عێراق ئاماده‌كاری بۆ سه‌رژمێری گشتی ده‌كات

سەرۆکی دەستەی گشتیی ئاماری ھەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد، کۆبوونەوەیەکی بەرفراوان لەسەر ئاستی عێراق بۆ خۆئامادەکردن بە مەستی ئەنجامدانی سەرژمێریی گشتی له‌ عێراق.

سیروان محەمەد، سەرۆکی دەستەی گشتیی ئاماری ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: “دوو هه‌فته‌ له‌مه‌وبه‌ر کۆبوونەوەیەکی بەرفراوان لەسەر ئاستی باڵا لە بەغدا ئەنجام درا و ھەرێمی کوردستانیش تێیدا بەشداری کردووه‌”.

سەرۆکی دەستەی گشتی ئاماری ھەرێمی کوردستان ڕاشیگەیاند: ” کۆبوونەوەکە لەبارەی ئەوە بوو کە ئایا لە ساڵی ٢٠٢٠دا دەکرێ سەرژمێریی گشتی ئەنجام بدەین و ھەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە، یان نا، پڕۆسەی سەرژمێریی گشتی، پڕۆسەیەکی گرنگە و ھەنگاوەکان ھێشتا لە سەرەتادایە، چونکە ھێشتا نە بودجەی بۆ تەرخان کراوە و نە پلانی بۆ داڕێژراوە، لەبەر ئەوە پێم وایە بەڕێوەبردنی سەرژمێریی گشتی ئامادەکاریی زۆری دەوێت.”

سه‌باره‌ت به‌ سنوری ناوچه‌ داگیركراوه‌كانی ماده‌ی 140ی ده‌ستوری هه‌میشه‌ی عێراق ،سیروان محه‌مه‌د سەرۆکی دەستەی گشتی ئاماری ھەرێمی کوردستان گوتی :” ڕاستە بە پێی دەستووری ھەمیشەییی عێراق یەکێک لە قۆناغەکانی جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ دوای ئاساییکردنەوەی ڕەوشی ئەو ناوچەیە و ڕاستکردنەوەی ڕەوشی دیموگرافییان پێویستە سەرژمێری ئەنجام بدرێت، بەداخەوە عێراق ڕێگر بوو لە ئەنجامدانی سەرژمێری لە کاتی خۆیدا، کە بڕیار بوو ساڵی ٢٠١٩ بەڕێوە بچێت، ھەروەھا لایەنەکانیش ئاستەنگیان خستە بەردەم جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراق”.

Back to top button