عه‌تا شێخ حه‌سه‌ن: بێرێزی به‌ ئیراده‌ی خه‌ڵك و پرۆسه‌ی دیموكراسی كراوه‌

گوته‌بێژی پارتی له‌ سلێمانی گوتی :چه‌ندین به‌ڵگه‌مان له‌به‌رده‌ست هه‌یه‌ كه‌ ده‌ستكاریی ئه‌نجامه‌كانی ده‌نگدانی پارتی كراوه‌ و ئه‌وه‌ی ڕاگه‌یەندراوه‌ ده‌نگی پارتی نییه‌.

شێخ عه‌تا شێخ حه‌سه‌ن،گوته‌بێژی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تیی پارتی له‌ سلێمانی ڕایگه‌یاند: “هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ ئێمه‌ نه‌ك به‌ ئه‌نجامه‌كان ڕازی نه‌بووین، بگره‌ باسمان له‌وه‌ كردووه‌ قابیلی قبووڵ نییه‌ و ئه‌و ئه‌نجامانه‌ ده‌ستكاری كراون و جۆرێكه‌ له‌ دزیكردن و بێڕێزیكردن له ‌ئیراده‌ی خه‌ڵك و پرۆسه‌ی دیموكراسی و خه‌ڵك زۆر نیگه‌رانه‌ له ‌سیسته‌م و به‌ڕێوه‌بردنی ئیداره‌ له‌و سنووره‌ و جگه‌ له‌وه‌ش، خه‌ڵك به‌شدارییان كرد له ‌ده‌نگداندا، به‌ڵام ڕێز له‌ ده‌نگدان نه‌گیرا و ئه‌نجامه‌كان دزراون و چۆنیان ویستووه‌ به‌و شێوه‌یە كردوویانه‌ و سیسته‌مه‌كه‌یان ده‌ستكاری كردووه‌، بۆیه‌ ئێمه‌ هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای بانگه‌شه‌وه‌ ناڕازی بووین، چونكه‌ بانگه‌شه‌ی ئه‌وان به‌ زمانی زبری ڕاگه‌یاندن ده‌ستی پێ كرد و به ‌یه‌كترشكاندن و ڕێگرتن و ته‌قه‌كردن ده‌ستی پێ كرد و دواتر هه‌رچه‌نده‌ ده‌نگدان به ‌ئارامی بەڕێوه‌ چوو، كه‌ ڕێژه‌ی به‌شداریكردن كه‌م بوو، به‌ڵام له‌و ناوچانه‌ی جه‌ماوه‌ری پارتی لێ بوو ئه‌وان كێشه‌یان بۆ ئێمه‌ دروست كرد و ته‌قه‌یان به‌سه‌ر خه‌ڵكدا كرد و له‌ كادیری ئێمه‌یان دا و هەڕه‌شه‌یان له‌ كاندیدانی ئێمه‌ كرد و به‌ نامه‌ هه‌ڕه‌شه‌یان له ‌ده‌نگده‌ران كرد، كه‌ هاتینه‌ سه‌ر ئه‌نجامه‌كانیش به ‌ئاره‌زووی خۆیان ده‌ستكاریی ده‌نگدانیان كرد.”

گوته‌بێژی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تیی پارتی له‌سلێمانی ڕاشیگه‌یاند: “چه‌ندین به‌ڵگه‌مان له‌به‌رده‌ستدایه‌، له‌وانه‌ ڕێژه‌ی به‌شداریكردنی خه‌ڵك له ‌55% كه‌متر بووه‌ و ڕێژه‌ی به‌شداریكردنی هه‌ڤاڵانی ئێمه‌ زیاتر له‌90% بووە، به‌ڵام 50%ی ده‌نگی ئێمه‌ كه‌می كردووه‌ و جگه‌ له‌وه‌ش، له ‌یه‌كێك له ‌قوتابخانه‌كان له ‌سندووقێكی ده‌نگدان ته‌نیا یه‌ك ده‌نگی ئێمه‌ هه‌ژمار كراوه‌، به‌ڵام به‌ده‌ست هه‌ژمار كراوه‌ 39 ده‌نگی پارتی تێدا بووه‌، بۆیه‌ له‌ یه‌ك سندووقدا 38 ده‌نگی ئێمه‌ دزراوه‌ و كاندیدمان هه‌بووه‌ 400 كه‌س كاری بۆ كردووه‌، به‌ڵام ئه‌و ده‌نگانه‌ی نه‌هێناوه‌ و كاندیدیش هه‌یه‌ له ‌لیسته‌كانی دیكه‌ كه‌ خه‌ڵك هه‌ر نایناسێ و ده‌زانین بایی چه‌نده‌ و پێگه‌ی چۆنه‌ 50 بۆ 60هه‌زار ده‌نگیان هێناوه‌، ئه‌مانه‌ هه‌مووی به‌ڵگه‌ن كه‌ یاری به‌ ده‌نگه‌كان كراوه‌.”

عه‌تا شێخ حه‌سه‌ن ده‌ڵێت :” ئێمه‌ كه ‌داوامان كرد ده‌نگه‌كان به‌ده‌ست هه‌ژمار بكرێنه‌وه،‌ ئه‌وان هێزیان بۆ ناو بنكه‌كان نارد و به‌ هێز ڕێگرییان كرد و بریكاره‌كانی ئێمه‌شیان كرده‌ ده‌ره‌وه‌، بۆیه‌ ئێمه‌ هه‌موو پرۆسه‌كه‌ له ‌سنووری سلێمانی و هه‌ڵەبجه‌ و گه‌رمیان و ڕاپه‌رین به ‌پرۆسه‌یه‌كی دزراو ده‌زانین و ده‌نگی خه‌ڵكیش به‌غه‌درلێكراو ده‌زانین.”

Back to top button