكمە، ئەیاد عەللاوی سەرۆكی لیستی عێراقیە، لەگەڵ هەردوو لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان و لیستی قەراری سونەی عێراق لەخۆ بگرێت.

جێی باسە ئه‌مڕۆ نێچیرڤان بارزانی پێشوازی له‌ برێت مه‌كگۆرگ و دۆگلاس سیلیمان و شاندێكی دیپلۆماسیی یاوه‌ریان كرد. له‌ دیدارێكدا شاندی میوان ده‌ستخۆشییان له‌ خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان و عێراق كرد بۆ ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ دیموكراسیه‌ی ئه‌نجامیان دا،‌ به‌تایبه‌تی كه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان پێشوازییه‌كی زۆری لێكرا، به‌ پێویستیشیان زانی لایه‌نه‌ كوردستانییه‌كان به‌ یه‌كده‌نگ له‌گه‌ڵ هێزه‌ سیاسییه‌ براوه‌كانی دیكه‌ی هه‌ڵبژاردن ڕۆڵێكی كاریگه‌ریان له‌ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی عێراق هه‌بێت و په‌رله‌مانتاره‌كانیان جه‌خت له‌ مافه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان بكه‌نه‌وه‌.

Back to top button