ئه‌حمه‌د قه‌ده‌فه‌ری: دروستكردنی هێزی چه‌كدار له‌لایه‌ن گۆرانه‌وه‌ چاره‌نوسی له‌ داعش و ئه‌نسارولئیسلام باشتر نابێت

سه‌ركرده‌یه‌كی سه‌ربازی یه‌كێتی له‌سه‌ر پرسی دروستكردنی هێزی چه‌كدارله‌لایه‌ن گۆرانه‌وه‌ هۆشداری ده‌دات و ده‌ڵێت ” ئەگەر بزووتنەوەی گۆڕان ھێزی چەکدار دروست بکات، ھەمان چارەنووسی ئەنسارولئیسلامی دەبێت”.

جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی شارەزوری یەکێتی نیشتمانی کوردستان،ڕایگەیاند: ”پێشتر بزووتنەوەی گۆڕان دەیگوت، بەھیچ شێوەیەک لە سیستەمی دەنگدانی ئەلکترۆنیدا ساختەکاری ناکرێت، بەڵام ئێستا کاتێک دەنگەکانیان کەمی کردووە، گۆڕان، یەکێتیی نیشتمانی بەحزبێکی ساختەکار تۆمەتبار دەکات، لەکاتێکدا ئێمە باوەڕمان بە پڕۆسەی دیموکراسی ھەیە و ھەرگیز ئامادە نین، ساختەکاری بکەین“.

ئه‌حمه‌د قه‌ده‌فه‌ری ئەوەشی خستە ڕوو، کە پێشتر ھاووڵاتییانی شاری سلێمانی، لە ٧٦%ی دەنگی داوە، بەڵام ئەمجارە لە ٥٠% دەنگی داوە، ”ئەوانەشی کە دەنگیان نەداوە، ئەو خەڵکە ناڕازییە بوون کە پێشتر دەنگیان بە بزووتنەوەی گۆڕان داوە و وایان دەزانی ئەو بزووتنەوەیە فریادڕەسی خەڵکی کوردستان دەبێت ،به‌ڵام ئەمجارە بڕوایان بە کەس نەماوە و دەنگیان بەھیچ کەسێک نەداوە، بێگومان لەو نێوەندەدا ئێمە دەنگەکانی خۆمان ھێناوەتەوە“.

مەڵبەندی شارەزوری یەکێتی ڕاشیگه‌یاند:”بۆ دژایەتی یەکێتی نیشتمانی دروست بووە، بۆ ئەوە دروست نەبووە، خزمەتی خەڵکی کوردستان بکات ودواجار خەڵکی لە ھاش و ھوشەکەی گۆڕان بێزار بووە، بۆیە ئەمجارە خەڵکی دەنگی پێیان نەداوە، بەڵام ئەگەر ئەوان دەنگیان بھێنایە، ئاھەنگیان دەگێڕا و دەیانگوت، گەندەڵەکان دەنگیان نەھێناوە، دەریشکەوت بزووتنەوەی گۆڕان لە تەنگانەدا خەڵکی بەجێدەھێڵن، بۆ نموونە، ئەو کاتەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پێویستی بە کەسی بەھێز بوو خزمەت بکات، ئەوان دوای چوار ساڵ لە حکوومەت ھاتنە دەرەوە، دواتر خەڵکی ھیچ متمانەیەکی بە بزووتنەوەی گۆڕان نەما“.

قه‌ده‌فه‌ری هۆشداری ده‌داته‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆران له‌ دروستكردنی هێزی چه‌كدارو ده‌شڵێت : ”گۆڕان کارێکی خراپ دەکات ئەگەر ھێزی چەکدار دروست بکات، چونکە ئەوان خۆیان بە ھێزێکی مەدەنی دەزانن، دواجار دەبێ بزووتنەوەی گۆڕان، باش ئەوە بزانێ کە ھێزی چەکدار زۆر دروست بووە لە دژی یەکێتی، بۆ نموونە، ئەنسارولئیسلام دروست بوو، کۆمەڵی ئیسلامی ماوەیەک شەڕی لەگەڵ یەکێتی کردووە، ئەوانە ھەمووی شەڕیان لەگەڵ یەکێتی کردووە، دواجار دەرەنجامێکی خراپیان بینیوە، بۆیە ئەگەر بزووتنەوەی گۆڕان لە دژی یەکێتی ھێزی چەکدار دروست بکات، چارەنووسی لە چارەنووسی داعش و ئەنسارولئیسلام باشتر نابێت“.

Back to top button