سۆسیالیست له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا بابه‌تی گفتوگۆكانی نێوان بارزانی و عه‌بادی ئاشكراده‌كات

خواكوڕك

حزبی سۆسیالست دیموکراتی کوردستان به‌یاننامه‌یه‌ك به‌ بۆنه‌ی سه‌ردانی وه‌فدی باڵای هه‌رێمی كوردستان بۆ به‌غدا بڵاوده‌كاته‌وه‌ و رایده‌گه‌یه‌نێت، مافی چارەنوسیی گەلەکەمان و کێشەی بودجە و موچەی فەرمانبەران و ئازادکردنی موسڵ و یاسای نەوت و گاز لەو تەوەرە گرنگانە بوون کە ‌شاندەکە گفتوگۆیان لە بارەوە کرد و (بغداد) بەسەرجەم پێکھاتە و لایەنە جیاوازەکانی لێک تیگەیشتنی باشیان ھەبوو.

ئەمەش دەقی ڕاگەیاندراوەکەیە:

جەماوەری خۆڕاگری کوردستان …

پێشمەرگە ‌قارەمانەکان ….

دوای ئەوەی ساڵانێکی زۆرە گەلانی عێراق لە دیکتاتۆریەت رزگاریان بوو قۆناغێکی نوێ دەستی پێکرد بە ئومێدی ئەوەی سەرجەم پێکھاتە و نەتەوەکان بە مافەرەواکانیان شادبن و عێراقێکی نوێ دروست بکرێت  تیایدا ھەمو نەتەوەکان شەریکی راستەقینەبن  لەو وڵاتەدا، بەڵام ئەوشەراکەتە وەک پێویست نەھاتەدی ئەوەش چەندین نەھامەتی وگرفتی بەدوای خۆیدا ھێنا وەک برینی بودجەی کوردستان و دروست بونی داعش و ململانی ناوخۆییەکان و ئاوارەبونی ھاووڵاتیان، کە گەلانی عێراق باجەکەیاندا، کوردستان لە دوای برینی بودجەکەی ژمارەیەکی زۆر ئاوارەی پێکھاتە جیاوازەکان روویان تێکردوو بوە بارگرانی، بۆیە  لەسەرداوای لایەنە سیاسیەکانی کوردستان، بە مەبەستی بەرەنگاربونەوەی داعش و کۆتایھێنانی وچارەسەرکردنی کێشەکان ، شاندێکی ھەرێمی کوردستان  بە سەرۆکایەتی بەرێز (مسعود بارزانی) و بەشداری زۆرینەی لایەنەسیاسیەکان ولە نێویاندا (حزبی سۆسیالست دیموکراتی کوردستان) سەردانی شاری (بغداد)یان کرد و چەندین دیداری تایبەت و بە کۆمەڵیان لەگەڵ سەرۆک وەزیران و لایەن و پێکھاتە جیاوازەکانی سونە و شیعە ئەنجام دا، کە گرنگی خۆی ھەبوو بە تایبەت دیداری تایبەتی ھەردوو بەرێزان (مسعود بارزانی) سەرۆکی ھەریمی کوردستان و بەرێز(حیدرعبادی ) سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق.

(حزبی سۆسیالست دیموکراتی کوردستان) بە گرنگیەوە دەروانێتە ئە م سەردانە کە بووە ھۆی تواندنەوەی ئەو بەستەڵەکەی لە نێوان (ھەولێر و بغداد) دروست بوو، چونکە (بغداد) وێستگەیەکی گرنگە بۆ بە دەستھێنانی مافی چارەنوسی گەلەکەمان،  لەم قۆناغەدا ھاوکاری و ھەماھەنگیی ھەردوولا بۆ بەرەنگاربونەوەی داعش و ڕزگارکردنی موسڵ  پێویستە، بۆیە مەسەلەی مافی چارەنوسیی گەلەکەمان و کێشەی بودجە و موچەی فەرمانبەران و ئازادکردنی موسڵ و یاسای نەوت و گاز لەو تەوەرە گرنگانە بوون کە ‌شاندەکە گفتوگۆیان لە بارەوە کرد و (بغداد) بەسەرجەم پێکھاتە و لایەنە جیاوازەکانی لێک تیگەیشتنی باشیان ھەبوو، سەرەرای ئەنجامدانی کۆبوونەوەی ھاوبەش لە نێوان بەرپرسانی ھێزە چەکدارەکانی عێراق و بەرپرسانی ھێزی چەکداریی ھەرێمی کوردستان بۆ ئامادەسازی بۆ ئازادکردنی موسڵ و دانانی پلانی سەربازی.

جەماوەری کوردستان ..

سەردانی شاندەکە بەو پێکھاتەیە وێستگەیەکی تری خەبات و تێکۆشانە  بۆ گەلەکەمان و ھەنگاونان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و کۆتایی ھێنان بە نەھامەتییەکان و قورسی باری بژێوی ھاووڵاتییان و بەدەستھێنانی مافە نیشتمانی و نەتەوەییەکان، کە تیایدا شاندەکەی کوردستان بە ڕاشکاوانە داوای مافی چارەنوس گەلی کوردیان کرد کە ‌پێشتر باسکردنیشی بە جۆرێک لە جۆرەکان قەدەغە بوو، ‌گفتوگۆی لە بارەوە کرا، بە جۆرێک کە عێراق بە شێوازێکی نوێ بەرێوەبچێت و شەراکەتی ڕاستەقینەی تیادا بەرجەست بێت یان ھەردوولا ببنە دوو دراوسێی و بە ئاشتی پێکەوە ‌لە ناوچەکەدا بژین، بۆ بەدواداچون ودۆزینەوەی میکانیزمی گونجاوبریاروایە چەندین لیژنەی ھاوبەش لە نێوان حکومەتی ھەرێم و بغداد کوببنەوە، دەرەنجامی کۆتای لای حکومەتی (بغداد)ە و کاریگەری دەبێت لە سەر ئایندەی عێراق، بۆیە جەماوەری کوردستان دڵنیا دەکەینەوە کە حزبی سۆسیالست دیموکراتی کوردستان ھەموو رێگایەک دەگرێتەبەر بۆ بەدەستھێنانی مافی گەلەکەمان و پێشمەرگە و دڵسۆزی گەلەکەمان دەبین بۆ کۆتایی ھێنان بە نەھامەتییەکان، ئومێدەوارین  ئە م سەردانە ببێتە ھۆی یەکڕیزیی زیاتر و سەرکەوتنی زیاتر بۆ گەلەکەمان و کۆتایی ھێنان بە کێشە و گرفتەکان.

– سەرکەوتوبێت خەباتی رەوای گەلەکەمان.

حزبی سۆسیالست دیموکراتی کوردستان

Back to top button