بەریتانیا کۆدی روخانی رژێمی ئێرانی دایە ئەمەریکا..تورکیا خۆی خستە هەناوی بەریتانیا..کۆدەکە چییە؟

راپۆرتی شیكاری: ته‌نیا كوردی

بەریتانیا یەکێک لە پارێزگارە سەرسەختەکانی رژێمی ئێران بوو، هەروەک چۆن یەکێکیشە لە دامەزرێنەری عێراق، تەواوی بەرژەوەنی ئێران و بەریتانیا بۆ عێراق یەک هێڵی کارکردن بوو، بەشێوەیەکی گشتیی ئێستا سیاسەتی بەریتانیا لەبەردەم پەرلەمانی وڵاتەکەیان بەیان کرا، وەزیری دەروەی بەریتانیا بۆریس جۆنسن، کۆدێکی نهێنی دایە بەریتانیا و ئەمەریکا، کاتی گوتی “گۆڕینی رژێمی ئێران نزیکە، هەرچەند ئێمە کار بۆ ئەوە ناکەین بەڵام لە داهاتوویەکی نزیکدا ئەمە روودەدات”، بەڵام ئەو گوتی رەنگە گۆڕینەکە باش نەبێ کە قاسم سلێمانی بچێتە شوێنی ئایوتولاکان، تا ئێرە رەنگە زۆربەتان گوێتان لێبووبێ بەڵام کۆدەکە چییە؟

مەبەستی کۆدەکە بریتییە لە:
یەکەم: بەریتانیا رازییە کە رژێمی ئێران بگۆڕدرێ، بەڵام لەبەر ئەوەی کە بەرژەوەندی ئابووری لەگەڵ ئێران هەیە دەبێ ئەمەریکا گرەنتی ئەوەی پێبدات لەگەڵ دەسەڵاتی نوێی ئێران ئەو بەرژەوەندییە ئابوورییە بپارێزرێ، هاوشێوەی سەردەمی تۆنی بلێر کە بەریتانیا کۆدی نهێنی دایە ئەمەریکا بۆ رووخانی رژێمی عێراق، بەریتانیا بە هەمان شێوە رەزامەندی دا.

دووەم: بەریتانیا کە دەڵێ رەنگە سوپای قودس وەک قاسم سلێمانی بچێتە شویێنی ئایەتووڵڵاکان، مەبەستی بەریتانییە ئاگادارییەکە بۆ ئەمەریکا کە ئێران رەنگە سیناریۆیەکی پێشوەختەی هەبێ کە ئینقلابێک بکات و پێشوەختە بەرەی قودس دەست بەسەر ئێران بگرن و بە مەیش ئەم بەرەیە بە شێوەیەکی دیکە لەگەڵ ئەمەریکا قسەیان هەبێ بۆ ئەوەی رووداوەکان دوابحەن، مەبەستی بەریتانیا روونە کە هیچ نەبێ رووخانی رژێمی ئێران هاوشێوەی سیناریۆی ئێستای سووریا نەبێ کە درێژە بخایەنێت بۆ ئەوەی بە زوویی بەرژەوەندییە ئابوورییەکان بپارێزرێن.

سێیەم: مەبەستی بەریتانیا بریتییە لەوەی ئەگەر رژێم دەگۆڕێ با بە تەواوی بگۆڕێ نەوەک رێگە بۆ کەسانێکی دیکەی نزیک لەم ستایلە خۆشبکرێ، بەڵام بە مەرجی خوێندنەوەی بەریتانیا لە هاوکێشەکەدا و هێشتنەوەی تەواوی کۆمپانیاکانی بەریتانیا لە ئێران.

تورکیا خۆی رادەستی بەریتانیا کرد
دوای ئەوەی بەریتانیا کۆدی رووخانی رژێمی ئێرانی دایە ئەمەریکا و رەزامەندی نیشاندا، تورکیا بە خێرایی خۆی خستە باوەشی بەریتانیا، سەرەتا تورکیا بەرێگەی ئابووری لەگەڵی دەست پێکرد، ئێستا تورکیا دەڵێ لە ١٧ ملیارەو وەبەرهێنانی بەریتانیا بە زووی لە تورکیا بەرزدەکەینەوە بۆ ٢٠ ملیار، چونکە زەنگی رووخانی رژێمی ئێران گەیشتە گوێچکەی تورکیا و دەشزانێ ئەگەر بەریتانیا پارێزگاری لێ نەکات، ئەوا کاریگەرییەکان بۆسەر تورکیایش باش نابن و تورکیا دەکەوێتە بەر گوشارێکی زۆری ئابووریی و رەنگە بەرگەی قەیرانی ئابووریی نەگرێ.

لەگەڵ ئەم کۆدەی بەریتانیا بە زوویی قاسم سلێمانی خۆی گەیاندە بەغدا، ئێستا بە فەرمانی قاسم سلێمانی هادی عامری دەیەوێ خۆی لە هەولێر نزیکبکاتەوە، هەروەک چۆن سەدرییەکانیش ئەو کارە دەکەن و عەبادیش ئەو کارەی کردووە، چونکە ئێران دوو رێگەی لەبەردەمە یان لە عێراق و سووریادا دەست بە جەنگێکی راستەوخۆ دەکات و سەقامگیری ناوچەکە تێکدەدات بۆ ئەوەی رووداوەکان درەنگتر بگەنە نێو ئێران، یانیش بە شێوەیەکی سەقامگیری لە ناوچەکەدا خۆی دەهێڵێتەوە کە ئەمەیش بۆ ئەوەیە کە پاکجێکی سازشکردن بداتە ئەمەریکا، بەڵام لە هەردووجۆردا تازە ئێران ناتوانی خۆی کۆبکاتەوە، ئیدی کۆی گشتیی ئاماژەکان بەخێرایی بەرەو گۆشەگیربوونی ئێران لە رۆژهەڵاتی ناویندا دەچن و بەم نزیکانە رووداوی دیکەی خێرا وەک ئاماژەی گۆڕانکاری دەردەکەون.

Back to top button